لاپەڕەی سەرەکی هەمەڕەنگهەواڵی هەمەڕەنگ کوردستان بەبێ ده‌نگی دەچێتە ساڵی نوێوە

کوردستان بەبێ ده‌نگی دەچێتە ساڵی نوێوە

0 تێبینییەکان 49 بینینەکان
2014هەرچەندە لەتەواوی جیهاندا ئاهەنگی گەورەو بۆنەی تایبەت لەپێشوازیی ساڵی نوێدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەئەمساڵدا لەهەرێمی کوردستان هیچ ئاهەنگ‌و بۆنەیەکی فەرمیی ئەنجام نادرێت‌و هۆکارەکەشی دۆخی کوردستانە کە لەجەنگدایە.
ئا: رێنوار نه‌جم
ساڵانی پێشو لەتەواوی مانگی کانونی یەکەمداو کۆتا مانگی ساڵ، لەشارە جیاوازەکانی کوردستان شەقامەکان دەڕازێنرانەوەو درەختی کریسمس دادەنراو چەندین لافیتەی ئاهەنگە تایبەتەکان بەشوێنە جیاوازەکاندا هەڵدەواسرا.

بەڵام لەئێستادا کە تەنها هه‌فته‌یه‌ك ماوە بۆ چونە ناو ساڵی نوێوە، هیچ یەکێک لەو کارانە نابینین‌و ئامادەکاریی نەکراوە بۆ پێشوازیی لەساڵی نوێ.

ئارام شوانی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بەئاوێنەی ڕاگەیاند، ئەوان وەک حکومەت‌و لایەنی فەرمی هیچ چالاکییەک بۆ جەژنی سەری ساڵ ئەنجام نادەن‌، هۆکارەکەشی جگە لەلایەنی دارایی، بارودۆخی دەرونی خەڵکی کوردستانە، کە ئێستا لەجەنگدایەو بەشێک لەماڵەکان شەهیدو برینداریان هەیە، “لەحاڵەتێکدا ئەگەر بودجەشمان هەبوایە، بەهۆی هۆکاری دوەمەوە هیچ چالاکییەکمان ئەنجام نەدەدا، وەک ڕێزێک بۆ شەهیدانی کوردستان”.

بەڕێوەبەرەکەی راگەیاندنی گەشتوگوازی سلێمانی ئەوەشی راگەیاند کە بەهۆی ئەو دۆخەوە ئەمساڵ زۆربەی چالاکییەکانیان وەستاندوە، “تا دۆخەکە هێمن نەبێتەوە هیچ چالاکییەک ئەنجام نادەین شێوەی ئاهەنگی هەبێت”.

ساڵانە لەشەوی سەری ساڵدا جگە لەلایەنی فەرمی، هونەرمەندان لەهۆڵە ئەهلییەکاندا ئاهەنگی تایبەتی خۆیان ئەنجامدەدا. لەئەمساڵدا بەهەمانشێوە ئەو ئاهەنگانەش ڕو لەکەمییەو کەمتر بەرچاو دەکەون، ئارام شوانی لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەوان تا ئێستا هیچ ڕێنماییەکیان بۆ ئەو مەبەستە دەرنەکردوە کە ئەو چالاکیانە قەدەغە بکرێن، بەڵام کۆبونەوەی لەسەردەکەن‌و بڕیاردەدەن لەبارەی ئەو ئاهەنگانەوە، “لەکاتێکیشدا ئەگەر راگەیاندرا، دەبێت بەشێوەیەکی بچوک بێت‌و ئاهەنگی گەورە سازنەکرێت”.

هەرێمی کوردستان ماوەی چەند مانگێکە بەدرێژایی زیاتر لە1050 کیلۆمەتر لەگەڵ چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) لەجەنگدایەو بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە تا سەرەتای مانگی کانونی یەکەم ژمارەی قوربانیانی ‌هێزەکانی پێشمەرگە 727 شەهیدو 3564 بریندارو 34 بێ سەروشوێنە.

سەرچاوە : ئاوێنە
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە