ئیمان له‌گه‌ڵ خوشکه‌که‌یدا له‌چێشتخانه‌ی ماڵه‌که‌یان له‌گه‌ڕه‌کی ئیسکانی که‌رکوک سه‌رقاڵی کارکردن بون، له‌پڕ چه‌ند چه‌کدارێک خۆیان به‌ماڵه‌که‌دا ده‌که‌ن‌و ته‌قه‌ده‌که‌ن، هه‌ر له‌وێ فیشه‌کێک ئیمان ده‌پێکێت‌و گیان له‌ده‌ستده‌دات.
روداوه‌که دره‌نگانێکی شه‌وی شه‌ممه که‌ته‌نیا دوو کاتژمێرێکی مابوو بۆ 8ی مارس –رۆژی جیهانی ژنان –رویدا.
ئیمان 14 ساڵه، فیشه‌کێکی کلاشینکۆف به‌ر دڵی که‌وتوه‌و خوشکه‌که‌شی که‌شوی کردوه‌و بۆ سه‌ردان گه‌ڕابوه‌وه ماڵی باوکی 20 ساڵه، برینداره‌و ته‌ندروستی جێگیره.
به‌شێک له‌خانوه‌که‌ی ماڵی ئیمان، کراوه به‌مارکێت‌و دراوه به‌کرێ، چه‌ند کاتژمێرێک به‌ر له‌ڕوداوه‌که ده‌مه‌قاڵێ له‌نێوان خاوه‌نی مارکێته‌که‌و ژماره‌یه‌ک چه‌کداردا دروستبوه له‌سه‌ر قه‌رز، ئه‌وه‌ش به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی که‌سوکاری ئیمان که‌په‌یامنێری (که‌رکوک ناو) له‌یه‌که‌م رۆژی پرسه‌که‌دا له8ی مارس سه‌ردانیکردن.
دایکی ئیمان له‌پرسه‌ی کچه‌که‌ی وتی «به‌ر له‌ڕوداوه‌که ژماره‌یه‌ک چه‌کدار له‌گه‌ڵ خاوه‌نی مارکێته‌که بوه ده‌مه‌قاڵێیان‌و به‌چاوی خۆم ئه‌و چه‌کدارانه‌م بینی، هه‌ر ئه‌وانه‌بون هاتنه‌سه‌ر ماڵی ئێمه‌و ته‌قه‌یانکرد».
به‌پێی گێڕانه‌وه‌کان، ئه‌و چه‌کدارانه ویستویانه ته‌قه له‌خاوه‌نی مارکێته‌که بکه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی داوای قه‌رزه‌که‌ی لێکردون، به‌ڵام خه‌ڵکی ناوچه‌که ناوبژیوانیان کردوه‌و دۆخه‌که هێورکراوه‌ته‌وه.
دایکی ئیمان وتی «دواتر ئه‌و چه‌کدارانه گه‌ڕانه‌وه‌و خۆیان به‌حه‌وشه‌ی ماڵی ئێمه‌دا کرد، منیش وتم ئه‌مه ماڵی خاوه‌نی مارکێته‌که نیه، ئه‌و کرێچیه«.
چه‌کداره‌کان، چوار که‌س بون‌و ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMWیان پێبوه، شۆفێره‌که له‌ئۆتۆمبێله‌که دانه‌به‌زیوه‌و سیانه‌که‌ی تر یه‌کێکیان له‌به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌که‌و دوانه‌که‌ی تریش چونه‌ته حه‌وشه‌وه‌و ته‌قه‌یانکردوه، به‌پێی گێڕانه‌وه‌کانی دایکی ئیمان.
وتیشی «ئه‌وان گوێیان به‌قسه‌ی من نه‌داو به‌کڵاشینکۆف ته‌قه‌یان کرد»، فیشه‌کێک به‌ر ئیمان که‌وت‌و گیانی له‌ده‌ستدا دانه‌یه‌کی تریش به‌ر خوشکه‌که‌ی.
ناسح ئه‌نوه‌ر باوکی ئیمان له‌خه‌می له‌ده‌ستدانی کچه‌که‌ی نه‌یتوانی قسه بکات، بۆیه سامان جومعه، کوڕی پوری ئیمانی راسپارد قسه‌بکات‌و چیرۆکه‌که‌ی هاوشێوه‌ی وته‌کانی دایکی ئیمان گێڕایه‌وه.
که‌سوکاری ئیمان گله‌یی له‌پۆلیس ده‌که‌ن، که له‌کاتی ده‌مه‌قاڵێی نێوان چه‌کداره‌کان‌و خاوه‌نی مارکێته‌که ئاگادارکراونه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌ڕۆیشتون به‌ده‌م کێشه‌که‌وه.
پۆلیس به‌وته‌ی که‌سوکاری ئیمان کاتژمێر 12:30 چونه‌ته شوێنی روداوه‌که، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ته‌رمی ئیمان له‌پزیشکی دادی که‌رکوک هێنراوه‌ته‌وه بۆ ماڵ.
عه‌قید یوسف محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌ی پولیسی ئازادی شاری که‌رکوک، که‌شوێنی روداوه‌که سه‌ر به‌بنکه‌که‌یه‌تی، وتى “دۆسیه‌ی ئه‌و کچه کوژراوه‌و خوشکه برینداره‌که‌ی لای ئێمه‌یه، روداوه‌که‌ی رویداوه به‌هۆی قه‌رزی خاوه‌ن مارکێته‌که بوه له‌سه‌ر ئه‌و چه‌کدارانه«.
وتیشی «هێشتا که‌س له‌سه‌ر دۆسیه‌که ده‌ستگیرنه‌کراوه‌و فه‌رمانی گرتنیش بۆ که‌س ده‌رنه‌چوه، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ربچێت تاده‌ستگیریان بکه‌ین که سێ که‌سن‌و ناسراون، له‌نێویاندا کارمه‌ندی ئاسایشی یه‌کێتی هه‌یه«.
عه‌مید سمکۆ مه‌حمود، وته‌بێژی ئاسایشی یه‌کێتی له‌که‌رکوک، وتى «ئه‌و سێ که‌سه‌ی چونه‌ته‌سه‌ر ئه‌و ماڵه سه‌رخۆش بون‌و کاریگه‌ری (مه‌ی)یان پێوه‌بوه، تائێستا دوو که‌سیان ناسراونه‌ته‌وه که‌هه‌ردوکیان کارمه‌ندی ئێمه‌بون».
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه دایکی ئیمان ده‌ڵێت چوارکه‌س بون.
عه‌مید سمکۆ وتی «یه‌کێکیان له‌و که‌سانه لای ئێمه‌یه‌و ده‌ستگیرکراوه‌و به‌ندمان کردوه، ئه‌وه‌ی تریش هه‌ڵهاتوه‌و پێده‌چێت چوبێته سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ».
ئاماده‌یی خۆشیانی نیشاندا بۆ راده‌ستکردنی چه‌کداره‌کان.
لیژنه‌ی ژنان‌و مافی مرۆڤ له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، هۆکاری روداوه‌کانی کوشتنی ژنان له‌شاره‌که، بۆ زۆری چه‌ک ده‌گه‌ڕێننه‌وه له‌ماڵدا.
جوان حه‌سه‌ن، سه‌رۆکی ئه‌و لیژنه‌یه، وتى «به‌داخه‌وه له‌م یاده‌دا (8ی مارس) ده‌بوو خۆشی بگێڕین، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو، ئه‌و روداوه‌ش که‌ڕویداوه من ده‌یگێڕمه‌وه بۆ هه‌بونی چه‌ک له‌ده‌ست هه‌موو که‌سێکدا».
وتیشی «ژنان بونه‌ته قوربانی بونی زۆری چه‌ک له‌ده‌ست خه‌ڵک».
له‌یه‌که‌م رۆژی پرسه‌ی ئیماندا رێکخراوه‌کانی ژنان سه‌ردانی پارێزگاری که‌رکوکیان کرد‌و داوایانکرد کاربکرێت بۆ که‌مبونه‌وه‌ی چه‌ک له‌ده‌ستی هاوڵاتیان.
سرود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی گروپی نا بۆ توندوتیژی دژ به‌ژنان له‌شاری که‌رکوک –گروپه‌که له‌ژماره‌یه‌ک له‌ڕێکخراوه‌کانی ژنان‌و کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی پێکهاتوه بۆ داکۆکیکردن له‌دۆزی ژنان-، وتى «به‌دواداچونی ورد بۆ ئه‌و روداوه ده‌که‌ین‌و له‌سه‌ردانه‌که‌شماندا بۆ لای پارێزگاری که‌رکوک‌و سه‌رۆک ئه‌نجومه‌ن قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و روداوه کردوه«.
وتیشی «هۆکاری سه‌ره‌کی روداوه‌که زیادبونی ژماره‌ی چه‌کداره«.
داواشیکرد که‌یسه‌که‌ی ئیمان، وه‌ک «که‌یسه‌کانی تری توندوتیژی دژ به‌ژنان دیزه به‌ده‌رخۆنه نه‌کرێت».
گرفتێکی کێشه‌ی ژنان له‌که‌رکوک ئه‌وه‌یه، دۆسییه‌کانیان وه‌لاوه‌ده‌نرێت‌و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌خوێنی ژنان سوره سزانادرێن.
به‌ڵام سرود وتی «ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌یسه‌ش وای لێبکرێت، په‌نا ده‌به‌ینه‌به‌ر شه‌قام‌و گردبونه‌وه‌و خۆپیشاندان».
که‌سوکاری ئیمان داوایانکرد دادگا له‌که‌یسی کچه‌که‌یان به‌ڕۆڵی خۆی هه‌ستێت‌و بکوژانی ئیمان سزابدات، دوای ئه‌وه‌ی داوای یاساییان تۆمارکرد.
هاوڵاتی، که‌رکوک ناو: