
شکستی ئەمجارە هەر بەتەنها هی داعش نییە، بەڵکو شکستی شەش مانگ پلاندانان و پرۆژەی دەوڵەتە نەیارەکانی قەوارەی ڕۆژئاوایە، شکستی دەوڵەتی تورکیاو سوریاو هاوئاوازەکانیانە. سەرکەوتنی رۆژئاڤاش سەرکەوتنی مرۆڤایەتیە بەسەر نائومێدی و ڕەشبینیدا.
دەی با وای دابنێین ئەوە هەر شکستی داعشە. باشە ئەمیرو موجاهیدانی داعش مرۆڤن یان داروبەردن؟ ئەگەر مرۆڤن چۆن ئەو پرسیارە لەخۆیان ناکەن ئەم شەڕو توندوتیژییە لە پێناوی چی؟ ئەگەر لە پێناوی ئاین و خودایە بۆچی سەرناکەون ؟ یان ئەوە درۆیەکی گەورەیە بەناوی خوداوە دەکرێت و خودا غەزەبی رەفتارەکانیانی لێگرتوون؟
مرۆڤ ئەوەیە تێبفکرێ ئەی چۆن هێشتا تێناگەن کە ژن زەعیفەو ناقص عقل نیە ؟ ئەگەروایە ئەم دەیان هەزار پیاوە بەپشتیوانی دەوڵەتێکی بەهێز چۆن دیلی دەستی ژنانن ؟ یان ئەم لۆژیکە هەرلەبنەرەتەوە ناعەقڵانی و بێبنەمایە، ئەوەی ئێستا دەیبینن ژن ئیدارەی جەنگ دەکات ژن شەڕڤانە، ژن فرۆکەوان و هونەرمەندو داهینەرە. تەنها شوێنێک تیایدا ژن سوکە، تیایدا کەنیزەکە ماڵ و مۆڵگەو دونیای بیرکردنەوەی ئەم بوونەوەرانەیە کە بەناڕەوا نانی مرۆڤ دەخۆن. ئایا ئەوان قەت بیر لەوە ناکەنەوە کە چۆن بێهۆش و سەرگەردان کراون ؟ بۆیە من هەر بە ئازایەتی شەڕڤان و سیاسەتی حەکیمانەی ڕۆژئاوا سەرسام نیم، بەو عینادی و بێهەستی و بیرنەکردنەوەیەی داعش و داعشییەکانیش سەرسامم.
هەزاران وێنەی دیلە بریندارەکانی داعش بەدەست ژنەشەڕڤانەکانەوە بەدونیادا بڵاوبوونەتەوە کەچی هێشتا ئەوان ژن بەکەم دەزانن !؟ دونیا دەبینێت چۆن لەبەر دەم هەلهەلەی ژنان ولولەی تفەنگەکانیان هەڵدێن و لەدواوە لەپاشەڵیان دەدرێت! ئەوە چ وێنەیەکە لەرۆژئاڤا نیشانی دونیای دەدەن، ریشیان بەرداوەتەوەو بەریز وەستاون و دەستی تەسلیمیان بەرزکردووەتەوە. لەکاتێکدا چووبوون ژنان بکەن بەکەنیزەک کەچی وێنەی زەلیل بوونتان ناو تویت و ماڵپەرەکانی تەنیوە و هێشتا هەربێعارن !
پێدەچێت ئەو پیاوانە هەمووشتێکیان دۆڕاندبێت، ئاخر مرۆڤ کەرامەت و عزەتی نەفسی هەبێت، مۆراڵی شەڕڤان هەڵوەستەی پێدەکات دیارە هەتا ئەو ئاستە لەمرۆڤ بوون داماڵدراون بۆیە مامەڵەو میهرەبانی شەڕڤانیش نایانکاتەوە بەمرۆڤ ! دەنا دەبوو یان خۆیان بکوژن یان ببنەوە بەمرۆڤ ! و جارێکی تر نەبنەوە بەکۆیلەی سوڵتان.
ئاخر “ئازایەتی شەڕڤان لەشەڕداو نەرمی و لێبوردەییان لەکاتی دیلکردنی ئەو هەموو دڕندانەی داعشدا” مامەڵەی ئینسانیان لەگەڵ دیلەکاندا شایان بەسەرسامی و تێڕامانە.
کەچی عەجایەب ئەوان هەر دەیانەوێ بەدیل و زەلیلی بژین و بەمێشک پوچی بمرن !؟
پرسیاری گەورە ئەوەیە دەیان هەزار دیلی داعش لەکەمپی هۆل و زیندانی غوێرانن، ئەوانە هەرعەرەب نین بەڵکو سەربە نەتەوەو وڵاتی جیاوازن، گوایە ئەو وڵاتانە پارێزەری مافی مرۆڤن، کەچی نەک خۆیان تەنانەت ژن و منداڵەکانیشیان وەرناگرنەوە، کەچی بێباکن لەوەی وەک بۆمبێک لەرۆژئاوا بمێننەوەو جارجاریش دەتەقیندرێنەوەو پوچ دەکرێنەوە.
ئامانج لەبەکارهێنانی ئەو دیلانە هەر پەلاماردانی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆئەوەی ڕۆژئاڤا بخرێتە داوەوەو لە کاردانەوەیاندا هەندێک داعش بکوژرێن یاخود کۆمەڵکوژییەک بکەوێتەوەو ئەوسا بەپێشێلکاری مافی مرۆڤ و دیلکوژو تیرۆری سیستماتیک تۆمەتباریان بکەن و وێنەیەکی ناشرین بۆ قەوارەی رۆژئاڤا دابتاشن و بیخەنە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە. بەڵام سەرکەوتنی ڕۆژئاڤا هەر لەشەڕدا نیە، بەڵکو لەو مۆراڵ و پابەندییە ئەخلاقیەشدایە کە بەرانبەر بەمرۆڤ و دیلەکان هەیانە.
نوسینی:هۆمەر محمد