نوری کەریم:
“وەهمێک” لە نووسینی ڕیچارد داوکینز و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە نوری کەریم، بە قەبارەی 846 لاپەڕە و تیراژی دوو هەزار، لە کەرنەڤاڵی زستانەی ئەندێشە باڵاو کرایەوە.
“وههمێک” بهناوبانگترین بهرههمی زیندهوهرزان، پرۆفیسۆری زانکۆی ئوکسفۆردی بهریتانیا ڕیچارد داوکینزه. له ساڵی دهرچوونیدا، 2006 پڕفرۆشترین کتێبی جیهان بووه. تا سیی ئهیلوولی 2007، له ناو لیستی پڕفرۆشترین کتێبهکاندا بووه. تا تشرینی دووهمی 2007، تهنیا به زمانی ئینگلیزی یهک ملیۆن و نیو دانهی لێفرۆشراوه و بۆ سی و یهک زمانی تر وهرگێڕدراوه.
بۆ هەرچی زێتر ئاشنا بوونی خوێنەر، بەشێک لە پێشەکی نووسەر بۆ کتێبەکەی بڵاو دەکەمەوە:
کاتێک کە هاوسەرەکەم منداڵ بووە، ڕقی لە قوتابخانە بووە و حەزی کردووە، وازی لێبهێنێت. ساڵانێکی دواتر، کە تەمەنی چۆتە بیستەکانەوە، ئەم ڕاستییە ناخۆشەی بۆ دایکوباوکی باس کردووە و دایکی بهپهرێشانییهوه پێیوتووە: “باشە دڵەکەم، بۆچی نەهاتی بۆ لامان و پێمان بڵێیت؟” وەڵامی لالا، دەکەم بە ڕستەی سەرزمانم بۆ ئیمڕۆ: “بەڵام نەمدەزانی، کە دەتوانــــم.”
نــــەمدەزانی، کە دەتوانــــم.
پێموایە ــ یا چاکترە بڵێم دڵنیام ــ خەڵکانێکی زۆر هەن، کە لەناو ئاینێكدا پەروەردە بوون، پێیان خۆش نییە، باوەڕی پێناکەن یان نیگەرانن بەرامبەر بەو خراپەکارییانەی کە بەو ناوەوە دەکرێت؛ خەڵکانێک کە بە تاسەوەن ئاینی دایکوباوکیان جێبهێڵن و ئاواتیانە کە بتوانن، بەڵام نازانن کە ئەو جێهێشتنە تەنیا ههڵبژاردنێکه. ئــــەگەر تۆ یەکێکی لـــەوانە، ئەوا ئەم کتێبە بۆ تـۆیە. کە بۆ بەرزکردنەوەی هوشیاری نووسراوە ــ بەرزکردنەوەی هوشیاری بۆ ئەو ڕاستییەی کە بوون بە ئیثییست1، هەوڵێکی ڕاستبینی، ئازایەتی و پرشنگدارە. تـــۆ دەتوانی ببیت بە ئیثییستێکی دڵشاد، ڕێکوپێک، بەڕەوشت و ڕازیکەرێکی ڕووناکبیر. ئەوە یەکەم پەیامی بەرزکردنەوەی هوشیاری منـــە. هەروەها دەمەوێت لە سێ ڕێگای ترەوە، ئەم هوشیارییە بەرز بکەمەوە، کە دێمەوە سەریان.
لە کانوونی دووەمی 2006دا، لە کەناڵی چواری تەلەفیزیونی بەریتانیادا، بەرنامەیەکی بەڵگەمەندی دوو بەشیم پێشکەش کرد، بەناوی ڕیشەی هەموو بەدکارییەکان؟2 لە سەرەتاوە، حەزم لە ناونیشانەکەی نەبوو. ئاین سەرچاوەی هەموو خراپەکارییەکان نییە، لەبەرئەوەی هیچ شتێک ڕیشەی هەموو شتێک نییە. بەڵام خۆشم هات لەو ڕێکلامەی کە بۆ ئەو بەرنامەیە دروستکرا و لەناو ڕۆژنامە سەرتاسەرییەکاندا بڵاو کرایەوە. کە وێنەیەکی ئاسۆیی مانهاتان3 بوو لەگەڵ ئەم ڕوونکردنەوەیە، “جیهانێک بهێنە بەرچاوی خۆت، ئاین نەبێت.” پەیوەندی نێوانیان چی بوو؟ بـــورجی دووانەی ناوەندی بازرگانی جیهانی، ڕۆشن تێیدا دەرکەوتووبوو.
لەگەڵ جون لینون4، جیهانێک بهێنە بەرچاوی خۆت، ئاین نەبێت. جیهانێک بهێنە بەرچاوی خۆت، خۆکوژی بۆمبڕێژکراو نەبێت، یانزەی سپتەمبەر5 نەبێت، تەقینەوەکانی لەندەن6 نەبێت، جەنگی خاچی7 نەبێت، ڕاونانی جادووگەر نەبێت، پلانی باروت8 نەبێت، دابەشکردنی هندستان9 نەبێت، جەنگی ئیسرائیل/ فەلەستین نەبێت، کۆمەڵکوژی موسڵمان/ کروات/ سرب نەبێت، چەوساندنەوەی جوولەکە وەک “بکوژانی مەسیح10” نەبێت، “گیروگرفتی” ئیرلەندای باکوور نەبێت. “کوشتنی نامووسی” نەبێت، وتارخوێندنی ئاینی قاتلەبەرانی قژسپرایکراوی تەلەفیزیون، بۆ گیرفان بەتاڵکردنی خەڵکانی ساویلکە نەبێت، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، (“خوا تۆی دەوێت بۆئەوەی بدەیت، تا توێخی دەستت دەڕوات”). جیهانێک بهێنەرە بەرچاوی خۆت، تەقاندنەوەی پەیکەرە دێرینەکان نەبێت لەلایەن تالیبانەوە، سەرپەڕاندنی کفرکەران نەبێت، قامچی لێدانی ئافرەتان نەبێت، بە تاوانی ئەوەی دوو سانتیمەتر پێستیان دەرکەوتووە. بەڕێکەوت، هاوپیشەکەم، دیسموند موریس پێیڕاگەیاندم، کە هەندێک جار لە ئەمریکا، گورانییە دڵڕفێنەکەی جون لینون کە دەڵێت: “بیهێنە بەرچاوی خۆت، بەهەشتێک نەبێت”، ئەم دێڕەی لەگەڵ دەوترێت، “ئاینیش نەبێت”. هەتا چاوقایمانە دێڕەکەیان گۆڕیوە بۆ “هەتا یەک ئاینیش نەبێت”.
لەوانەیە وها بیر بکەیتەوە، کە نەزانیەتی11 هەڵوێستێکی گونجاو بێت، بەڵام ئایا ئیثییزم12یش، وەک وشکەباوەڕی بیری ئاینی نییە؟ ئەگەر وەها تێگەیشتوویت، هیوادارم بەشی دووەمی ئەم کتێبە بۆچوونت بگۆڕێت، بە قایلکردنت کە “گریمان13ی خوا”، وەک هەر گریمانێکی تر، هەتا بە گریمانی زانیستیشەوە، دەبێت بەچاوی گومانەوە لێیبکۆڵرێتەوە. لەوانەیە وەها فێر کرابیت، کە زانایان و ئاینناسـ14ـان بەڵگەگەلێکی باشیان پێشکەش کردووە بۆ بڕوابوون بە خوا. ئەگەر وەها بیر دەکەیتەوە، لەوانەیە بەشی سێیەمت پێباش بێت، لەسەر “بەڵگەکانی بوونی خوا” ــ بەڵگەگەلێک کە ئاشکرا دەردەکەوێت بێهێـــزن. لەوانەیە وەها بۆی بچیت، کە قسەیەکی تێدا نییە دەبێت خوا هەر هەبێت، ئەگینا چۆن جیهان پەیدا بووە؟ ئەگینا چۆن ژیان هەیە، بەو هەمەجۆرییەوە، کە تێیدا هەر چەشنە بێسێودوو ئەوە بەیان دەکات کە “نەقشە15ی بۆ کراوە”؟ ئەگەر بەم شێوەیە بیری لێدەکەیتەوە، ئاواتەخوازم لە بەشی چوارەمدا، “بۆچی بەو پەڕی دڵنیایییەوە، خوا بوونی نییە”، ڕۆشنگەرییەک هەڵهێنجیت. بەدوور لە بابەتی نەققاش16، وەهمـ17ـی نەقشەی جیهانی زیندەوهری، بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێکانە و لە ڕەگوڕیشەوە، هەڵبژاردنی سرووشتی18 داروین ڕوونی دەکاتەوە. هەڵبژاردنی سرووشتی خۆی تەرخان کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی جیهانی زیندەوەری، بەڵام ئەمە وشیاریمان دەباتە سەرەوە، کە دەکرێت بەراود بکرێت بە “کرێنی19” بەرزکردنەوەی بەرچاوڕوونی، کە دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ تێگەیشن لە گەردوون خۆی. توانایی کرێنێکی وەک هەڵبژاردنی سرووشتی، دووەم بەرزکردنی وشیارییە لە چوار دانە.
دەکرێت وا بیر بکەیتەوە، کە دەبێت خوایەک یان چەند خوایەک هەبێت، چونکو مرۆڤزانـ20ـان و مێژووناسان ڕایانگەیاندووە، کە لە هەر کەلتوورێکی مرۆڤایەتیدا، زۆربەی خەڵک باوەڕمەندن. ئەگەر ئەمە قایلت دەکات، تکایە بەشێ پێنجەم، “ڕیشەی ئاین” بخوێنەرەوە کە دەریدەخات، بۆچی باوەڕ لە هەموو شوێنێکدا هەیە. یـــان مەگەر وەها بیر دەکەیتەوە، کە بیروباوەڕی ئاینی پێویستە، بۆئەوەی ڕەوشتێکی ڕێکوپێکمان هەبێت؟ ئایا پێویستمان بە خوایە، بۆئەوەی باش بین؟ داوات لێدەکەم، بەشی شەشەم و حەوتەم بخوێنەرەوە، بۆئەوەی بزانیت کە وەها نییە. مەگەر هێشتا تەقولەق پێتوایە، ئاین شتێکی باشە بۆ جیهان، لەگەڵ ئەوەی بۆ خۆت باوەڕت پێی نەماوە؟ بەشی هەشتەم داوات لێدەکات، بیر بکەیتەوە لەو ڕێگایانەی کە ئاین ئەو شتە باشە نییە بۆ جیهان.
ئەگەر هەست دەکەیت، گیرت کردووە بەدەست ئەو ئاینەی تێیدا گەورەبوویت، ئەوە دەهێنێت لە خۆت بپرسیت، ئەمە لە چییەوە هاتووە. بەزۆری وەڵامەکەی دەگەڕێتەوە بە هەندێک شێوازی گۆشکردن21ی منداڵیتەوە. ئەگەر تۆ کەسێکی تەواوی ئاینیت، بە ئەگەری زۆر لەبەرئەوەیە ئاینی دایکوباوکتە. ئەگەر بهاتایە لە ئارکنساس22 لەدایکببووتایە، ئهوا لەو باوەڕەدا دەبوویت، کە ئاینی مەسیحی ڕاستە و ئاینی ئیسلامی درۆیە، لەگەڵ ئەوەی باش دەزانیت، که ئەگەر لە ئەفغانستان لەدایکببووتایە، ئهوا تەواو بە پێچەوانەوە بیرت دەکردەوە، تـــۆ قوربانی گۆشکردنی تەمەنی منداڵیتی، ئیتر چ لە ئارکنساس بیت یان لە ئەفغانستان.
کێشەی ئاین و تەمەنی منداڵی، بابەتی بەشی نۆیەمە، کە سێیەم بەرزکردنەوەی وشیاری دەگرێتەوە. هەر وەک چۆن فیمینستێک دەموچاوی دەدات بەیەکدا، کاتێک کە زێتر گوێبیستی “پیاو پیاو” دەبێت وەک لە “پیاو یان ئافرەت” یان “مرۆڤ”، من داواکارم هەموو کەسێک داچڵەکێت، هەرکاتێک کە گوێی لە وتەی وەک، “منداڵی کاثۆلیک” یان “منداڵی موسڵمان” دەبێت. گەر پێتخۆشە، دەتوانیت بڵێیت، “منداڵی دایکوباوکێکی کاثۆلیک”، بەڵام هەر کەسێک وتی، “منداڵی کاثۆلیک”، بەری پێبگرە و بەڕێزانە بۆی ڕوون بکەرەوە، کە بۆ منداڵان هێشتا زووە بزانن لەسەر بابەتێکی وەها هەڵوێست وەرگرن. هەروەکو چۆن زووە بزانن، هەڵوێست وەرگرن لەسەر بابەتی ئابووری یان سیاسی. دروست هەر لەبەرئەوەی مەبەستم بەرزکردنەوەی وشیارییە، داوای هیچ لێبوردنێک ناکەم، کە لەم پێشەکییەدا و لە بەشی نۆیەمدا ئاماژەی پێبکەم. تــۆ کە ناتوانیت زۆر جار بیڵێیتەوە، من دەیڵێمەوە. کــە منداڵی موسڵمان نییە، بەڵکو منداڵی دایکوباوکی موسڵمان هەیە. هێشتا بۆ ئەو منداڵە زووە بزانێت، کە ئایا موسڵمانە یان نـــا. شتێکی وەها نییە پێیبوترێت، منداڵی موسڵمان. شتێکی وەها نییە، کە پێیبوترێت منداڵی کاثۆلیک.
بەشی یەکەم و دەیەمی ئەم کتێبە، لە دەستپێکردن و کۆتاییهێناندا، هەر یەکەیان بە شێوەی جیاواز، دیدێکی ڕۆشن بەیان دەکەن لەسەر شکۆیی جیهانی ڕاستەقینە، کە هەرگیز پێویست نییە لە دیدێکی ئاینییەوە بێت، و بتوانێت ئەو دەورە سرووشبەخشە بگێرێت، کە ئاین لە ڕووی مێژوویی ــ و بەشێوەیەکی کورتکوێرانە ــ داگیری کردووە.
چوارەمین بەرزکردنی وشیاریم ئەوەیە، کە مرۆڤ پێویست ناکات شەرم بکات لەوەی ئیثییستە. بەپێچەوانە، ئەوە بۆچوونێکە مایەی شانازییە، کە ڕێک ڕاوەستیت و سەرت بەرز ڕاگریت، چونکو ئیثییزم بەزۆری نیشانەیە بۆ سەربەخۆیییەکی بیرکردنەوەی تەندروستمەندانە و لەڕاستیدا، بارێکی دەروونی تەندروستمەندانەش. خەڵکانێکی زۆر هەن، کە دەزانن لە ناخی دڵیانەوە ئیثییستن، بەڵام ناوێرن لەبەردەمی خێزانەکانیان و هەتا خۆشیاندا دانی پێدابنێن. بەشێکی دەگەڕێتەوە بەوەی، کە هەوڵێکی زۆر دراوە لەگەڵ وشەی “ئیثییست”، کە وەک ئاماژەیەکی ناشیرین و ترسناک واتا بکرێت. بەشی نۆیەم بەسەرهاتی ناخۆش و پڕ پێکەنیناوی ئەکتەری کۆمیدی جولیا سوێنی بە نموونە دەهێنێتەوە، کە چۆن دایکوباوکی لە ڕۆژنامەدا خوێندویانەتەوە، کچەکەیان بووە بە ئیثییست. بڕوای بە خوا نییە، خەریک بووە بیکەن بە هارا و بەزم، بەڵام ئیثییست! ئاخر چۆن ئیثییست؟ (دایکی قیژاندوویەتی.)
لێرەدا بەپێوستی دەزانم، بەتایبەتی ڕووی دەمم لە خوێنەرانی ئەمریکایی بکەم، چونکو بەڕاستی ئاینێتی ئیمڕۆی ئەمریکا زۆر سەرنجڕاکێشە. پارێزەر ویندی کامێنیر بەئاستەم زێدەڕۆیی وتووە، کە دەڵێت، گاڵتەکردن بە ئاین، وەک کەتنی سووتاندنی ئاڵای ئەمریکا وایە لە هۆڵی سەربازگەیەکی ئەمریکیدا1e. هەلومەرجی ئیثییستان لە ئیمڕۆی ئەمریکادا، وەکو دۆخی هاوجنسخوازانی پێش پەنجا ساڵ وایە. ئێستا پاش جووڵاندنەوەی شانازی هاوجنسخوازان23، دەکرێت، هەرچەند ئاسانیش نییە، هاوجنسخوارێک هەڵبژێردرێت بۆ دامەزراوێکی یاسادەرکردن. بەپێی ڕاپرسییەکی گالوپ لە ساڵی 1999دا، لە %95ی خەڵکی ئەمریکا دەنگ دەدات بە کەسێکی کارزانی تری وەک ئافرەت، %94ی کەسێکی کاثۆلیک، %92ی کەسێکی جوولەکە، %92ی کەسێکی ڕەشپێست، %79 کەسێکی مۆرمۆن24، %79ی کەسێکی هاوجنسخواز یان %49ی کەسێکی ئیثییست. ڕۆشنە زۆرمان ماوە. بەڵام ژمارەی ئیثییستان زۆر لەوە زێترە کە دەزانرێت، بەتایبەتی لەنێو توێژی خوێندەوارانی باڵادا. ئەمە لە سەدەی نۆزدەهەمینیشدا وەها بووە، کاتێک کە جۆن ستیوارت میل توانیویەتی بڵێت: “جیهان سەری دەسوڕمێت، ئەگەر هاتوو بزانێت، ڕێژەیەکی زۆر لە کەسە بەناوبانگ و پرشنگدارەکان، ئەوانەی کە لە چاوی خەڵکدا زۆر ژیر و ڕەوشتبەرز دیارن، تەواو بەدگومانن لە ئاین.”
ئیمڕۆ ئەمــە دەبێت ڕاستر بێت و لەڕاستیدا، لە بەشی سێیەمدا بەڵگەی بۆ دەهێنمەوە. هۆی ئەوەی کە ئیثییستان جێگەی سەرنج نیین لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە، دەگەڕێتەوە بەوەی، کە زۆربەی ئێمە بەنابەدڵییەوە “دێینە دەرەوە”. ئاواتم ئەوەیە، ئەم کتێبە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هاتنە دەرەوەی خەڵک. دروست هەر وەکو حاڵەتەکەی جووڵانەوەی هاوجنسخوازان، تا زێتر خەڵک بێتە دەرەوە، ئاسانتر دەبێت بۆ خەڵکانی تر پەیوەستبن پێیانــەوە. هەر کۆمەڵێکی گرنگ بکەوێتە ڕێ، زنجیرەیەک کاردانەوەی بەدوادا دێت.
ڕاپرسییەکی ئەمریکی پیشانی داوە، کە ژمارەی ئیثییستەکان و نەزانیەتییەکان زۆر زۆر زێترە لە جوولەکەکان و زۆربەی هەرە زۆری گرووپە ئاینییەکان. بەپێچەوانەی جوولەکەکانەوە، کە هەموو کەس دەزانێت لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا، کاریگەرترین گروپی فشاری سیاسین و هەروەها مەسیحییە ئینجیلییەکان25، کە لە دەسەڵاتی سیاسیدا دەستڕۆشتوویەکی هەتا زێتریان هەیە، کەچی ئیثییستەکان و نەزانیەتییەکان چونکو ناڕێکخراون، کاریگەرییەکی وەهایان نییە. لەڕاستیدا، ڕێکخراوبوونی ئیثییستەکان بەراوردکراوە بە گردکردنەوەی بە کۆمەڵی پشیلە کە مەحاڵە، چونکو ویستیان بەرەو بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆیانە و پەیڕەوی نەکردنە لە ڕکێف26.
وشەی “وەهم” کە لە ناونیشانی کتێبەکەم27دا هاتووە، بووە هۆی بێئارامی هەندێک لە دەروونزانان، بەوەی کە وەک زاراوهیهکی تەکنیکی چاوی لێدەکەن و پێیان وایە، نابێت بۆ هەموو شتێک بەکار بهێنرێت. سێ کەسیان پێشنیاری وەهینی 2eـیان کرد، وەک زاراوهیهکی تەکنیکی تایبەت بۆ وەهمی ئاینی (پێشنیاریان بۆ religious delusion، ئەمە بووە: relusion). لەوانەیە ئەمە گونجاو بێت. بەڵام بۆ ئێستا، من “وەهم” بەکار دەهێنم و بە پێویستی دەزانم، ڕوونی بکەمەوە بۆچی. فەرهەنگی ئینگلیزی پێنگوینPenguin English Dictionary، وشەی “وەهم”ی بە “باوەڕی چەوت یان بەهەڵە تێگەیشتن” پێناسە کردووە. جێگەی سەرسامییە، فەرهەنگەکە ئەم ڕستەیەی فلیب جونسونی هێناوەتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی واتای وشەکە: “داروینیزم28 بەسەرهاتی ئازادبوونی مرۆڤـــە لە وەهمێک، کە چارهنووسی بەندە بە دەسەڵاتێکی مەزنتر لە خۆی.” ئایا دەکرێت فلیب جونسون هەمان کەس بێت، کە ڕابەری هێرشی ئافراندنگەران29 دەکات لەدژی داروینیزم لە ئەمریکای ئیمڕۆدا؟ بەڵێ خۆیەتی و ئەو ڕستەیەش کە وەک نموونە هێنراوەتەوە، دەکرێت پێشبینی بکەین، کە لە دەقەکەی هێنراوەتە دەرەوە. ئومێدەوارم ئەو ئاماژەیەی من کردوومە، جێگەی سەرنجدان بێت، چونکو لە چەند جارێکدا، هەمان چاکە لەبەرامبەری مندا نەکراوە، کە ئافراندنگەرانێک وتەی منیان بە نموونە لە کتێبەکانمەوە هێناوەتەوە و بە هەوەسی خۆیان و بۆ چەواشەکاری، لە چوارچێوەی باسەکەی دایانبڕیوە. ئەو ڕستەیە کە بەو شێوەیە هێناومەتەوە، فلیب جونسون مەبەستی لێی هەرچی شتێک بووبێت، من بە خۆشحاڵییەوە لایەنگری لێدەکەم. فەرهەنگی ماکرۆسۆفت وۆرد Microsoft Word، ئاوا واتای وشەی وەهم دەکات، “باوەڕێکی چەوتی سەرسەختە، کە لەبەرامبەر بەڵگەی بەرپەرچدەرەوەی بەهێزدا دەوەستێتەوە، بەتایبەتی وەک نیشانەیەکی نەخۆشی تێکچوونی دەروونی”. بەشی یەکەمی ئەم واتایە، دروست بە قەدوباڵای بیروباوەڕی ئاینی دێتەوە. بەڵام ئەوەی کە ئایا وەک نیشانەیەکی نەخۆشی تێکچوونی دەروونی بێت، من لەگەڵ بۆچوونی ڕوبرت بیرسیگــم30، نووسەری کتێبی زێن و هونەری پاراستنی ماتۆرسیل، کە دەڵێت: “کاتێک کە کەسێک تووشی وەهم دەبێت، بە تێکچووە ناوی دەبرێت. کاتێک کە خەڵکانێکی زۆر تووشی وەهم دەبن، بە ئاین ناوی دەبرێت.”
