سەردەمی شەھرەزاد
شەھرەزاد ئەو زنجیرە ئێرانیەی لە بەرھەمھێنانی محەمەد ئیمانی و دەرھێنانی حەسەن فەتحی یە ، بە بەشداری ھونەرمەندانی گەورەی بواری شانۆو سینەما : ترانە عەلی دۆستی ـ شەھرەزاد) ( شەھاب حوسەینی ـ قوباد ) ( مستەفا زەمانی ـ فەرھاد ) (مەھدی سوڵتانی ـ ھاشم) (پەریناز ئیزیدیارـ شیرین ) (عەلی نەسیریان ـ بزورگ ئاغا ) ( گیلاری عەباسی ـ عائیشە ) ( مەحموود باک نیت ـ جمشید ) و چەندین ئەکتەری ناوداری بواری سینەماو شانۆی ئێرانی .
ئەم بەرھەمە کە لەو ماوەیەدا لە کەناڵی کورد سات لە سێ بەشی دۆبلاژکراودا بۆ بینەرانی کوردستانی نمایش کرا، بۆتە خاوەنی پڕ بینەرترین زنجیرەی درامی ، بە تایبەت بۆ بینەری ئێرانی ،کە چەند وێنەیەک لە سەردەمی پڕ لە مەرگە ساتی ساڵانی کۆتایی پەنجاکانی ئێران بەرجەستە دەکات، لە رووە ناشیرینەکانی گەندەڵی و ململانێی مافیاکان و جیاوازی چینایەتی و زەوت کردنی ئازادی و راوە دوونانی رۆژنامە نووسان ، لە توێ ی بەرجەستە کردنی سەربوردەیەکی خۆشەویستی دوو قوتابی گەنج کە یەکێکییان لە کولێژی پزیشکی ( شەھرەزاد) ە، ئەوی تریان لە بواری رۆژنامەوانیدا ( فەرھاد ) کار دەکەن ، لەو زەمەندا کە بازرگانەکانی تریاک و و دەرەبەگ و مافیاکان ھەر یەکەو لە شێوەی ئیمپراتۆریەتێکی بچووک کار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەکەن، بە دەست تێکەڵ کردن لە گەڵ کاربە دەستە ھەرە باڵاکانی دەوڵەت، بە ئارەزووی خۆیان گاڵتە بە چارەنووس و ژیانی خەڵک دەکەن ، ئەوان ھەر تەنھا ململانێکانییان لە گەڵ یاسا و عەدالەت و مافی مرۆیی ئەو خەڵکە نیە ، بەڵکو ئەوان لە پێناو تێرکردنی چاوچنۆکییە بێ سنوورەکانی خۆیان، ململانێ لە گەڵ ھاوکوفەکانی خۆشییان دەکەن و لەو پێناوەدا یەکتر لە ناو دەبەن.
ئەو فەرھادو شەھرەزادە کەنموونەی نەوەیەکی نوێ ی ئازادیخوازی ئەو کۆمەڵگایەن ، لە ناو ئەو کەشو ھەوا خنکێنەرەی ئازادی دا یەکتریان خۆش دەوێ و بەڵێنی بۆ یەک بوون بە یەکتر دەدەن ، لە ئان وساتێکا رۆژانە لایەنگرانی دکتۆر موسەدق دژی دەسەڵات دەپرژێنە سەر شەقامەکان و رژێمیش بە ئاگرو ئاسن ھەڵدەکوتێتە سەر بارەگای گۆڤارو رۆژنامەکان و رۆژنامەنووسەکانیان دەستگیر دەکەن و لە سێدارەیان دەدەن ، ئەوەتا فەرھاد یەکێ لەو رۆژنامە نووسانەیە کە لە نێو ھەڵمەتی راوە دوونانی ئەو رۆژنامەنووسانە دەستگیر دەکرێت و فرمانی لە سێدارە دانی بۆ دەردەچێت .
راستە دەرھێنەر رووداوەکان بۆ ساڵانی کۆتایی پەنجاکان دەگێڕێتەوە و لە ژێر ئەو پەردەیە بەرھەمەکەی لە ژێر سانسۆر تێدەپەڕێنێ ، بەڵام ھەموو بینەرێک ئەوە دەزانێ کە ئەو واقیعە کۆتایی نەھاتووەو لە گەڵ بەرپا بوونی شۆڕشی ئیسللامی لە ئێران و تا ئێستاکەش بەردەوامی ھەیە، بۆیە بەشێک لە فاکتەرە ھەرە کاریگەرەکانی راکێشانی سەرنجی بینەرو لە باوەش گرتنی بەرھەمەکە بەو قەوارەو جۆش و خرۆشە، ئەوەیە کە بەرھەمەکە تێنوویەتی بینەر لە نمایش کردنی ئەو واقیعە دەشکێنێ .
