جاران گڕوتینی خوێندنەوە تێکەڵ بوو بە جۆرێك لە سیاسەت و کلتوری بەرەنگاری. پڕۆسەیەك بوو هەندێك ناوی لێ دەنا ” ڕێگای گەیشتن بەحەقیقەت”، هەر بەهەمان ریتم نەوەیەك شاری بەجێدەهێشت و دەچووە شاخەکان و ناوی لەم وەرچەرخان و ریسکە دەنا ” ڕێگای ڕزگاری”، سەرەنجام ئەگەر هەموو ئەو ناو لێنانە بکوشینە نێو یەك ڕستەی دەسکەوتی مێژوو دەبینین، ئێمە بەشی زۆری کۆمەڵگە هیچمان نەبردەوە ! ناو لێنانەکان هەڵە بوون؟ ئەدرەس و جیهان بینی بەرەنگاریەکە خۆی تاڵان کرابوو؟ ڕەنگە زۆر شتیتر هەبێت کە پێویستی بەوەیە دەرگای ئەرگیومێنتی تازە بکەینەوەو هەندێ دەرگایتریش داخەین.
ئەم ساڵانەی دوایی دوو تەوژمی بێ باك لە لە مامەڵە لە گەڵ فیکری سیاسی پەیدابوو؛ یەکەمیان خۆی لە پەنای دەستەواژەی ” چاودێری سیاسی یان شرۆڤەی سیاسی ” مەلاس دەدا، ڕەهەندێك بوو ئەوەندەی ئەرکی شەرعیەت پێدانی دۆخی باو و مەوجودی لە ئەستۆ گرتبوو ئەوەندە کاری بە ڕۆشن کردنەوەو تێگەیشتن نەبوو لەو کات و جیهانەی تیا ئەژین.
لە بەرامبەریدا رەهەندێکیتر خۆی وەکو ڕەخنەگر نیشان دا، ئەوەیان سەرەڕای ئەوەی ڕەخنەگر بوو لە وەزیفەی سەتحی ئەو چاودێر و شرۆڤەکارە سیاسیانە، بەڵام هەموو جۆرە هەوڵ و کۆششێکی شیکردنەوەو فاکتی “پێشبینی” لەسیاسەتدا بێ نرخ کرد، هەموو جۆرە هەوڵدانێك بۆ تێگەیشتن لە دونیای بێ نرخ دەکرد دەیووت “حاڵی خۆمان زۆر جوانە شیکردنەوەی دەرەوەمان بۆ دەکەن” ، ئەم ڕەهەندە رەخنەگرە زۆر شتی کەبت کرد، تەنیا ئەوانە نەبێت کە لە فەلەکی ئەو ڕەهەندە ئیشیان دەکرد، سەرەنجام جۆرە ترس وشەرمێك پەیدابوو لەوەی بەروبومی موتابەعەو خەمی سیاسی تەرجومە بکرێت بۆ پڕۆژەو، پێشبینی و، موبادەرەی سیاسی.
ئەمڕۆ لێرە دەبێ بگەڕێینەوە سەر چەمکە کلاسیکەکەی” کردار” لە پەرەگرافەکەی پێشوو، بە ئەپدەیتێکی بنەڕەتی، چونکە ئێمە چیتر کاتی ” ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەت” مان نەماوە، چونکە بە زیادەوە لە بن دەستە.
بارودۆخی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووی لە لێواری تەقینەوەو بەرامبەرکێ ی زلهێزەکان وئیقلیمیەکانە، جەنگ لە بەرامبەرمان پیاسە دەکا فیکە لێدەدا ئێمەش : جۆرێك لە چەقینی نێو تەسکی دونیای خۆمان، وەکو جەبری درێژە کێشانی بارودۆخ لە “چاوەڕوانیداین ” چاوەڕوانی چی؟ دیار نیە! ئێمە ئەو دۆخ و مێژووەی تیا ئەژین وەکو دوا دۆخ و دوا مێژوو قبوڵمان کردووە؟
زۆر جار، قسەی مرۆڤێکی خاوەن ئەزموون دەرزەنێك کتێب دەکاتە گوشراوێك و دەتوانی بیکەیتە پرەنسیبی ئەجێندایەک بۆ کارکردن، زۆرجار کتێبێك بە تەنیا کتێبێك دەتوانێ ڕێڕەوەی مێژوو بە ئاراستەیەك ببات یان بەربەستی بۆ دروست بکات. ووردتر بڕوانە دەورو بەری خۆت، کاتی ئەوەت ماوە ، خوڵقی ئەوەت ماوە کەشفی دەوروبەری خۆت بکەیت؟
دەتوانی یەکێك لە برادەرەکانی خۆت وەکو لیدەری بەیانی ببینی؟ دەتوانی شەرم نەکەی لە پێشبینی سیاسی؟ تاقەتی ئەوەت ماوە پیاسەیەك بکەیت بۆ پارکێكی پڕ لە ئۆکسجین و تەئەمولی ئەوە بکەیت کە ئەگەر ئیداەری شار لە دەستی تۆ بێت چەند پارکیتر دروست دەکەیت؟
دەتوانی لە فۆتۆی ڕێگایەکی ڕێکەوت کە بەرەو” ماڵی مانگ” دەڕوا ئیلهامی ئەوەت بۆ بێت کە ئەم فۆتۆیە دەتوانێ ببێتە مانیفێستێکی سیاسی و قەناعەتت پێ بێنێ کە یۆتۆبیای تالان کراوی ” ڕێگای ڕزگاری” هەشتاکان چیتر “ئەوێندەر” ی تۆ نییە ! ئەوێندەری تۆ دوای ئەزمونێکی تاڵ لە خەفە کردن، دەبێ کەمتر نەبێ لە ڕێگایەك بەرەو مانگ!