لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ ئایا خوێندنگا تایبەتەکان گوزارشت لە”جیاوازی چینایەتی” دەکەن؟

ئایا خوێندنگا تایبەتەکان گوزارشت لە”جیاوازی چینایەتی” دەکەن؟

0 تێبینییەکان 42 بینینەکان

ئا: شاھۆ ئەحمەد

ماوەی چەند ساڵێکە خوێندنگا تایبەتەکان لەھەرێمی کوردستان روو لەزیاد بوون‌و دۆخی خوێندنگا حکومیەکانیش بەرەو خراپی دەچێت، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت “هەموو خوێندنگا ئەهلییەکان لەژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردەدان”.

شێوە حەمەد، کە خۆی فەرمانبەرە لەشاری کۆیەو خاوەنی دوو منداڵەو ھەردوکیانلەخوێندنگای تایبەت دەخوێنن، ئەو بەئاوێنەی وت “لەبەرئەوەی خۆم‌و ھاوسەرەکەم دەواممان ھەیە، ناچارین منداڵەکانمان لەو خوێندنگایە دابنێین، کە ئاسانکاریی بۆ دەوامەکەمان دەکات”.

وتیشی “منداڵەکانمان  تا کاتی تەواوبوونی دەوامی ئێمە لەقوتابخانەکەیان دەخوێنن، کات‌و ئەرکی خوێندنەکەیان بەراورد بەخوێندنگا حکومییەکان زۆرترە”.

ھەروەھا شاخەوان ئەحمەد، سێ منداڵی لەخوێدنگای ئەھلی دەخوێنن ، ئەو بەئاوینەی وت “وا ١٠ سالە خوێندن لەکەرتی گشتی پەککخراوە بەھۆی بایکۆتەوە، منیش  بەھۆی بایکۆتەوە ترسم لەوە ھەبوو منداڵەکانم لەخوێندن دوابکەون، خستمنە قوتابخانەی تایبەتەوە”.

وتیشی “ئێستا ناتوانم منداڵەکانم بگەێێنمەوە بۆ خوێندنگای حکومی، لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەو پڕۆگرامەی ئێستا بەزامنی ئینگلیزی دەیخوێنن جیاوازەو کۆمەلێک خزمەتگوزاری دیکەش لەقوتابخانە ئەھلیەکان ھەیە کە لەحکومی نیە، ئەوەش وای لەمنداڵەکانم کردوە نەتوانن لەخوێندنگای حکومی بخوێنن”.

٥۷٠ خوێندنگای ناحکومی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی‌و بیانی ھەیەو لەلایەن وەزارەتی پەروەردە مۆڵەتیان پێدراوە، سەبارەت بەخاڵە ئەرێنی یان نەرێنییەکانی ئەم قوتابخانانە پسپۆڕان رایان جیاوازە.

م.حەمید میرخان، کە ماوەی ۲۲ ساڵ وانەی وتوەتەوەو ۱٥ ساڵیش سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە، پێیوایە زەقترین دیاردەی ئەم جۆرە خوێندنە ئەوەیە کە جیاوازی چینایەتی لەناو کۆمەڵگە دروست دەکات، ئەو بەئاوێنەی وت “منداڵی ھەژارو دەوڵەمەند لەکوالێتی پرۆسەی خوێندن‌و ئەو خزمەتگوزارییەی ھەیە جیا دەکرێنەوە، لەڕووی فێربوونی زمان‌و رێک‌وپێکی بیناو پاک‌و خاوێنی‌و قەرەباڵغی‌و ژمارەی قوتابی ناو پۆلەکان‌و کۆمەڵێک لایەنی ترەوە بەراورد ناکرێت بەقوتابخانە حکومییەکان”.

وتیشی “لەساڵانی رابردوودا ھیچ خوێندنگایەکی ناحکومی نەبوو، بەڵام چەندان دکتۆرو ئەندازیارو مامۆستای باشمان بەرھەم دەھێنا، ٥٠ ساڵ پێش ئێستا عێراق خاوەنی سێ زانای فیزیایی گەورە بوو، یەکیان ھی بەغدا بوو، دوانەکەی تر ھی هی کۆیە بوون، ھەموو ئەوانەش لەخوێندنگای حکومی بوون”.

لەبەرامبەردا، ئەوانەی سەرپەرشتی قوتابخانە تایبەتەکان دەکەن پێیانوایە ئەو قوتابخانانە کار لەسەر بەرزکردنەوەی یاستی زانستی فێرخوازەکان دەکەن.

