
19 تشرینى یەکەمى 2023، وەزارەتى پلاندانانى عێراق ئەنجامى رووپێوییەکى بڵاوکردەوە کە دەزگاى ناوەندى ئامار لەبارەى بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاى زانیاری و پەیوەندى لەلایەن خێزانەکانەوە کە بۆ ساڵى 2022 کراوە.
بەگوێرەى رووپێوییەکە 86%ـی هاووڵاتییانى عێراق کە تەمەنیان لە پێنج ساڵ زیاترە، مۆبایل بەکاردەهێنن و 90%ـی پیاوان و 81%ـی ژنان بەکارهێنەرى ئەو ئامێرەن و 14%یان مۆبایل بەکارناهێنن، هاوکات 92%ـی ئەوانەى مۆبایل بەکاردەهێنن مۆبایلى زیرەکیان پێیە و ئەوانى دیکە مۆبایلى ئاسایی بەکاردەهێنن.
بەغدا لە ریزبەندى یەکەمى زۆرترین بەکارهێنەرى مۆبایل دایە کە 97%ـی دانیشتووانەکەى بەکارهێنەرى ئەو ئامێرەن و بەدوایدا پارێزگاى نەجەف دێت بەڕێژەى 93.5% و بەسرە لە پلەى سێیەمدایە بە رێژەى 93% و کەرکووکیش لە ریزبەندى چوارەمدایە کە 92%ـی دانیشتووانى مۆبایل بەکاردەهێنن و واست لە ریزبەندى پێنجەمدایە بە رێژەى 72%.
19ـی تشرینى یەکەمى 2023، عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، “ئەو رووپێویە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە.”
عەبدولزەهرە هنداوى گوتیشى، “ئەو رووپێوییەى دەزگاى ناوەندى ئامار، دووساڵ جارێک بە پشتبەستن بە زانیارى فەرمانگەکانى ئامار لەپارێزگەکاندا و بە هاوکارى دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەکرێت.”
رووپێوییەکە ئاشکرای کردووە کە 79%ـی ئەو هاووڵاتییانەى تەمەنیان لەسەروو پێنج ساڵانەوەیە، تۆڕى ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، 85%ـی رەگەزى نێر هێڵى ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و 72%ـی رەگەزى مێ بەهەمان شێوە بەکارهێنەرى ئینتەرنێتن.
پارێزگاى بەغدا لە ریزبەندى یەکەمدایە لە رووى زۆرى بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت کە 96%ـی دانیشتووانەکەى بەکارى دەهێنن و بەدوایدا بەسرە دێت بە رێژەى 92.5% و کەرکووک بە پلەى سێیەم دێت بە رێژەى 85%، چوارەمیش پارێزگاى موسەننایە کە 62% دانیشتووانى بەکارهێنەرى ئینتەرنێتن. هەروەها بەگوێرەى ئەنجامى روپێوییەکە، 92%ى شارنشینان و 83%ى گوندنشینەکان بەکارهێنەرى ئینتەرنێتن.