هه‌رچه‌نده خۆی زیاد له‌نیو سه‌ده‌یه له‌ژیاندا نه‌ماوه، به‌ڵام تا ئێستاش کتێبه‌کانی له‌جیهاندا نوێن‌و نه‌وه له‌دوای نه‌وه ده‌خوێنرێنەوەو لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت. لەماوەی رابردووش‌دا پەیتا پەیتا کتێبەکانی ئەلبێر کامۆی نوسەری فەڕەنسی دەکرێنە کوردیی.
ئا: رێنوار نه‌جم
ئه‌لبێر کامۆ، نوسه‌رو بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی، ژیانی خۆی له‌سه‌ختترین رۆژگاره‌کانی ئه‌وروپاو جیهاندا به‌سه‌ربرد. له46 ساڵی ته‌مه‌نیدا، دو جه‌نگی گه‌وره‌ی جیهانیی‌و چه‌ندان کاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره ڕایانچڵه‌کاند.
کتێبه‌کانی کامۆ ته‌نها له‌زێدی خۆی‌و به‌زمانی خۆی‌و له‌ئه‌وروپادا ره‌واجیان نییه، به‌ڵکو ئه‌وه‌تا له‌دۆخێکی پڕ له‌قه‌یراناویی ئێستای شوێنێکی چه‌په‌کی دونیا‌و پڕ شه‌ڕوشۆڕی وه‌ک کوردستاندا، کتێب له‌سه‌ر کتێبی وه‌رده‌گێردرێت‌و چاپ ده‌کرێته‌وه‌و خوێنه‌ران پێشوازیی گه‌رمی لێ ده‌که‌ن.
ئازاد به‌رزنجی، نوسه‌رو وه‌رگێڕ پێی وایه ئه‌لبێر کامۆ له‌چاو زۆربه‌ی زۆری نوسه‌رانی هاوسه‌رده‌می خۆیدا به‌ختی زیاتر بوه له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ رۆمان‌و هزرو کتێبه‌کانی، “نه‌ک هه‌ر له‌لای ئێمه بگره له‌ئه‌وروپاش خوێنه‌ری کامۆ زۆره، بۆ نمونه نوسه‌رێکی وه‌ک سارته‌ر که هاوڕێی بوه، کتێبه‌کانی که‌متر بره‌ویان هه‌یه له‌ناو خوێنه‌رانی فه‌ره‌نسیی‌و ئه‌وروپیشدا، به‌به‌راود به‌کامۆ که بره‌وی زیاتره”.
له‌باره‌ی هۆکاری ئه‌و به‌بره‌و‌ییه‌ی کتێب‌و هزری کامۆ، ئه‌و نوسه‌ره ده‌ڵێت “ئه‌وه وه‌ها لێکده‌درێته‌وه که کامۆ نوسه‌رێکی زیندوتربوه‌و ئه‌و روداوانه‌ی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کردون‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی شیکاری کردون له‌رۆمان‌و کتێبه‌کانیدا، کۆمه‌ڵێک بابه‌تی تازه‌ن‌و تا ئێستاش کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت. له‌وانه بێ مانایی ژیان، که جاری وا هه‌یه سه‌ره‌تا وه‌ک هه‌ستێک لای مرۆڤ دروست ده‌بێت، دواتر ده‌بێته دۆخێکی گشتگیر. هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی تیرۆر، که ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ده‌یبینین له‌دنیادا. جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر فه‌ردیه‌تی ئینسان، له‌سه‌ر که‌رامه‌ت‌و شکۆی مرۆڤ، که دیسانه‌وه ئێستا رۆژ به‌ڕۆژ شکۆی ئینسان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر‌و ئه‌فکاره کۆمه‌ڵییه‌کاندایه. ئه‌مانه به‌شێکن له‌و شتانه‌ی وایکردوه خوێنه‌ری ئه‌وروپی به‌رده‌وام بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌لبێر کامۆ به‌به‌راورد به‌چه‌ندین نوسه‌ری دیکه‌ی هاوسه‌رده‌می کامۆ”.
ئازاد به‌رزنجی زیاتر له‌باره‌ی کامۆوه ده‌دوێت‌و ده‌ڵیت “پێموایه کامۆ به‌و رۆشنبیرییه هه‌مه‌لایه‌ن‌و فره ڕه‌هه‌ندییه‌وه که هه‌یبوه، توانیویه‌تی خوێندنه‌وه‌یه‌کی قوڵ بۆ سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی بکات، به‌مه‌ش توانیویه‌تی خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئینسان وه‌ک بونه‌وه‌رێک بکات، دیسانه‌وه حاڵه‌ته‌کانی پوچیی‌و ڕوبه‌ڕوبو‌نه‌وه‌ی ئینسان له‌گه‌ڵیدا، هه‌روه‌ها یاخیبونی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌هه‌مو ئه‌و هێزو ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت سه‌رکوتی بکه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت بیسڕنه‌وه‌و وه‌ک ژماره‌یه‌ک سه‌یری بکه‌ن له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی‌و هێنانه‌دی ئایدۆلۆژیا‌و بۆچونه تۆتالیتاره‌کانی خۆیاندا به‌کاری بهێنن، دیسانه‌وه ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌وه‌ی کامۆ لێی ده‌ترسا ئه‌وه‌بو ئینسان ببێته قوربانیی ئایدۆلۆژیا تۆتالیتار‌و گه‌وره‌کان. ئه‌وه‌ش هاته دی”.
له‌ساڵانی حه‌فتاکان‌و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردودا، له‌ناو بژارده‌ی خوێنه‌واران‌و رۆشنبیرانی کورددا، خوێندنه‌وه‌یه‌کی زۆری کامۆو سه‌رسامبون هه‌بو به‌و نوسه‌ره. به‌شێکی زۆری ئه‌وانیش، کتێبه‌کانی ئه‌و نوسه‌ره فه‌ره‌نسییه‌یان به‌زمانی عه‌ره‌بی یاخود فارسیی ده‌خوێنده‌وه. به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، شه‌پۆلێک وه‌رگێڕان بۆ زۆرینه‌ی کتێبه‌کانی ئه‌لبێر کامۆ کران. له‌ئێستاشدا به‌شێکی زۆری کتێبه فکریی‌و ئه‌ده‌بیی‌و یاداشتییه‌کانی کامۆ له‌کتێبخانه کوردییه‌کاندا به‌زمانی کوردیی له‌به‌رده‌ستدان.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی تاکی کوردیی به‌هزرو کتێبه‌کانی کامۆوه، ئازاد به‌رزنجی که خۆی وه‌رگێڕی دو له‌کاره فکرییه گرنگه‌کانی ئه‌و نوسه‌ره‌یه، ده‌ڵێت “به‌نیسبه‌ت ئێمه‌وه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژویه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک نزیکی خۆمان، له‌هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردو، رژێمێکی تۆتالیتاری ده‌سه‌ڵاتی هه‌بو که هیچ مانایه‌کی بۆ بونی ئینسان نه‌هێشتبوه‌وه.، له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه ده‌بینین ئینسانی کورد روبه‌ڕوی جۆرێک له‌بێمانایی ده‌بێته‌وه به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ‌و کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رجی تازه‌وه که‌تێیدا به‌ها مرۆییه‌کان ون ده‌بن، که سیستمێک نییه به‌رگریی له‌و به‌هایانه بکات‌و هه‌ست به‌جۆرێک له‌فه‌وزاو ناڕێکی شته‌کان ده‌کرێت. له‌کاتێکدا مرۆڤی یاخی لای کامۆ بریتییه له‌و ئینسانه‌ی هه‌میشه به‌دوای جۆرێک له‌یه‌کبوندا ده‌گه‌ڕێت له‌ناو دنیا‌و گه‌ردوندا، به‌دوای دوا وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێت بۆ به‌شێک له‌و پرسیارانه‌ی که هه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ژیان‌و گه‌ردون. فکری کامۆ، فکرێکه به‌شێکی په‌یوه‌ندیی به‌پرسیاره دنیایی‌و واقعییه‌کانه‌وه هه‌یه، به‌شێکیشی یاخیبونێکه به‌رامبه‌ر به‌که‌ونێک که ئینسان به‌رامبه‌ری وه‌ڵامی چنگ ناکه‌وێت”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “پێم وایه ئینسانی هۆشیاری خۆمان، هه‌ست به‌جۆرێک له‌نائومێدی ده‌کات له‌باره‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و ئه‌و واقعه‌ی تێیدایه، دواجار هه‌ست ده‌کات ته‌نراوه به‌کۆمه‌ڵێک دیواری بێ مانا، ئه‌وه‌ی کامۆ ناوی ده‌نێت “دیواری پوچیی”، ئه‌و ئینسانه هه‌ست ده‌کات کۆمه‌ڵێک پرسیاری هه‌یه‌و پرسیاره‌کانی بێ وه‌ڵام ده‌مێننه‌وه، هه‌ست ده‌کات ئینسانێک چه‌ند ڕه‌نج‌و هه‌وڵ ده‌دات بگات به‌ئامانجێک یاخود مانایه‌ک، که به‌هۆیه‌وه پاساو بۆ بونی بهێنێته‌وه، به‌ڵام له‌ناو ئه‌م جه‌نجاڵیی‌و فه‌وزا سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی له‌م وڵاته‌ی خۆماندا هه‌یه، له‌لایه‌کی تره‌وه تیرۆر رۆژ به‌رۆژ په‌ره ده‌سه‌نێت، ئه‌مانه هه‌موی وا ده‌کات گه‌نجی ئێمه هه‌ست به‌جۆرێک له‌نائومێدی بکات‌و هه‌ست بکات ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌کانی له‌سه‌ر داخراون، بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و تروسکاییانه‌ی له‌ناو ناخی خۆیدا به‌دییان ده‌کات، ئه‌مه‌ش به‌شێکه له‌سیفاتی پاڵه‌وانی رۆمانه‌کانی ئه‌لبێر کامۆ”.
یه‌کێکی تر له‌و خاڵانه‌ی ئه‌و نوسه‌ره ئاماژه‌ی پێ ده‌دات له‌فکری کامۆدا، خستنه‌ژێر پرسیاری ئه‌خلاقییانه‌ی سیاسه‌ته، ” کامۆ به‌رده‌وام سیاسه‌تی خستوه‌ته‌وه ژێر پرسیاری ئه‌خلاقییه‌وه، ئایا سیاسه‌ت بۆی هه‌یه سنور ببه‌زێنێت”.
ئه‌لبێر کامۆ وه‌ک چۆن ژیانێکی هه‌مه‌ڕه‌نگی هه‌بوه جگه له‌نوسین، وه‌رزشی تۆپی پێ یه‌کێک له‌خولیاکانی بوه، له‌رۆژنامه‌کاندا وه‌ک رۆژنامه‌نوسێک کاری کردوه، خولیایه‌کی زۆری بۆ شانۆ هه‌بوه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا له‌نوسینیشدا له‌سه‌ر یه‌ک ژانر نه‌وه‌ستاوه، له‌ڕێی ئه‌فسانه مێژوییه‌کانه‌وه باسی له‌پوچیی ژیان کردوه، کتێبی فکریی‌و رۆمان‌و شانۆنامه‌و ستونی له‌رۆژنامه‌شدا نوسیوه.
له‌باره‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خوێنه‌ری کورد بۆ کامۆ، ئازاد به‌رزنجی ده‌ڵێت “له‌میانه‌ی ئه‌زمونی خۆمه‌وه، که دو کتێبی کامۆم کردوه به‌کوردی “ئه‌فسانه‌ی سیزیف”و “مرۆڤی یاخی”، که دو کتێبه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی فکری کامۆن، هه‌ستم کردوه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی باشی هه‌بوه له‌لایه‌ن خوێنه‌ری کورده‌وه. گه‌نجم بینیوه ته‌مه‌نێکی که‌می هه‌بوه، به‌ڵام سه‌رسامیی خۆی ده‌ربڕیوه به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤی یاخیی یاخود ئه‌فسانه‌ی سیزیف، هه‌روه‌ها ئه‌و رۆمانانه‌ی دیکه‌ی که هه‌ندێک هاوڕێی دیکه وه‌ریانگێڕاون”.
له‌باره‌ی کاری نوێی ئازاد به‌رزنجی له‌کتێبه‌کانی کامۆدا، رایگه‌یاند “ره‌نگه یه‌کێک له‌و کتێبانه‌ی کامۆ که له‌ئاینده‌دا حه‌ز بکه‌م بیکه‌مه کوردی، کتێبێکه که زۆربه‌ری خوێنه‌ری ئێمه ره‌نگه ئاشنا نه‌بێت پێی، ئاماده‌کردنی ئه‌و رۆمانه‌یه‌تی که له‌کوردیدا به”شه‌یتانه‌کان” ته‌رجه‌مه‌کراوه، بۆ شانۆنامه. یاخود هه‌ندێک له‌وتاره‌کانی بتوانم وه‌ریبگێرم‌و له‌کتێبێکدا بڵاوی بکه‌مه‌وه”.
ئه‌فسانه‌ی سیزیف
هه‌رچه‌نده کارێکی بچوکه، به‌ڵام یه‌کێکه له‌کتێبه گرنگه‌کانی ئه‌لبێر کامۆ که وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بۆ چونه ناو فه‌لسه‌فه‌ی پوچگه‌رایی داده‌نرێت. له‌دوای ئه‌وه‌یشه‌وه، “به‌رده‌که‌ی سیزیف” وه‌ک ئیدیۆمێک له‌ناو کوردیی‌و زمانه‌کانی دیکه‌دا وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بۆ بێهوده‌یی به‌کارده‌هێنرێت. ئه‌م کتێبه له‌لایه‌ن ئازاد به‌رزنجییه‌وه کراوه به‌کوردیی.
نامۆ
یه‌کێکه له‌رۆمانه گرنگه‌کانی ئه‌و نوسه‌ره‌و به‌شێک له‌بیرۆکه‌ی بێهوده‌یی ژیان له‌کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی رۆمانه‌که‌دا ره‌نگده‌داته‌وه. ئه‌م رۆمانه له‌ساڵی 1942 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر له‌فه‌ره‌نسی و حه‌مه که‌ریم عارف له‌فارسییه‌وه له‌دو کاتی جیاوازدا کراوه به‌کوردیی.
تاعون
رۆمانێکی به‌ناوبانگی کامۆیه‌و روداوه‌کانی له‌شارۆچکه‌یه‌کی جه‌زائیردا روده‌ده‌ن، به‌شێک له‌توێژه‌ران وای ده‌بین که ئه‌و شوێنه‌و ئه‌و نه‌خۆشیه‌ی تێدا بڵاو ده‌بێته‌وه، میتافۆرن بۆ شوێنێکی گه‌وره‌ترو روداوێکی مه‌زنتر. ئه‌م رۆمانه له‌لایه‌ن ره‌سوڵ سوڵتانییه‌وه وه‌رگێڕدراوه بۆ کوردیی.
یاداشته‌کان
کامۆش وه‌ک به‌شێکی زۆر له‌نوسه‌رانی دونیا یاداشته‌کانی نوسیونه‌ته‌وه‌و به‌چه‌ند به‌شێک له‌کاتی جیاوازدا بڵاوکراونه‌ته‌وه. به‌کوردییش له‌چه‌ند مانگی ڕابردودا له‌فارسییه‌وه له‌لایه‌ن پێشڕه‌و حسێنه‌وه وه‌رگێردراوه‌و له‌کتێبێکی چوار به‌رگیدا بڵاوکرایه‌وه.
مرۆڤی یاخی
گرنگترین کتێبی فکریی ئه‌لبێر کامۆیه‌و له‌ساڵی 1951 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و قه‌باره‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه. کامۆ له‌م کتێبه‌یدا باس له‌یاخی بون ده‌کات به‌شێوه‌یه‌کی قوڵ‌و مێژویی. ئه‌م کتێبه زیاد له‌جارێک به‌کوردیی کراوه، که دواهه‌مین جاریان به‌وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجییه.
گیلۆتین
کامۆ هه‌وڵده‌دات له‌م کتێبه‌دا ڕونی بکاته‌وه که بۆچی نابێت سزای له‌سێداره‌دان‌و سه‌رپه‌ڕاندن بمێنێت. کامۆ له‌م کتێبه‌دا وه‌ک لێکۆڵه‌رێک کار ده‌کات. ئه‌م کتێبه له‌لایه‌ن سامان عه‌لی حامد-ه‌وه کراوه به‌کوردیی.