تێپەڕاندنی ھێڵی سوور لە لایەن کەرتی تایبەتەوە، رەخنەیەکی زۆری لای موحافیزەکانەوە دروست کرد ، بەڵام زۆرێکیش ھەبوون پێیان وابوو زنجیرەکە بە ئاراستەیەکی دروست دا تێدەپەڕێ ، بە ھۆی تێکشاندنی ئەو تەوقەی لە ئەستۆی دراماو سینەمای ئێرانیدا کراوە و بەلای ئەوانەوە شەھرەزاد ھەوڵێکە بۆ دروست کردنی فۆرمێکی نوێ لە درامای ئێرانیدا، کە تێیدا خواستی زۆرێک لە بینەران بە تایبەتیش گەنجەکان بەدی بێنێ.
ئەم فۆرمە نوێیە وای کرد کە شەھرەزاد ھەر تەنھا نەبێتە خاوەنی زۆرترین بینەر لە ئێراندا ، بەڵکو سنووری ئیقلیمی خۆشی تێپەڕێنیً بەرەو بە جیھانی بوون ، وەک دەرھێنەری زنجیرەکە( حەسەن فەتحی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شەھرەزاد ھەر تەنھا بەرھەمێکی نێو خۆییی تلفازی ئێران نابێت ، بەڵکو دەبێتە بەرھەمێکی نێو دەوڵەتی، دوای ئەوەی (نیت فلیکس ) گرێ بەستێکی لە گەڵ پەخش کارە جیھانیەکاندا مۆر کرد، بۆ کڕین و پەخش کردنی زنجیرەکە بە چەندین زمانی تر .
زنجیرەی شەھرەزاد بە دوو ئاراستەی (سیاسی) و (رۆمانسی ) دا دەڕوات ، لە یەکەمیاندا بەرجەستەی سیاسەتێکی دکتاتۆرانەی خۆ سەپێنەر دژ بە ئازادی بیرو راو دیموکراسیەت دەکات، لە دووەمیاندا ئەو مافیاو دەسەڵات دارو بازرگانانە بە ھەمان پێوەری دەسەڵاتی سیاسی ،دەیانەوێت بازرگانی بە مرۆڤیشەوە بکەن و دەسەڵاتی خۆیان بۆ دەستەبەسەرداگرتنی کردنی خۆشەویستیش بەکاربێنن ، وەک ھەر کەرەستەیەکی بازاڕی سەودا بە خۆشەویستی بکەن .
ئەوەتا ئیمپراتۆرێکی مافیایی وەک بوزورگ ئاغا بەزۆر شیرینی کچی لە قوبادی برازای مارە بڕی دەکا بێ ئەوەی ئەو قوبادە ئەو شیرینەی ناسیبێ ، یاخۆشی ویستبێ ، ئەو خۆش نەویستنە تا کۆتایی ھاتنی ژیانی ئازاری دەداو دەبێتە ھۆی ھەموو ئەو نەھامەتیانەی بە سەری دێ ، ئەوەتا کاتێ بوزورگ ئاغا دەیەوێت بە سزا دان و لێدان قوباد ناچار بکات بە خۆش ویستنی کچەکەی، بە ھەموو دەسەڵاتی جەبەڕووتی خۆیەوە ئەوەی بۆ ناچێتە سەر .
کاتێکیش ئارەزوو دەکات دڵی شەھرەزدا داگیر بکات و ناچاری بە ھاوسەرگیری کردنی بکات لە گەڵ زاواکەی بە ھۆی نەزۆکی کچەکەی و رەچەڵەک نەنانەوە بۆ دیوان سالاری ،بەرامبەر بە رزگار کردنی رۆحی فەرھاد لە سەر پەتی سێدارە ، شەھرەزاد ناچار دەکات لە نێوان دوو بژاردەدا یەکێکییان ھەڵبژێرێ ، یا شوو کردن بە قوباد ، یاخود لە سێدارە دانی فەرھادی خۆشەویستی، شەھرەزاد بۆ پاراستنی رۆحی فەرھاد ناچار دەبێت ھاوسەرگیری لە گەڵ قوباد دا بکات ، بەڵام بزورگ ئاغا ناتوانێت بە زۆر خۆشەویستی قوباد لە دڵی شەھرەزاد دا بچێنێ .. . حەسەن فەتحی لە دیمانەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی : دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی زنجیرەکە لە بەشی یەکەمدا بە دەستی ھێنا ، بینەران ھانیان داین بیر لەبەرھەمھێنانی ھەردوو بەشی دووەم و سێیەمیش بکەینەوە، بۆ ئەوەی دوای نمایش کردنی ٢٦ ئەلقەی بەشی یەکەم کە رووداوەکانی ساڵانی کۆتایی پەنجاکان، لە بەشی دووەمدا باس لە سەردەمی پێش سەرھەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی بکەین لە ئێراندا ، لە ھەمان کاتدا چارەنووسی دوایی ئەو چیرۆکە رۆمانسیەی شەھرەزادو فەرھاد بگەینینە ئەنجام .
لە بەشی یەکەمدا کە ٢٦ ئەلقەیەو دۆبلاژەکەی بۆتە ٣٣ ئەلقە، دەرھێنەر زێتر لە سەر پرۆسە سیاسیەکان وەستاوە و وێنەیەکی جوانی ئەو ھەلو مەرجە سیاسیە خنکێنەرەی ئەو کاتەی نیشان داوە ، لە بەرگێکی کلاسیکی ، لە جلوبەرگ و ئیکسسوارات و بیناسازی و باڵەخانەو ئۆتۆمبیل و ھەموو کەرەستەکانی تر ، کە بینەر بتوانێت وێنەیەکی دەقاو دەقی ئەو سەردەمە ببینێ ، لە قومار خانەو مەیخانەو سینەماو شانۆ و بازاڕو ھەموو رواڵەتەکانی دیکەی ژیان ،رەنگە نیشاندانی زۆر لەو رۆاڵەتانە ماوەیەکی زۆرە لە تی ڤی و سینەمای ئێرانی دا قەدەغە کراون
مستەفا زەمانی ـ وەک ئەکتەری سەرەکی زنجیرەکە دەربارەی بەشی دووەم و سێیەمی زنجیرەکە دەڵێت : من پێم وایە ئەو دوو بەشە لە بەشی یەکەم تێرترە ، چونکە دوای سەرکەوتنی بەرھەمەکە دەرھێنەر گۆڕانکاری زۆری لە فۆرمی زنجیرەکەدا کرد ، ھەروەھا گوتی : مەعنەویاتی تیمی زنجیرەکە لەو دوو بەشەدا زۆر بەرز تر بوو لە یەکەم بەشدا ، رۆژانە بۆ ماوەی١٢ کاژێر زێتر لە بەردەم کامێرادا دەوەستان، بێ ئەوەی ھەست بە بێزار بوون بکەن .
لە بەشی سێیەمی زنجیرەکە چەند کاراکتەرێک زێدەکراون ،ئەوەتا ئەکتەری ناسراوی ئێرانی (ئەمیر جەعفەری ) رۆڵێکی سەرەکی لەو دوو بەشەدا وەک نەقیب دەبینێت ، ھەروەھا ئەکتەری ناسراو رویال نونھالی و رەزا کیانیان، ئاتنە فەقیە نەسیری، مەھدی سوڵتانی،پەریناز ئیزدیار، عەلی نەسریان،مەحمود پاک نیت ،حەمید رەزا، رەزا بەھبودی، رەزا کیانیان ، ئەمیر حسێن رۆستەمی ، لیندا کیانی ،کلارە عەباسی،فریبا متەخەسس، سوھەیلا رەزەوی،غەزەل شاکری، ناھد موسلمی،فرخ نیعمەتی و چەند ئەکتەرێکی تر . ھاتنە ریز ئەکتەرە سەرەکییەکانی تر
یەکێک لە فاکتەرە ھەرە بنەڕەتیەکانی سەرکەوتنی بەرھەمەکە بەشداری بوونی ژمارەیەک لە ئەکتەرە ھەرە ناسراوەکانی بواری سینەماو شانۆی ئێرانە ، کە ھەریەک لەوان بە شێوەیەکی سەرنج راکێش توانیوویانە بەرجەستەی کاراکتەرەکانی خۆیان بکەن لەوانە :
مستەفا زەمانی (فەرھاد)
کە لە دایک بووی ١٩٨٢ ە،دەرچووی بەشی کارگێڕی و ئەندازیاری پیشەسازییە ، بۆ یەکەم جار لە فیلمی یوسفی راستگۆ رۆڵی یوسف پێغەمبەری بینی ، کە سیناریۆکەی چوار ساڵی خایاندووە ، ٢٠ توێژەری مێژوویی بەشدارییان لەنووسینی سیناریۆکە کردووە ،ھەروا بەشداری کردووە لە زنجیرەی بەدەم باوە ،جگە لە چەند فیلمێکی سینەمایی وەک سزا ،ماڵ ئاوا بەغدا ،راز، ئێرە تاریک نیە ،فیتەی کۆتایی ،بەرلین ٧،ھێڵی تایبەتی ،دزی شەقامی باشوورو چەندینی تر ..لە شەھرەزاد دا ، مستەفا زەمانی فۆرمێکی دیکەی نوێمان لە نواندندا نیشان دەدات ، رۆڵی ئەو رۆژنامە نووسە شۆڕشگێڕە دەبینێت ، کە لە لایەک ھەوڵی گۆڕینی ئەو واقیعە تاڵە دەدات ، لە لایەکی دیکەوە ، وەک مرۆڤ خۆشەویستی دەکات بە ھێما بۆ بەرەنگاربوونەوەی واقیعە تاڵە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگاکەی .
تر انە عەلی دۆستی ( شەھرەزاد (
لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٢ ی تارانە،ئەکتەرو وەگێڕە ،خاوەنی خەڵاتی بازی زێڕینە وەک باشترین ئەکتەری فیستیڤاڵی سینەمایی فەجر،ھاوسەری عەلی مەنسورەو مناڵێکی لێی ھەیە ، لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بەشداری سینەمای کردووە بە فیلمی ( من ترانام ) جگە لە چەندین کاری دیکەی سینەماو دراما
ترانە ـ لەو بەرھەمەدا لە رووی ھزرو رۆحەوە لە گەڵ فەرھاد بە یەک دەگەنەوە ، ئەو بەرلە ھەموو شتێ ئەشقی فەرھادە وەک ھزرو ھەڵوێست ،ئەمە وای کردووە قوربانی بە ھەموو شتێ بدات لە پێناوی ئەودا ، بە تایبەت کاتێ بە شووکردن بە قوباد رازی دەبێت تەنھا بەو مەرجەی ئاغای مامی فەرھاد لە سەر پەتی سێدارە رزگار بکات ..ھەمیشە خواستی لە قوباد ئەوەبوو کە خۆی لە ژێر باڵی ترسنۆکی و بێ ھەڵوێستی دەربێنێ و ئەوەندە زەلیلی ژێر دەستی مامە زاڵمەکەی نەبێت ، بەڵام قوباد ئەوەی بۆ نەدەکرا ، بۆیە ھەمیشە لە بەرچاوی شەھرەزاد کەسێکی لاوازو پەڕپووت و بێ دەسەڵات بوو ، نەی دەتوانی بە ھیچ شێوەیەک جێگەی فەرھاد بکاتەوە لە دڵی شەھرەزاد دا .
شەھاب حسینی قوباد (قوباد(
لە دایک بووی ١٩٧٣ یە ، لە دەرچووانی کولێژی زانستی دەروونیە لەتاران ، بەڵام تەواوی نەکردووە ، لە سەرەتادا لە شانۆی زانکۆیی کاری کردووە ، لە رادیۆ بێژەر بووە ، لە تەلەفزیۆن بەرنامەی ئۆکسجین ی پێشکەش کردووە ، یەکەم بەرھەمی بەشداری کردنی بووە لە زنجیرەی پاش باران ، لە سینەما بەشداری فیلمی کاردانەوەی پێنجەم و فیلمی مۆم بە دەم باوە بووە ، جگە لەوەندەش بەشداری چەندین فیلم و زنجیرە درامای کردووە و چەندین خەڵاتی بە نرخی بە دەست ھێناوە ، لەوانەش خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەری بیانی .
لە زنجیرەکەدا رۆڵی قوباد دەبینێت کە کاراکتەرێکی لاوازە، ھەمیشە مل کەچی بڕیارەکانی بوزوگ ئاغای مامیەتی،بۆیە ھەمیشە شەھرەزاد سەرکۆنەی دەکات کە توانای بڕیاردان و روو بە روو بوونەوەی توندو تیژیەکانی شیرینی ھاوسەری و بوزوگ ئاغای نیە ، تەنانەت کاتێ ئاغا فرمانی پێ دەکات لەماوەی شەوو رۆژێکا شەھرەزادی ژنی بۆ پاراستنی دڵی شیرینی کچی تەڵاق بداو منداڵەکەشی لە باوەش دەربێنێ ، ھیچ ھەڵوێستێکی نابێت و ئەوە دەکات کە ئاغا دەیەوێت .
تا لە ئەنجامدا لە ھێرشێکی نیوە شەوی ئاغادا بۆ سەری ، بێ ئاگا لە خۆی لە رووی ئاغادا دەوەستێتەوە و وا لە بزورگ ئاغا دەکات جەڵتە لێی بدات و گیان لە دەست بدات . دوای ئەوەی قوباد دەسەڵات دەگرێتە دەست ، ھەموو دەسەڵاتی خۆی بۆ تۆڵە سەندنەوە لە شەھرەزاد بەکاردێنی و دەبێتە کەسایەتیەکی ئەھریمەنی و شەڕخواز کە تەنانەت خۆشی سەری لە کردە شەڕانیەکانی خۆی سوڕ دەمێنێت ، لەوانەش کوشتنی ھاشم و دەستگیر کردنی فەرھادو فەرمانی لە سێدارەدانی ، بە پشتگیری پیاوە باڵاو دەسەڵات دارەکانی دەوڵەت ، بەلاًَم لە کۆتاییدا دیوان سالاری و ژنەکەی و منداڵەکەی و ھەموو شتێ لە دەست دەدات ، ئەو درەنگ دەگاتە راستیەکان ، بەڵام ئەو دەرفەتەی بە دەستەوە نامێنێ ژیانێکی تر دەست پێ بکاتەوە و لە دەست دوژمنەکانی رزگار بێت .
عەلی نەسیریان (بزورگ ئاغا ) تەمەنی ٨٣ ساڵە ، لە دایک بووی ساڵی ١٩٣٤ ە، دەرچووی پەیمانگای ھونەرە لە تاران ، بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٥٢ چۆتە سەر تەختەی شانۆ، لە چەندین کاری شانۆییدا بەشدار بووە ، لەوانە : ھەزار داستان ، پاسەوانەکانی وێستگەی شەمەندەفەر ، میوەی قەدەغەکراوو چەندین کاری شانۆیی تر .
بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٦٩ بەشداری لە فیلمی سینەمایی (مانگا) دا کردووە، کە لە دەرھێنانی داریوش مھرجونی بوو ، بە سەدان کاری دیکەی سینەمایی و درامی .
دەربارەی بەشداری کردنی لە زنجیرەی شەھرەزاد دەڵێت : من خۆم ئارەزووەکی زۆرم لە بەشداری کردن لەو زنجیرەیەدا ھەبوو، چونکە سیناریۆکەی بەلای منەوە سەرنج راکێش بوو ، جگە لەوەش من ئاشنا بە توانای دەرھێنەرەکەی حەسەن فەتحی یە ، بۆیە ئەو پێشبینیەم دەکرد کە ئێستا دەیبینین ، لە زنجیرەکەدا ئەوەی من زیاتر لە ھەموو شتێ بیرم لێ دەکردەوە بەرجەستە کردنی رۆڵکەم بوو..
بوزورگ ئاغا لە شەھرەزاد دا ، ئەو پیاوە بازرگانە کۆنە پەرستە بوو ، کە ھەرگیز بڕوای بە خۆشەویستی نەبوو ، بۆیە ھەمیشە داوای لە شەھرەزاد دەکرد کە بیر لە خۆشەویستی نەکاتەوە ، لە لایێکی دیکەوە خۆی دابووە پاڵ دارو دەستەی شاو رێگەی ئەوەی نەدەدا کەس زمانی بە خراپە بجوولێ بەرامبەر بە رژێم ، ئەویش سوودی زۆری لەوان دەبینی و دەستی تێکەڵ کردبوو لە گەڵیان بۆ لە ناوبردنی رکابەرەکانی لە بازرگانی دا ، کێشەی سەرەکی ئەو ئەوەبوو کەسی نەبوو جگە لە شیرینی کچی نەبێت بۆ جێگرتنەوەی ، ئەو شیرینەی لە گەڵ قوبادی برازای مارە بڕی کردبوو بۆ ئەوەی نەوەیەک بنێنەوە ، بەڵام ئەو ئاواتەی ئاغا نەھاتە دی ، چونکە کچەکەی نەزۆک دەرچوو ئاغاش بۆ ئەوەی بێ ئومێد نەبێت شەھرەزادی ناچار کرد کە ھاوسەرگیری لە گەڵ قوباد بکات ، بۆ ئەوەی مناڵێک بێنێ ، ئیدی ململانێی شەھەزادو شیرین و قوبادو شیرین گەیشتە لوتکە ، تا وای لێھات سەری بوزورگ ئاغای تێدا بچێ و لە خەفەتان جەڵتە لێی بداو گیان لە دەست بدا .