بیۆگرافیای ڤلادیمیر ئیلیچ لێنین 1870ــ1924
لێنین درێژه پێده‌ری ڕێبازی مارکس و ئه‌نگڵس و ڕابه‌ری پرۆلیتاریای روسیا و نێوده‌وڵه‌تی و دامه‌زرێنه‌ری حزبی کۆمۆنیستی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت، له سیمبرسک له ساڵی 1887دا له‌دایک بووه. چۆته کۆلیژی حقوق له کازان به‌ڵام به هۆی چالاکیه‌کانی له نێو بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری‌دا ده‌ستگیر ده‌کرێت و دوابه‌دوای ئه‌مه هه‌ر له‌و شاره‌دا خۆی ده‌شارێته‌وه‌و ده‌که‌وێته ژێر چاودێری پۆلیسه‌وه له دێی کوکوشیکتو. له کازان له ساڵی1888ـ 1889 و له سماری و له ساڵی 1893ـ1898 دیراسه‌ی مارکسیزمی کردووه‌و بۆته مارکسی و یه‌که‌مین کۆمه‌ڵێ مارکسی له شاری سماری پێکهێنا و له 1893دا که گه‌یشته شاری بترسبۆرگ بووه ڕابه‌ری مارکسیه‌کان له‌وێدا و چالاک بووه له بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌رسه‌کانی مارکسیزمدا له ناو کرێکاراندا. له‌ساڵی1894دا یه‌که‌مین کتێبی ناوداری نوسی که بریتی بوو له(کێن هاوڕێیانی خهڵکو چۆن سۆسیال دیموکراته‌کان ده‌جه‌نگن). له ساڵی 1895 کۆمه‌ڵه مارکسیه‌کانی یه‌کخست له ڕێکخراوی( یه‌کێتی خه‌بات له پێناوی ڕزگاری چینی کرێکار) له شاری بترسبۆرگ، به دوای ئه‌مه‌دا یه‌کسه‌ر زیندانی ده‌کرێت و نه‌فی ده‌کرێت بۆ سیبریا و له سه‌ره‌تاکانی 1900دا ده‌رده‌کرێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات. هه‌ر له‌وێ گۆڤاری ئیسکرا که یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی مارکسی ده‌بێت ده‌رده‌کات له زۆرترین ناوچه‌ی روسیادا بڵاوده‌کرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌ورێکی گرنگی ده‌بێت له پێکهێنانی حزبێکی مارکسی تازه‌و دانانی به‌رنامه‌ی حزبدا هه‌روه‌ها له کێشمه‌کێشدا له دژی ڕیفۆرمخوازه‌کان و ئهنارشیستهکاندا. ئه‌مه‌ش له کۆنگره‌ی دووه‌می ڕێکخراوه‌که‌یدا که له‌ساڵی 1903دا به‌سترا ده‌بێته مایه‌ی دامه‌زراندنی حزبی به‌ڵشه‌فی. ئه‌و حزبه‌ی، به ڕابه‌رایه‌تی لێنین، ڕابه‌رایه‌تی پرۆلیتاریا و جوتیاران و زه‌حمه‌تكێشانی کرد بۆ ڕۆخاندنی ئۆتۆکراتی قه‌یسه‌ر و دامه‌زراندنی نیزامی سۆسیالستی له جێیدا.
کارێکی مه‌زنی لێنین ئه‌وه بوو که مارکسیزمی به شێوه‌یه‌کی بلیمه‌تانه په‌ره‌پێدا به له‌به‌رچاو گرتنی بارودۆخی مێژوویی تازه‌و شێوه‌یه‌کی دیاری کراوی پێدا له‌سه‌ر پایه‌ی ئه‌زموونی عه‌مه‌لی شۆرشی روسیا و جووڵانه‌وه شۆڕشگێڕیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له دوای مه‌رگی مارکس و ئه‌نگلسه‌وه. لێنین له کتێبی( ئیمپریالیهت به‌رزترین قۆناغی سه‌رمایه‌داریه.1916)دا توانی شێوه‌کاری به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری که مارکس له کتێبی (سه‌رمایه)دا پێی هه‌ستا بوو، لێکبداته‌وه. به‌م جۆره یاساکانی گه‌شه‌کردنی ئابووری و سیاسی سه‌رمایه‌داری له سه‌رده‌می ئیستیعماردا دۆزیه‌وه. لێنین تیۆری حزبی پرۆلیتاریا وه‌ک حزبی سه‌رکرده و ڕێکخه‌ر، که به‌بێ ئه‌مه ناتوانرێت دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا‌و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمۆنیستی دابمه‌زرێت، داهێنا. به‌م جۆره لێنین بووه یه‌که‌م ڕابه‌ری یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تی پرۆلیتاریا له مێژوودا، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که توانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنی له به‌رامبه‌ر دوژمنانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌داو توانی بینای سۆسیالیزم بکات به شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه.

لێنین ده‌ڵێ ئابووری و سیاسه‌ت و ستراتیژ و تاکتیک ئه‌و شتانه‌ن که ناتوانرێت به‌سه‌ریدا باز بدرێت کاتێک ده‌ته‌وێت جه‌ده‌ل بکه‌یت له ژیانی واقعیدا. له وتاری(سه‌باره‌ت به گرنگی ماددیه‌تی خه‌باتکار..1922) ئه‌و مه‌هامه زیندووانه‌ی که ده‌بێ پشتی پێ ببه‌سترێت له پێناو پێشخستنی فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزمدا خسته‌ڕوو له‌وانه کێشمه‌کێش دژی بیروڕای دینی له جیهاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی وابوو که تێگشتنی ماددیانه‌ی مێژوو لای مارکس مه‌زنترین ده‌سکه‌وتی مارکسیزمه. لێنین تیۆری ماددیه‌تی مێژووی به بنه‌مای زانستی گه‌یشتن به تێگه‌یشتنی یاساکانی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌باتی شۆڕشگێڕانه له پێناو گۆڕینی کۆمه‌ڵگا به کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆسیالیستی دانا. به‌م جۆره توانی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی مارکسیزم پێش بخات له هه‌موو بواره‌کاندا. ئه‌و شته گرنگانه لێنین چووه سه‌ری له بهحسهکانیدا کێشه‌ی چینه‌کان و خه‌باتی چینایه‌تی و ده‌وڵه‌ت و شۆڕش بوو که له کتێبی ده‌وڵه‌ت و شۆڕشدا باسی کردوون و ده‌وری جه‌ماوه‌رو په‌یوه‌ندی جه‌ماوه‌ر به حزب و سه‌رکرده‌وه دیاری ده‌کات له سه‌رده‌می شۆڕشی سۆسیالیستی و بینا کردنی کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیستیدا. نه‌ک هه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه، لێنین بیرێکی زۆر به‌هێزی دا به‌ده‌سته‌وه له سه‌ر ڕۆشنبیری و شۆڕشی ڕۆشنبیری و ئه‌خلاقیاتی سۆسیالیستی و هونه‌ری سۆسیالیستی.
لێنین دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵی تیرۆر کردنی ده‌درێت بریندار ده‌بێت و گولله‌یه‌ک له ملیدا جێگیر ده‌بێت. ساڵی 1922 چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ده‌کرێت بۆ ده‌رهێنانی ئه‌و گولله‌یه به‌ڵام سه‌رکه‌وتو نابێت و به دوای ئه‌ودا چه‌ندین جار جه‌ڵده‌ی مێشک لێی ده‌داو باری ته‌ندروستی به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات. دواجار له ساڵی 1924دا له شاری گۆرکی جارێکی تر جهڵدهیکی تووند لێی ده‌داو گیانی له‌ده‌ست ده‌دات. بۆ مه‌راسیمی پرسه‌که‌ی و گواستنه‌وه‌ی ته‌رمه مۆمیا کراوه‌که‌ی بۆ مه‌یدانی سوور ملیۆنه‌ها کرێکار و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش به خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه به‌شداری ده‌که‌ن.
ئاماده‌کردنی: جبار محسن