
زمانی ئینگلیزی پێویستە بە تایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە كار لەسەر كۆمپیوتەر و ئینتەرنێتدا دەكەن كە ئەمەش دەروازەكەیەتی، هەرچەندە ئێستا بووەتە زمانی فەرمی ناردنی ئیمێل لە زۆربەی كۆمپانیاكانی جیهاندا.
تەنانەت بۆ ئەو قوتابیانەی كە بەدوای سەرچاوە زانستیەكاندا دەگەڕێن، زمانی ئینگلیزی مەرجی دەستكەوتنی باشترین جۆری زانست و زانیارییەكانە.
هەروەها ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بكەن، جا چ بە مەبەستی خۆشگوزەرانی بێت یان بۆ خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، زمانی ئینگلیزی ئەو زمانە هاوبەشەیە كە دەكرێت لەنێوان خەڵكی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بۆ لێكتێگەیشتن بەكار بهێنرێت.
چۆن فێری ئینگلیزی دەبیت؟
1. خوێندنەوە.
2. نووسین.
3. گوێ گرتن.
4. قسەكردن.
پێویستە ئەو كەسەی هەوڵی فێربوونی ئینگلیزی دەدات، هەوڵی خوێندنەوەی رۆژنامە و بابەتە نووسراوەكان بە زمانی ئینگلیزی بدات و دواتریش هەوڵی نووسینەوەیان بدات و گوێ لە قسەكان بگرێت لە رێگەی فیلم و تەلەفزیۆنەوە و هەوڵیش بدات لەگەڵ یەكێكدا قسەی پێ بكات.
باشتریش وایە رەچاوی ئەم خاڵانە بكەیت:
1- سەیركردنی فیلم و بەرنامە ئینگلیزییەكان بەبێ ژێرنووسی دیكە، بۆ ئەوەی بیر و هۆشت لەسەر ناوەڕۆكی قسەكردنەكە بێت و هەوڵی تێگەیشتنی بدەیت، هەرچەندە لە دەستپێكدا زەحمەتە، بەڵام دووبارە و سێبارە كردنەوەی ئەم شێوەیە زۆر ئاسان دەبێت و سوودی لێ وەردەگریت.
2. خوێندنەوەی چیرۆك و رۆمان بە زمانی ئینگلیزی یان ئەو پەرتووكانەی كە قەبارەی لاپەڕەكانیان زۆر نیە تاوەكو بێزار نەبیت و لێی تێبگەیت.
3. گۆێگرتن لە رادیۆ بە زمانی ئینگلیزی، رەنگە ئەمەش لە دەستپێكدا زۆر ئەستەم بێت و هیچی لێ تێنەگەیت، بەڵام ئەمەیان هاوكارییەكی باشت دەكات كە ئەو قسانەی گوێت لێبووە، زووتر فێری ببیت.
4. هەوڵ بدە هاوڕێیەك بۆ خۆت پەیدا بكەیت كە قسەی لەگەڵدا بكەیت رێگەی ئینتەرنێتەوە، بابەتێك هەڵبژێرە كە قسەی لەسەر بكەیت.
5. سەیركردنی رۆژنامە ئینگلیزییەكان و وەرگێڕانی ئەو بابەتانەی كە سەرنجت رادەكێشن بۆ سەر زمانی نووسینی خۆت، ڕەنگە ئەمە زۆر قورسیش بێت، بەڵام لێی رادێیت و فێری دەبیت، بەهۆی ئەمەشەوە فێری چەند وشەیەكی تازە دەبیت.
ئەگەر رەچاوی سەرجەم ئەم خاڵانە بكەیت، لە ماوەیەكی كەمدا قۆناخێكی گەورە لە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەبڕیت.