دامەزراوەی پەی رایگەیاند، ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆشنبیران لە سلێمانی یاداشتێکیان ئاراستەی فراکسیۆنەکان کرد و دەڵێن، دوای ١٨ مانگ لە هەڵبژاردن پەرلەمان پەکخراوە و تەنها شوێنی وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازاتە و هەرێم پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا هەیە.
رێکخراوی پەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک لە چالاکوانان، نووسەران، مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتییە سیاسی و ئاینییەکان، یاداشتێکیان ئاراستەی رای گشتی و فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان کرد سەبارەت بە پەککەوتنی کارەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان.
لە یاداشتەکەدا کە بە هەرسێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “١٨ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا جگە لە سوێندخواردنی ئەندامان و جێگیربوونی مووچە و ئیمتیازاتەکانیان، پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.”
ئەو لایەنانە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایە و پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەیە، بەڵام بە نا بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکرێت، هەروەها بەراوردی دۆخی هەرێمیان بە بەغدا کردووە و دەڵێن، لە عێراق سەرەڕای ناکۆکییەکان پەرلەمان کارایە، بەڵام لە هەرێم خەمساردییەکی گەورە هەیە.
لە یاداشتەکەدا دوو داواکاری سەرەکی خراونەتە روو:
١- پەرلەمانتاران لە نزیکترین وادەدا کۆببنەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن و ئەرکەکانیان رابپەڕێنن.
٢- لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داوای یەکەم، بە میکانیزمی یاسایی کۆتایی بەم خولەی پەرلەمان بهێنرێت، چونکە مانەوەی پەرلەمانێکی پەکخراو تەنها بۆ ئیمتیازات نەنگییەکی گەورەیە.
لە کۆتاییدا داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان کراوە بەدەم یاداشتەکەوە بێن و هەنگاوی جدی بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم بۆشاییە یاسایی و چەقبەستووییە سیاسییەی کە دامەزراوەکانی هەرێمی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.