د. جەعفەر عەلی
ڕوبەرێکی گەورەی مێژوی بەشەرییەت، بە خوێن و دڕندەیی داپۆشراوە. مرۆڤایەتی هەرگیز نەیتوانیوە سیستەمێک بەرهەم بهێنێت، تێیدا کەرامەت و بونی مرۆڤەکان ڕێزلێگیراو بێت. دادپەروەری و دیموکراسی، لە ڕوی تیۆرییەوە، دو چەمکی ناو ڕوبەری مێژوی بیرکردنەوە و عەقڵی مرۆڤایەتین، بەڵام لە ڕوی پراکتیکەوە، دەیان فرسەخ لە ویژدان و ئەخلاقی کۆی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە سیاسییانەوە دورن، کە مرۆڤ خۆی دروستیکردون. گەڕان بە دوای دۆزینەوەی سیستەمێک بۆ دادپەروەری و بەهای مرۆڤبون، سیستەمێک لەسەر بنەڕەتی پرەنسیپی مرۆیی، نەک ڕەگەز، نەژاد، نەتەوە، دین و مەزهەب، یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری،لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، گەڕانە بە دوای بازنەیەکی خاڵی و جوگرافیایەک کە هێشتا مرۆڤ بەهێزەوە قاچەکانی لەسەر نەچەسپاندوە.
کۆی سیستەمە سیاسییەکان، چەند بۆ ناوەوەیان کراوە و دیموکراسی بوبن، هێندە بۆ دەرەوەی خۆیان و گەلانی بێهێز، دڕندەو وەحشی بون، دڕندەیەک بەتاڵ لە هەر مانا و بەهایەکی مرۆڤبون، دڕندەیەک ئامادەیە فرمێسک و خوێن بەسەر چەکدار و بێ چەکدا، بەسەر گوناهبار و بێگوناهدا، وەکیەک ببارێنێت، ئامادەیە بۆمب و موشەکەکانی بەوپەڕی سەخاوەت و بە بەرچاوی دونیایەکی فودراو بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، جیهانێک پڕ لە درۆی بازرگانانی دین و مەزهەب، بگوازێتەوە بۆ ناو دڵی منداڵێک و جەستەی پیرە پیاوێکی ماندو بە دەست ئازارەکانی ژیان و بەدئەخلاقی ئەوانەوە.
مێژو هەر وابوە، زۆربەی کات بەهێزەکان دەینوسنەوە، دونیا گۆڕەپانی یاری ئەوان و مرۆڤەکانیش وەک تۆپی بەر قاچەکانیان، هەر ڕۆژە و بە ئاراستەیەک شەقی هێزی ئەوانی بەرکەوتوە. ئەوەی ئەمڕۆ دونیا دەجوڵێنێ، هێزە. یان دەبێ خاوەنی هێز بیت، یان بچوک و کاسەلێسی بەردەم ماڵی بەهێزەکان. مادام هەموانیش وەکیەک خاوەنی هێز نین، بێهێزەکانیش وەکیەک بە بچوکی و ملکەچی ئەوان ڕازی نین، کەواتە ئەم شەقی هێزە هەمیشە وەک مەترسییەک بەسەر ژیان و کەرامەتی بێهێزەکانەوە دەمێنێتەوە، ئەو بێهێز و پەراوێزخراوانەی دەخوازن ببنە خاوەنی هێز و ناسنامەی تایبەت و بونی خۆیان.
جەنگ، واتە ڕوبەری خوێن، واتە بازدان بەسەر کۆی بەها و پرەنسیپە مرۆیی و ئەخلاقییەکان، هیچ جەنگێک نییە، بە ناو خوێنی خەڵکی بێ چەک و بێگوناهی مەدەنیدا تێنەپەڕیبێت، هیچ جەنگێک نییە، منداڵ و ژن و تەنانەت پیر و پەککەوتەکانی تێدا نەبوبن بە قوربانی، بۆیە قسەکردن لە پاراستنی مافی خەڵکی مەدەنی لە جەنگ، جگە لە درۆی دونیایەکی خاڵی لە بەهای مرۆڤبون، هیچی دی نییە.
من لە ئاستی گشتیدا قسە دەکەم، نەک نمونە و ڕوبەرێکی دیاریکراو. بەرزکردنەوەی دروشمی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە جەنگدا، درۆی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنەکانی جەنگە، دروشمێکە هێندەی خودی جەنگ خۆی، گوناهی لە ئەستۆدایە، دروشمێکە وەک سەری بازرگانانی جەنگ، بە خوێن وڕ و کاسە.
جەنگ بۆ بردنەوەیە، لە جەنگدا کەس ئارەزوی دۆڕان و شکست ناکات، هەر لایەنێکی جەنگ سەرنجی ستراتیژی جگە لە بردنەوە لەسەر هیچی دیکە نییە، ئیدی وەک ناتانیاهۆ و غالانت دەچێتە جەنگەوە، یان حەماس و عەمامە بەسەرێکی وەک خامەنەئی و نەسڕوڵڵا، بایەخێکی نییە. هێز و تەکنۆلۆژیای سەربازی ئیسرائیل لەبەردەستی حەماس بایە، دۆخی ئیسرائیل لە ئێستای حەماس و فەلەستین گەلێک خراپتر دەبو، ئەمریکا هاوپەیمانێکی ستراتیژی هێزێکی وەک حیزبوڵڵای لوبنانی، یان میلیشیاکانی عامری و خەزعەلی بایە، ئێستا لە تەلئەبیب خەڵکی مەدەنی بە دروشمی (اللە اکبر) لە ملیان دەدرا. ئەو قسانەم بۆ ئەوە نییە داکۆکی لە ستەمی هیچ هێز و دەسەڵاتێک بکەم، بەڵام من وا لە جەنگ و حەقیقەتی جەنگ تێگەیشتوم، کە هەموان، سەرمایەدار و کۆمۆنیست، دیندار و بێدین، موسڵمان و مەسیحی و جولەکە، بەهێز یان بێهێز، لە جەنگدا یەک ئامانجیان هەیە؛ سەرکەوتن، ئیدی گرنگ نییە چۆن بە سەرکەوتن دەگەن، گرنگە ئەوەیە سەرکەوتن بە دەست بێنن.
ئێمە شاهیدی دەیان تاوانی گەورەی ئەو بێهێزانەی خۆمانین لە کوردستان (بە ئیسلامی و عەلمانییەوە)، کە چی کارەساتێکی گەورەیان بەسەر لایەنی بێهێزتر لە خۆیان و کوردیش هێناوە، چۆن خەڵکی مەدەنی و بێ چەکیان کردوەتە خۆراکی ململانێی نێوان خۆیان، چۆن دیلی شەڕیان کوشتوە و خەڵکی مەدەنی بێ چەکیان لە ماڵ و شاری خۆی بە پاساوی جیاوازی بیرکردنەوەی سیاسی، دەرکردوە. جاری دیکەیش گوتومە، ئەگەر ئەم هێزانەی خۆمان چەکی کیمیاییان هەبایە لە دژی یەکدی بەکاریاندەهێنا، ئیدی باس لە کام یاسای جەنگ، کام مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی مەدەنی بکەین. لە جەنگدا هەموان لە یەککاتدا هەم بکوژن و هەم کوژراو، ڕەنگە بێ ئەوەی بیرت لێکردبێتەوە ببیتە بکوژێک، یان خۆشحاڵ بیت بە کوشتنی کەسێکی دی، یان لە پڕ موشەکێک بێتە سەر سفرەی نانخواردنەکەتەوە و ببیت بە کوژراوێکی جەنگ. ئەوەیە جەنگ و ماهیەتی جەنگ.