ئەگەر ئەم کتێبە کاری خۆی بکات، وەک ئەوەی کە من مەبەستم لێیبووە، هەر خوێنەرێکی ئاینی بە خوێندنەوەی، دەبێت بە ئیثییست، کاتێک کە تەواوی دەکات. چ گەشبینییەکی چاوقایمانەیە! بێگومان باوەڕمەندانی کەللەڕەق پارێرزراون لەبەرامبەر بەڵگەدا، چونکو بەرەنگارییان لە گۆشکردنی ساڵانی منداڵییەوە سەرچاوە دەگرێت، بە بەکارهێنانی شێوازکارگەلێک کە بە چەندان سەدە بەرهەم هاتووە (ئیتر چ بە گەشەکردن بێت یان دروستکردن). لەنێو شێوازە پارێزەرە هەرە کاریگەرەکاندا، ئاگادارکردنەوەی یەک لەدوای یەکی ئەوەی کە دەست نەبەن بۆ کتێبێکی وەک ئەمە، کە بێگومان کاری شەیتانە. بەڵام لەو باوەڕەدام، لە دەرەوەی ئەم جۆرە کەسانە، خەڵکانێکی مێشککراوەی زۆر زۆر هەن: خەڵکانێک کە گۆشکردنی منداڵییان زۆر پڕپێچوپەنا نەبووە یان بە هەر هۆگەلێکی تر “تووش نەبوون” یان ئەوەندە زیرەک بوون، کە توانیویانە بەرەنگاری ببنەوە. ئەم جۆرە گیانۆکە31 ئازادانە، تەنیا پێویستیان بە تۆزێک هاندانە، بۆئەوەی بەتەواوی لە مەنگەنەی ئاین ڕزگاریان بێت. لە کۆتاییدا خوازیارم، هەر کەسێک کە ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان نەڵێت، “نـــەمدەزانی کە دەتوانــــم”.
1. هەر وشەیەک ژمارەی بەسەرەوە بوو، ئەوا نووسەر یان وەرگێڕ لە پەراوێزی لاپەڕەکەدا، ڕوونکردنەوەی هەیە و هەر کاتێکیش ژمارە و e بەسەرەوە بوو، ئەوا لەو سەرنجانەیە کە نووسەر کە کۆتایی کتێبەکە، بەش بە بەش یاداشتی کردوون.
ئیثییست: atheist: ملحد: خدانشناس: ئیسیست کەسێکە کە لە ژیربێژی زانست و عەقڵەوە، دەنواڕێت بۆ ژیان و باوەڕی بەبوونی خوایەک یان هۆشمەندێکی سرووشتبەدەر نییە.
2. ڕیشەی هەموو بەدکارییەکان:Root of All Evil: أصل کل الشرور.
3. مانهاتان: Manhattan: : یەکێکە لە گەڕەکە هەرە بەناوبانگەکانی نیویۆرک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە دەکەوێتە دورگەیەکەوە لەناوەڕاستی شارەکەدا. مەڵبەندی بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکان و سەرجەم کاروباری بازرگانییە. دوو بروجەکەی ناوەندی بازرگانی جیهانی، کە لە یانزەی سپتەمبەری دوو هەزار و یەکدا تەقێنرانەوە، دەکەوتنە ئەم گەڕەکەوە.
4. جون لینون: John Winston Ono Lennon: 1940 ــ 1980 گۆرانیبێژ، شاعیر، ئاوازدانەری بەناوبانگی بەریتانی و یەکێک لەئەندامانی گروپی بێتڵز بووە. گۆرانییەکانی نەیارانێکی زۆری دروستکردووه لەدژی ئەمریکا. لە 8.1.1980دا، تەقەی لێکرا و کوژرا، زۆربەی خەڵک بە کوشتنێکی سیاسی دەزانن.
5. یانزەی سپتەمبەر: مەبەست لێی ئەو کۆمەڵە هێرشەیە، کە لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە، لە یانزەی سپتەمبەری 2001دا کرایە سەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە ئاکامدا، 2973 کوژاو، بیست و چوار ونبوو و بە هەزاران بریندار و تووشبووی بە گازی ژەهراوی لێکەوتەوە.
6. تەقینەوەکانی لەندەن: مەبەست لێی ئەو زنجیرە تەقینەوە خۆکوژییانەی شاری لەندەنە، کە لە 7.7.2005دا، لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە ئەنجام درا و بووە هۆی کوشتنی پەنجا کەس و برینداربوونی زێتر لە حەوت سەد کەس.
7. جەنگی خاچی: crusade: الحملة الصليبية: جنگ صلیبی: بەشێوەیەکی گشتی بەو ھەڵمەت و شەڕانە دەوترێت، کە لە کۆتایی سەدەی یانزەوە تا سێیەکی کۆتایی سەدەی سیانزە 1096 ــ 1291، بەناوی ئاینی مەسیحییەوە، ئەوروپییەکان کردوویانە بۆ داگیرکردنی قودس و ناوچە پیرۆزەکانی موسڵمانان.
8 پلانی باروت: gunpowder plot: مٶامرة البارود: توطئه باروت: کاتێک کە جێمسی یەکەم، لە 1603دا، بوو بە پاشای بەریتانیا، کۆمەڵیک یاسای دەرکرد، کە بە ڕاونان، گرتن و کوشتنی کاثۆلیکەکان تەواو دەبوو . هەرچەند لەژێر فشاری پەرلەماندا، لەم یاسایانە پەشیمان بۆوە، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی کۆمەڵێک گەنجی کاثۆلیک بکەونە دانانی پلان بۆ ڕووخاندنی حکومەت، لە ڕێگای تەقاندنەوەی پەرلەمانەوە بە چەندین بەرمیلی باروت. لە پێنجی تشرینی دووەمی 1605دا، پلانەکە ئاشکرا دەبێت و پیلانگێڕان ئیعدام دەکرێن.
9. دابەشکردنی هندستان: indian partition: تقسيم الهند: :چەند پارچەکردنی ئیمپراتۆری هند ــ بەریتانیا بوو لە ساڵی 1947دا، بەپێی باوەڕی ئاینی، بۆ هندستان، پاکستان و بنگلادش. لە ئاکامی ئەم دابەشبوونەدا، زێتر لە 12.5 ملوێن کەس ئاوارە بوون و لە سەد هەزار تا یەک ملوێن کەسی تێدا کوژرا.
10. مەسیح: Christ: يسوع المسيح: مسیح: بەپێی پێناسەی ئینجیلی پیرۆز (پهیمانی نوێ) ــ ڕوونکردنهوهی زاراوهکان: “مەسیح لە وشەی (مەشییا)ی عیبریەوە هاتووە، بەواتای دەستنیشانکراو دێت. تەنیا پادشا و پێغەمبەر و کاهین لەلای جوولەکەکان دەستنیشان دەکران، ئەویش بە چەورکردنیان. بەپێی پێشبینییەکانی پەیمانی کۆن، جوولەکەکان چاوەڕێی ئەو کەسەیان دەکرد کە دێت وەکو ڕزگارکەر و لەهەمان کاتدا کاری پادشایەتی، پێغەمبەرایەتی و کاهینیش دەکات، بەڵام کە هات باوەڕیان پێینەکرد، چونکو لایان وابوو، لەدەستی ڕۆمەکان ڕزگاریان دەکات، نەیانزانی هاتووە لە گوناهەکانیان ڕزگاریان بکات”.
11. نەزانیەتی: agnosticism: اللاأدرية: اگنوستیزم: نەزانیەتی بیروبۆچوونێکە کە بوون یان نەبوونی هەر خوایەک دەخاتە خانەی نەزانییەوە. بە واتایەکی تر، نەزانیەتی، ڕێبازێکە کە بە مەحاڵی دەزانێت، لە هەلومەرجی ئێستای ژیانی مرۆڤدا، لە بوون یان نەبوونی خوایەک یان خواگەلیک دڵنیا ببین.
12. ئیثییزم: atheism: الإلحاد: الحاد: ئیثییزم زاراوهیهکه لە atheos یونانی کۆنەوە هاتووە، کە بە واتای “بەبێ خوایی” دێت. ئیثییزم، تێگەیشتەیەکە ڕەتی باوەڕبوون بە خوایەک یان چەند خوایەک دەکاتەوە.
13. گریمان: hypothesis: فرضية: فرضیه.
14. ئاینناس: theologian: عالم لاهوت: متخصص الهیات.
15. نەقشە یان نەخشە: design: تصميم: طرح.
16. نەققاش: designer: مصمم: طراح.
17. وەهم: delusion: وهم: فریب.
18. هەڵبژاردنی سرووشتی: natural selection: الانتقاء الطبيعي: فلسفه انتخاب اصلح در طبیعت: بۆ یەکەمین جار، لە ساڵی 1859دا، بیردۆزی گەشەکردن لەسەر پایەی هەڵبژاردنی سرووشتی، لەلایەن چارلز داروینەوە، لە کتێبی ڕیشەی چەشن (أصل الانواع) بەکار هێنراوە. مەبەست لە هەڵبژاردنی سروشتی، گواستنەوەی سیفاتە بۆماوەکانە (صفات الوراثية)، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر و ململانێ لەپێناوی مانەوە و خۆگوجاندن لەگەڵ سرووشتی تازەی دەوروبەر. گریمانەکانی هەڵبژاردنی سرووشتی، بەگشتی لە سێ تەوەرەدا خۆیان دەبیننەوە: یەکەم، چۆنایەتی (التنوع)، ئەگەر تەماشای پێکهاتی هەر نەوەیەک لە نەوەی زیندەوەران بکەین، جیاوازیەکی ئاشکرا دەبینین لە پێکهاتیاندا. بۆ نموونە، لە مرۆڤدا باڵای درێژ و کورت هەیە، ڕەشپێست و سپیپێست … هتد. دووەم، میراتگری یاخود بۆمانەوە (التوارث)، گۆڕانکاری بەسەر هەر نەوەیەکدا، بەناچاری دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان. بەواتایەکی تر، نەوەکان میراتگری نەوەکانی پێش خۆیانن، هەروەک چۆن دەبینین منداڵ هەڵگری سیفاتی بۆماوەی دایکوباوکییەتی. سێیەم، منداڵ بەبارهێنان، مەرجی مانەوەیە و توانای مانەوەش تەنها بۆ ئەو نەوانەیە، ئیتر چ ڕووەک بێت یان زیندەوەر، کە هەڵگری ئەو سیفاتانەن کە مانەوەیان مسۆگەر دەکات. دیارە گواستنەوەی جیناتەکان (الجينات) لە تاکێکەوە بۆتاکێکی تر، تەنها لەم پرۆسەیەدا واتا پەیدا دەکات.
19. کرێن: crane: رافعة: رافع.
20. مرۆڤزان: anthropologist: العالم بعلم الإنسان: انسان شناس: .
21. گۆشکردن: indoctrinate: لقن: تلقین: تلقین کردن.
22. ئارکنسس: یەکێکە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
23. جووڵاندنەوەی شانازی هاوجنسخوازان: gay pride movement: مثلي الجنس فخر الحركة: جنبش غرور همجنسگرا.
24. مۆرمۆن: mormon: المورمون: مورمونها: تایەفەیەکی ئاینی مەسیحییە، لە ساڵی 1630دا، جۆزیف سمیس دایمەزراندووە، خۆی وەکو پێغەمبەر ناساندووە، کە سرووشی بۆ هاتۆتە خوارەوە. کتێبەکەشیان بە تەواوکەری کتێبی پیرۆز دەزانن و خۆشیان بە مەسیحییە نوێیەکان دەناسێنن. تا ئەم دوایانە، فرەژنی لەنێویاندا ڕێگاپێدراو بووە. کڵێسای سەرەکیان لە یوتاهۆی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.
25. مەسیحییە ئینجیلییەکان: evangelical christians: المسیحیون الإنجيليون: مسیحیان انجیلی: تایەفەیەکی ئاینی مەسیحییە کە پێیوایە، چوونە بەهەشت بە بڕوابوونە بە عیسا، نەک بە کردەوەی چاکە لەم ژیانەدا.
26. ڕکێف: authority: نفوذ: اختیار.
27. ناونیشانی نووسەر بۆ کتێبەکەی ئەمەیە: The God Delusion، کە بە واتای “وەهمی خوا” دێت.
28. داروینیزم: Darwinism: الداروينية مذهب داروين في أصل الأنواع: . زاراوەی داروینیزم، ئەو بیروڕا فەلسەفی و زانستیانەیە، کە ئەگەرێتەوە بۆ زانای زیندەوەرزانی، چارلز داروین. بەشێوەیەکی تایبەتی، داروینیزم بەواتای بیرۆکەی گەشەکردن دێت لەڕێگای هەڵبژاردنی سروشتیەوە.
29. ئافراندنگەر: creationist: بەو کەسە دەوترێت کە باوەڕی بە ئافراندنگەرییە ( ئافراندنگەری creationism: خلقية: آفرینشگرایی).
30. ڕوبرت بیرسیگ ــ زێن و هونەری پاراستنی ماتۆرسیل: Robert M. Pirsig, author of Zen and the Art of Motorcycle Maintenance.
31. گیانۆکە: spirit: روح: جان.