ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز لە زارى بەرپرسى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتیەوە ئاشکرایکرد کە داهاتى قاچاخچیەکان لەساڵى 2015 دا لەبرى ڕێکخستن و گواستنەوەى پەناخوازان و کۆچبەران بۆ ووڵاتانى یەکێتى ئەوروپا لایەنى کەم یەک ملیار دۆلار بووە.
سەبارەت بە دواهەمین ئامارى کۆچبەران و پەناخوازان بۆ ساڵى 2016، ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى ئاشکرد ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى کەلەڕێگەى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى ئیجەوە خۆیان گەیاندۆتە یەکێک لە ووڵاتە سنوریەکانى ئەوروپا لەوانەش یۆنان و ئسپانییا و بولگاریا و ئیتاڵیا و ماڵتا و قوبرس زیاتر بووە لە یەک ملیۆن و پێنج هەزار کەس و هاوکات نزیکەى سێ هەزار و حەوت سەد کۆچبەریش لەو دوو دەریایەدا گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بە ناسنانەى ئەو کۆچبەر و پەناخوازانەش ، ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى و کۆمیسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایان کرد کە نیوەیان بە ڕەگەز سورى بوون و لەسەدا (7)حەوتیشیان بە ڕەگەز عێراقى بوون و هەروەها لەسەدا 20 یان بەڕەگەز ئەفغانى بوون.
هاوکات ، بەرپرسى ئۆپەراسیۆنەکانى پاراستنى سنورەکانى ئوسترالیا ڕایگەیاند کە ئەوان سەرەڕاى پشوەکانى سەرى ساڵ بەردەوام ئامادەباشیدان بۆ دەستگیرکردن و گێڕانەوەى بەلەمى پەناخوازان و ڕایگەیاند کە قاچاخچیەکان دەیانەوێت ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ ئەوەى پەناخوازان ڕەوانەى سنورە ئاویەکانى ئوسترالیا بکەن.
بەپێى ڕێکەوتنامەى نەتەوە یەکگرتووەکانى تایبەت بە دژایەتیکردنى تاوانە ڕێکخراوە نێونەتەوەیەکان ، بازرگانیکردن بە کۆچبەرانەوە بە نایاسایى لەقەڵەم دەدات و ئەو بازرگانیەش پێناسە دەکات بەوەى هەرکارێکە ، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ، بەئامانجى وەرگرتنى دەستکەوتى مادى لەبرى داخڵکردنى کەسێک بەشێوەیەکى نایاسایى بۆناو یەکێک لە ووڵاتانى ئەندامى ڕێکەوتنامەکە بەجۆرێک کە ئەو کەسە نە هاوڵاتى ئەو ووڵاتە و نە مافى مانەوەى لەو ووڵاتەش هەبێت.
سەرچاوە : ڕۆیتەرز ، گاردیان ، دەیلى تەلەگراف