م.سیڤەر سەعید، بەڕێوبەری کۆمەڵگەی پەروەردەیی کۆیەی ناحکومی، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەوا لەخوێندنگا ئەھلیەکان ھەمان پرۆگرامی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە پەیڕەو دەکرێت، بەڵام لەهەلومەرجێکی گونجاوتردا، ئەو بەئاوینەی وت “خوێندنگا تایبەتەکان، جیاوازی ئەوتۆی نیە لەگەڵ خوێندنگای حکومی، تەنها ئەوە نەبێت کە خوێندن لای ئێمە بەزامنی ئینگلیزییەو دوو بابەتی زیاد دەخوێنین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی فێرخواز”.

ئاماژە بەوەش دەکات کەوا لەکۆمەڵگەکەی ئەوان ھەموو مامۆستاکان لەسەر بنەمای پسپۆری دانراون بەشێوەی گرێبەست لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دامەزراو لەحکومەت،  ئەو وتی “لەخوێندنگا ئەھلیەکان بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە دەبێت ٢٠٪ی مامۆستای دامەزراو لەمیلاکی حکومەت وانە بڵێتەوە، بەمەرجێک کاریگەری لەسەر خوێندنگاکەی خۆی نەبێت، زیاتریش لەپۆلی دوانزە وانە بڵێنەوە”.

سەبارەت بەنرخ دانانیش، بەڕێوبەری کۆمەڵگەی پەروەردەی کۆیەی ناحکومی روونیکردەوە کەوا دانانی نرخ لەلایەن خاوەنداری پرۆژەکە یان خاوەنی خوێندنگاکەوە دەبێت، ئەویش بەپێی بەشەکان دیاری دەکرێت، ئەو وتی “لەکۆمەڵگەکەی ئێمە بەشی باخچە، بەشی بنەڕەتی‌و ئامادەیی ھەیە، ھەر یەکەیان نرخێکە، دوای پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، ئێمە ناتوانین دەسکاری ئەو نرخە بکەین، داشکان دەکەین، بەڵام ناتوانین زیادی بکەین”.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پەروەردەش جەغت لەوە دەکەن کە هەموو قوتابخانە ناحکومییەکان لەژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردەدان.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کەوا ھەموو ئەو دامەزراوە ناحکومیانە لەژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردەن‌و مۆڵەتیان پێدراوە، ئەو بەئاوێنەی وت “سێ جۆر خوێندنی ناحکومی ھەیە، خوێندنگا ناوخۆییەکان‌و نێودەوڵەتیەکان‌و بیانیەکان، کە بەکۆمەڵێک مەرج، لەوانە پشکنینی ئەندازیاری بینا، پشکنینی تەندروستی، پرۆگرامی خوێندن، ژینگەی خوێندنگا، ئاگرکوژێنەوە‌و چەندین مەرجی تر دەبێت ھەبێت، جگە لەوەش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندنیش، ئێمە لیژنەی ھەڵسەنگاندنمان ھەیە بۆ دیاری کردنی ئاستەکان، ئەوانەی ئاستیان باشە رێزیان لێدەگرین، ئەوانەشی ئاستیان باش نیە ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر بەردەوام بن لەو ئاستە ئەوا دوچاری سزا دەبنەوە”.

سیوەیلی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەوان لیژنەیان ھەیە بۆ بەدواداچون بۆ ھەمو خوێندنگا ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەکان کە تا چەند گرنگی بەزمانی کوردی دەدرێت، ئەو وتی “ئێمە ساڵانە تاقیکردنەوە بەو قوتابیانە دەکەین کە لەخوێندنگا ناحکومیەکان دەخوێنن، ئەوەش بۆ ئەوەی بزانین تا چەند گرینگی بەزمانی دایک دەدەن، چونکە زۆربەی ئەو خوێندنگانە پرۆگرامیان بەزمانی ئینگلیزییە کە نابێت کاریگەری لەسەر زمانی دایک ھەبێت، ھەروەھا لەسەر سکاڵای دایک‌و باوک یان خەڵک لیژنەمان ھەیە بەدواداچون دەکەین، ھەم لەپرۆگرامی خوێندن، ھەم لەسەر ھەر بابەتێک سکاڵا کرابێت، لێپرسینەوە دەکرێت، سزا دەدرێت، لەئاگادار کردنەوە تا وەرگرتنەوەی مۆڵەت”.

وتیشی “بۆ زیاتر رەخساندنی دەرفەتی کار، وەزیری پەروەردە فەرمانی کردوە لەھەموو خوێندنگا ئەھلیەکان تەنھا ٢٠٪ی مامۆستای میلاک وانە بڵێنەوە، کە ئەوەش پێویستە ھەبێت لەبەر شارەزایی، ھەروەھا ٨٠٪ی دەبێت خۆیان بەشێوەی گرێبەست مامۆستا دابمەزرێنن”.

سەرچاوە:ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە