له‌دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی داعشه‌وه به‌سه‌دان هه‌زار ئاواره له‌ناوچه پڕ ناكۆكییه‌كانی عێراقه‌وه روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد، راسته له‌رووی نیشتهجێبوونو دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك ئاو‌و كاره‌باو پێداویستییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی بوونه بارگرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگ بوون بۆ ئابوری كوردستان‌و بوژاندنه‌وه‌ی بازاڕ.
به‌شی زۆری ئه‌و ئاوارانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ی ده‌ستیان ده‌كه‌وت له‌شاره‌كانی كورستاندا ساغیان ده‌كرده‌وه، ئه‌وانه‌شیان كه ده‌ستڕه‌نگین بوون‌و پیشهیهكیان ده‌زانی پرۆژه‌ی بچووكی خۆیان پێكهوهناو جموجۆڵیان خسته بازاڕ، به‌شێكیشیان بوونه هۆكاری بوژاندنه‌وه‌ی گوندهكانو گه‌شه‌سه‌ندنی سامانی ئاژه‌ڵداریی، ئێستا پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان، بۆشاییه‌كه‌یان به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت.
عه‌لی ره‌حیم (55 ساڵ)، سێ ساڵی رابردوو سه‌رمایه‌كه‌ی كه له‌بواری ئاژهڵدارییدایه بره‌وێكی گرنگی به‌خۆوه بینی، به‌ڵام ئێستا تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌بووه‌و نازانێت چاره‌نووسی ئاژه‌ڵه‌كانی به‌كوێ ده‌گه‌ن‌و ماوه‌ی دوو مانگه به‌دوای خێزانێكدا ده‌گه‌ڕێت كه ئاژه‌ڵه‌كانی بۆ به‌خێو بكه‌ن، چونكه نه تهمهنو نه راهاتنی له‌سه‌ر ژیانی ناوشار یارمه‌تی ناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆی سه‌روكاری ئیشه‌كه‌ی بكات.
عه‌لی دانیشتووی گوندی دێوانه‌یه كه سێ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری خۆرئاوای قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان له‌پارێزگای سلێمانی، ئه‌و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سوودی له‌هاتنی به‌لێشاوی ئاواره عه‌ره‌به‌كان بینی‌و مه‌ڕو ماڵاته‌كه‌ی سپارد به‌چه‌ند خێزانێكی عه‌ره‌ب بۆ ئه‌وه‌ی بۆی به‌خێو بكه‌ن.
ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌م بۆ عهلیو هه‌م بۆ ماڵه عه‌ره‌به‌كانیش سودبه‌خش بوو، چونكه عه‌لی ئه‌وه‌ی مسۆگه‌ر ده‌كرد كه به‌كرێیه‌كی كه‌م مه‌ڕو ماڵاته‌كه‌ی به‌خێو بكرێت، ماڵه عه‌ره‌به‌كانیش هه‌م له‌ناو گونددا خانوویه‌كی خۆڕاییان ده‌ست دهكهوێتو هه‌م پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆ په‌یدا ده‌كه‌ن كه ژیانی خۆیانی پێ مه‌یسه‌ر بكه‌ن.
ئێستا كێشه‌كه‌ی عه‌لی گه‌وره‌یه، چونكه ماڵه عه‌ره‌به‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ شاره‌كانی خۆیان‌و ئه‌وانه‌شیان كه ماونه‌ته‌وه ئاماده نین به‌كرێیه‌كی كه‌م كاره‌كه بكه‌ن.
عه‌لی به”نیقاش”ی وت “جاران سێسه‌د هه‌زار دینارم ده‌دا به‌خێزانێك له‌گه‌ڵ شوێنی مانه‌وه، ئیتر كاره‌كه‌یان بۆ ده‌كردم، به‌ڵام ئێستا هیچ كه‌س به‌و پاره‌یه ئاماده نییه كارێكی له‌و شێوه‌یه بكات”.
عه‌لی خاوه‌نی سێ كوڕ‌و چوار كچه له‌دوای ساڵی 2003 گونده‌كه‌یانی به‌جێهێشتوه‌و چوه‌ته قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌منداڵه‌كانی له‌كه‌رتی گشتی دامه‌زراوه‌و منداڵێكی تری خوێندكار بووه، به‌ڵام مه‌ڕو ماڵاته‌كه‌ی له‌گونده‌كه‌ی خۆیان هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌و به‌كه‌سانی دیكه‌ی سپاردووه، باشترین ماوه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌كه‌شی سێ ساڵی رابردوو بووه كه به كرێیه‌كی كه‌م قازانجێكی زۆری ده‌ستكه‌وتووه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا پێنج خێزانی عه‌ره‌ب، شه‌ش سه‌د سه‌ر مه‌ڕو ماڵاتیان بۆ به‌خێوكردووه.
هاتنی خێزانه عه‌ره‌به‌كان بۆ خاوه‌ن كاره‌كان مایه‌ی خێروبێرێكی زۆر‌و بۆ كرێكاره كورده‌كانیش مایه‌ی بێزارییه‌كی گه‌وره بوو، چونكه یه‌كه‌میان به‌كرێیه‌كی كه‌م كاره‌كه‌یان بۆ رادهپهڕا، دووهه‌میشیان به‌هۆی هاتنی شوێنگره‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه له‌كارو كاسپی بوون‌و به‌نرخه‌كه‌ی جاران هیچ كارێكیان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گونده‌كاندا كشتوكاڵ‌و مه‌ڕوماڵاتیان هه‌بوو، سێ ساڵه بێخه‌م پاڵیان لێداوهتهوهو ئاواره عه‌ره‌به‌كان به‌كرێیه‌كی كه‌م كاره‌كه‌یان بۆ ده‌كردن، به‌ڵام ئێستا ده‌ستیان له‌بنی هه‌مانه‌كه ده‌رچووه‌و هیچیان پێ ناكرێت.
حه‌سه‌ن قاره‌مان (70 ساڵ) دانیشتووی گوندی (وڕێڵه)ی سه‌ربه‌ناحیه‌ی باوه‌نوره له‌باشووری سلێمانی سێ ساڵه ئه‌ویش چه‌ند خێزانێكی عه‌ره‌ب كاری مه‌ڕداریان بۆ كردووه، به‌ڵام ئیدی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆیان‌و به‌و كار‌و كرێیه رازی نابن.
منداڵه‌كانی حه‌سه‌ن گوندیان جێهێشتووه‌و هه‌ریه‌كه له‌شاره‌كاندا خه‌ركی كار‌و خوێندنی خۆیانن، خۆیشی به‌و ته‌مه‌نه‌وه توانای ئاژه‌ڵداریی نه‌ماوه، بۆیه ئاواره عه‌ره‌به‌كان بۆی بووبوونه فریادڕه‌س.
حه‌سه‌ن به”نیقاش”ی وت “هاتنی ئاواره‌كانم به‌هه‌لێك زانی بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه بۆ گوند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی ژیانی شارم نییه، وام به‌باش زانی ئه‌گه‌ر ساڵانه داهاتێكی كه‌میشم ده‌ست بكه‌وێت گرنگ ئه‌وه‌یه له‌زێدو خاكی خۆمدا ده‌ژیم”.
گونده‌كه‌ی حه‌سه‌ن ده‌كه‌وێته 30 كیلۆمه‌تری باكوری قه‌زای كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، پاش ئه‌وه‌ی خێزانه عه‌ره‌به‌كان رۆیشتوونه‌ته‌وه، ئێستا له‌گه‌ڵ ماڵێكی كورد رێككه‌وتووه كاره‌كه‌ی بۆ بكه‌ن، به‌ڵام به‌پاره‌یه‌كی زۆر زیاتر.
حه‌سه‌ن ده‌ڵێت “ئێستا ئاواره‌كان داوای نرخێكی زۆر ده‌كه‌ن یان داوای نیوه‌ی به‌رهه‌می مهڕهكانو دابینكردنی شوێن خه‌رجی رۆژانه‌یان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش نرخیكی زۆره، ئه‌گه‌ر به‌وه ڕازی بین كۆتایی ساڵ هیچ خێرێكمان ده‌ست ناكه‌وێت، بۆیه به‌ناچاری په‌نام بردۆته به‌ر خێزانێكی كورد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ مهڕوماڵاتهكهم بۆ به‌خێوبكات تاوه‌كو ڕێگایه‌كی تر دهدۆزمه بۆ به‌خێوكردنیان”.
به‌خێوكردنی مه‌ڕوماڵات له‌گونده‌كاندا جگه له‌شوانی مهڕهكانو ده‌ركردنیان له‌رۆژدا بۆ له‌وه‌ڕگا، له‌وه‌رزی زستاندا ده‌بێت ئالیك بدرێن‌و رۆژانه جێگه‌كه‌یان لهپاشهڕۆكانیان پاكبكرێته‌وه، له‌گه‌ڵ به‌خێوكردنی به‌رخه‌كانیان تا كاتی فرۆشتنیان.
ئێستا زۆربه‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كان یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زێدی خۆیان، یاخود به‌هۆی شاره‌زایی پهیداكردنو ناسراوییان ئاماده‌نین بهكرێكهی جاران كاربكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هاوكاری حكومهتو رێكخڕاوه مرۆڤ دۆسته‌كان بژێوی به‌شێكیان دابین دهكاتو ئه‌وه ناهێنێت هێنده خۆیان بهمهڕدارییهوه ماندوو بكه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند جارێك رایگه‌یاندووه كه هاتنی به‌لێشاوی ئاواره‌كان قورساییه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردووه له‌بواری نیشتهجێبوونو خزمه‌تگوزاریی، به‌ڵام زیاد له‌به‌رپرسێكی حكومی دانی به‌وه‌دا ناوه له‌بواری جۆربه‌جۆردا سوودیان له‌هاتنی ئاواره‌كان بینیوه.
شاكر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ‌و كۆچبه‌رانی هه‌رێم به”نیقاش”ی وت “ئاواره‌كان ده‌ورێكی باشیان بینیوه له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كاندا، به‌شێكی زۆری ئاواره‌كان ده‌ستی كاران‌و ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18 بۆ 35 ساڵ دایه بۆیه توانیویانه كاریگه‌ری باشیان هه‌بێت له‌په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی‌و ئاژه‌ڵداری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌كرێیه‌كی كه‌م كارده‌كه‌ن”.
هه‌روه‌ها وتیشی “گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر گوندنشینان، له‌به‌رئه‌وه‌ی خێزانه ئاواره‌كان بۆشایی ده‌ستی كاریان پڕ كردبۆوه”.
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، عهلیو حهسهنو هاوشێوهكانیانی له‌خاوه‌ن كاره‌كان خستووه‌ته به‌رده‌م قه‌یرانێك كه نازانن چۆن چاره‌ی بكه‌ن، به‌ڵام كرێكاره كورده‌كانیش ئاسووده‌ن به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، چونكه ئیتر خاوه‌نكاره‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر تواناكانی ئهوانو ئه‌وانیش گیرفانیان گه‌رم ده‌بێته‌وه.
سەرچاوە:نیقاش