پێدەچێت زۆربەمان بزانین کە جگەرەکێشان زیانی بۆ جەستەی ئەو کەسە هەیە کە دەیکێشێت و هاوکات زیانی بۆ ئەو کەسانەش هەیە کە لەدەوروبەری جگەرەکێشەکەدان. زۆرجار ئەو کۆمپانیایەی کە جگەرەکە دروست دەکات لەسەر پاکەتی جگەرەکە دەنوسێت (جگەرە بکوژە) یان (جگەرەکێشەکان زووتر دەمرن)، بەڵام وا پێدەچێت کە زۆربەی جگەرەکێشەکان تێبینیەکانی سەر پاکەتی جگەرەکە نەخوێننەوە یان لێی تێنەگەن چونکە بە زمانێکی تری بێجگە لە کوردی نوسراوە و زۆرجار بە ئینگلیزی نوسراوە.
لە ئەمریکا لە هەر پێنج مردنێک یەکێکیان بەهۆی جگەرەکێشانەوەیە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە کێشانی جگەرەیەک ١١ خولەک لە ژیانی جگەرەکێش کەمدەکاتەوە. پێکهاتەی تاکە جگەرەیەک زیاتر لە چوار هەزار و ٨٠٠ ماددەی کیمیاییە و لەو ژمارەیەش ٦٩ ماددەیان دەبنە هۆکاری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە. هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە کە ٦٩% ی جگەرەکێشەکان دەیانەوێت بە یەکجاری واز لە جگەرەکێشان بهێنن، ڕۆژانەش زیاتر لە ١٥ ملیار جگەرە لە جیهاندا دەکێشرێت. ژمارەی جگەرەکێشەکانی وڵاتی چین لە ژمارەی دانیشتوانی ئەمریکا زیاترە، بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان سێ یەکی جگەرەکێشەکان لە وڵاتی چینە. لە ئەمریکا ٨.٦ ملیۆن هاووڵاتی بەدەست نەخۆشی قورسەوە دەناڵێنن کە هۆکارەکەی جگەرەکێشانە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زیاتر لە ٣٠% ی شێرپەنجە دەتوانرێت بە وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحولی و ڕێجیمێکی تەندروست و چالاکی فیزیایی ڕێگری لێبکرێت، هەروەها هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکان کێشانی جگەرە کاریگەری لەسەر گۆڕانی ڕەنگی قژ بۆ خۆڵەمێشی هەیە و خێراتری دەکات. لایەنێکی خراپتر کە پێدەچێت خراپترین بێت ئەوەیە کە جگەرەکێشان مەترسی جەڵتەی دڵ ٢٠٠% بۆ ٤٠٠% زیاتر لەسەرە وەک لەوانەی کە جگەرە ناکێشن.
لە بەریتانیا بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەو کەسانەی بەهۆی جگەرەکێشانەوە مردوون ٧٩ هەزار و ٧٠٠ کەس بوون و بەڵام ئەوانەی کە بەهۆی قەڵەوییەوە مردوون ٣٤ هەزار و ١٠٠ کەس بووە و بەهۆی خواردنەوە کحولیەکانیشەوە شەش هەزار و ٤٩٠ کەس و بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە هەزار و ٧١٣ کەس و بەهۆی مادەی بێهۆشکەرەوە هەزار و ٦٠٥ کەس و بەهۆی ئایدزەوە ٥٠٤ کەس مردوون، واتە جگەرەکێشان زۆرترین ڕێژەی مردنی لەو وڵاتەدا بەدوای خۆیدا هێناوە، بەجۆرێک لە هەموو شەش حاڵەتێکی مردن لەو وڵاتەدا حاڵەتێکیان بەهۆی جگەرەکێشانەوە بووە.