
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی هەولێر رایگەیاند “لە ساڵی 2000ەوە بەردەوام ئاستی ئاوی ژێر زەوی روو لە دابەزینە، هۆکارەکەشی بریتییە لە ناڕێکی لە بەڕێوەبردنی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا”.
کێشەکە لە عێراق جیددیترە، هەربۆیە مەترسیی ئەوە لەئارادایە، خەڵکێکی زۆر ئاوارە ببن و بەشێکی ئەوانیش روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد “هەرێم دەتوانێت لە داهاتوودا وەکو فریادڕەسێک بێت بۆ حکومەتی فیدراڵی و شارەکانی باشوور و ناوەڕاست و شارەکانی دیکەی عێراق، چونکە دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستان ئەو ئاوەی هەیە لەڕێگەی بەفر و باران و هەردوو زێ و رووبارە وەرزییەکانەوە گلبدرێتەوە و بەشێوەیەکی رێکوپێک ئیدارە بدرێت؛ دەکرێت ئەم ئاوە کۆبکرێتەوە تاوەکو لە داهاتوودا بەشێوەیەکی گونجاو و یەکسان هەم خۆمان سوودی لێوەربگرین و هەم عێراقیش”.
ژمارەیەک رووبار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستانەوە دەڕژێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە هەردوو حکومەتی تورکیا و ئێران دەستیان بە دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو رووبارانە کردووە و زۆرجاریش ئاراستەی ئاوەکە دەگۆڕن.
ئەوەش لەکاتێكدایە، یاسای نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو رووبارانەی سنووری زیاتر لە وڵاتێک دەبڕن، موڵکی گشتین و دەبێت بڕی پێویست ئاو بگاتە تەواوی ئەو وڵاتانەی رووبارەکانی پێدا تێپەڕدەبن.
بەرپرسانی پەیوەندیدار بە ئاویش هۆشداری دەدەن لە کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و کەمبوونی ئاوی رووبارەکان بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەسەریان و گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکە.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو دەڵێت “لەناو هەرێمی کوردستاندا بەڕاستی گرنگیی ئاو بە هەند وەرنەگیراوە؛ زیادەڕۆییەکی زۆر هەیە، بیر لێدانێکی زۆری نایاسایی هەیە. دەستدرێژییەکی زۆر کراوەتە سەر ئاوی ژێر زەوی، کە لە هەموو وڵاتاندا ئاو بە سامانێکی نەتەوەیی دادەنرێت. بە تێپەڕبوونی ساڵەکان بابەتی کەمبوونەوەی ئاو و زیادبوونی دانیشتووان و پێداویستی لەسەر ئاو زیاد دەکات، ئیدارەدانێکی باشی ئاومان نییە، چونکە ئیدارەدانی ئاو مەبەست لێی خاوێنڕاگرتنی ئاو و کەم بەکارهێنانی ئاو و خاوێنکردنەوەی ئاوە، تاوەکو ئێستا لەلای ئێمە ئەوە بە هەند وەرنەگیراوە”.
هەرێمی کورستان لە رێگەی 17 بەنداوەوە شوێنی کۆکردنەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکان، ئێستا نزیکەی پێنج ملیار مەتر سێجا ئاویان تێدایە.
لە دەستووری عێراقدا ئاو لە دوو ماددەدا وەکو بابەتێکی دەسەڵاتی فیدراڵی باسکراوە، کە ماددەی 110 جەخت لە پلاندانانی تایبەت بە سیاسەتی ئاو و ماددەی 114یش رەنگڕێژکردنی سیاسەتی سامانە ئاوییەکان و رێکخستنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەکاتەوە.