خواستی ئیسرائیل گەورەبوونەوەی شەڕی غەزەو هاویشتنی پریشکی ئاگرەکەیە بۆ تەواوی ناوچەکە، هەروەکچۆن ناتەنیاهۆ لە سەروبەندی دەستپێکی شەڕی غەزەدا، ڕایگەیاند،”ئەم شەڕە دەبێتە گۆڕانکاری لەناوچەکەدا.”
ئێران تا ئێستا لە ڕێگەی حوسییەکان و حزبوڵاو سوریا و گروپەکانی عێراقەوە جوڵە دەکات، نایەوێ پریشکی شەڕەکە خۆی بگرێتەوە، یاخود نایەوێ خۆی بەفەرمی داخلی شەڕەکە بێت، بەڵام لە سوریا سەرکردەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج. ترسیشی لە گەیشتنی شەڕەکە بۆ ناو خۆی وایکردووە نەوبەناو خۆشی هێرش بکات.
تورکیا سەرەتا هەوڵیدا لە ڕێگەی گروپەکانی سەر بە خۆیەوە لە ڕوسیا داخل ببێت، ڕەنگە پێشبینی نەکردبێ شەڕ بگاتە ئەم قۆناغە هەستیارە، بەڵام ئێستا وەستاوەو هەستیارانە مامەڵە دەکات و دەیەوێ خۆی بپارێزێ، ناشیەوێت دەست لە کوردانی ڕۆژاوا بپارێزێت.
ئەمەریکا هەوڵدەدات شەڕی غەزە تەشەنە نەکات، لە جوگرافیایەکی سنورداردا بمێنێتەوە، بەڵام نە ئیسرائیلی پێ ڕادەگیرێ، نە گروپە نزیکەکان لە ئێرانیش. بنکە سەربازییەکانی خۆشی لێیدەرێ، باخیرەکانی دەکرێتە ئامانج، بۆیە ناچارە سەرباری ئەوەی لەبەردەم هەڵبژاردندایە، بەڵام ناوبەناو وەڵامی بۆ هێرشەکان هەبێت.
واتە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغی پێش شەڕدایە، لێدانی زلهێزەکان لە گروپەکانی نزیک یەکتری خەریکە وادەکات دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، خەریکە دۆخەکە شەڕی وەکالەت تێدەپەڕێنێ. چاوەڕێی ئاڵۆزبوونی زیاتری ناوچەکە دەکرێ، خۆ گەر لەیەکترنزیکبوونەوەو دانوستانی ژێر بە ژێر نەیەتە ئاراوە، بێگومان شەڕەکە گەورەتریش دەبێتەوە.
جێی پرسیارە دۆخی هەرێم و ڕۆژاوای کوردستان لەم کێشمەکێشە ناوچەییەدا چۆن دەبێت؟
بۆ هەرێمی کوردستان لەیەکتێگەشتنێکی ئیقلیمی، واتە ئێرانی و تورکی و عێراقی هەیە لەمە بچوکترو لاوازتر بکرێ، لەڕێگەی یاساو دادگای فیدراڵییەوە.
ڕەنگە عێراق ناوبەناو بڕێک پارە بۆ موچە بنێرێ، کە بەردەوامبوونی گەرەنتی نییە، بەڵام دواجار هەرێم لەبەردەم قەیرانی فعلیدایەو مەترسی جدی لەسەر ئایندەی هەیە، چونکە هێزەکانی دەوروبەر هەریەکەو بە هۆکارێک لەگەڵ لاوازکردن و تا ئاستی بەپارێزگا کردنیدان.
ڕۆژاوای کوردستان لەناوخۆوە بەهێزە، بەڵام گەر پشتگیری دەرەکی نەبێت ناتوانیت بەرامبەر فشارە ئیقلیمییەکان خۆی ڕابگرێت. پاڵپشتی ڕۆژاوا ئەمەریکایە، سەرقاڵبوونی ئەمەریکا بەغەزەو ئۆکرانیاو شەڕی خۆی لەگەڵ گروپەکان دەستی تورکیای کراوە کردووە، تا ئاستی ئەوەی مەترسی ئەوە دەکرێت لەداهاتوودا دەستی گەورەی ليبوەشێنێت.