هێرشەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی دیکە بۆ کیشوەری ئەوروپا لەخاکی فەڕەنسادا چڕبوەتەوە، بەشێوەیەک لەدوای ئەو هێرشانە سەرۆکی ئەو وڵاتە فرانسۆ هۆلاند دانی بەوەدانا کە تیرۆر هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر وڵاتەکەی.
سەرەتای هێرشە تیرۆرستییەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر فەڕەنسا بۆ سەرەتای ساڵی 2015 و بەدیارییکراوی بۆ رۆژی 7ی کانونی دوەم دەگەڕێتەوە کە هێرشێکی رێکخراو بو بۆ سەر ئۆفیسی گۆڤاری شارلی هیبدۆ. لەو رۆژەدا دو برا لەناو جەرگەی پاریسدا چونە سەر بارەگای گۆڤارەکەو 20 کەسیان کوشت کە زۆرینەیان لەستافی گۆڤارەکەبوون بەسەرنوسەرەکەشییەوەو 22ی دیکەشیان بریندارکرد. هێرشی تیرۆرستیی بۆ سەر ئەو گۆڤارە کاریکاتێرییە جگە لەزیانە گیانییەکانی، هاوکات لێدانێکی سیمبولیی بو. بەو پێیەی شارلی هیبدۆ لەرابردودا درێغی لەبڵاوکردنەوەی وێنەی کاریکاتێرێکی پێغەمبەری ئیسلام نەکردبو، ئەوەیش لەهەر شتێکی دیکە زیاتر “ئیسلامییەکان” توڕە دەکات.
ژمارەی قوربانیانی ئەو هێرشە زیاتربو لەژمارەی هەمو قوربانیانی کردەوە تیرۆرستییەکانی گروپە ئیسلامییو نا-ئیسلامییەکانی 15 ساڵی رابردوی فەڕەنسا، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەکانەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەدوای هێرشەکانی شارلی هیبدۆوە، چەند کردەوەیەکی تیرۆریستیی دیکەی نیمچە سەرکەوتو لەفەڕەنسا ئەنجامدرا کە 2 کەسی تێدا کوژران، بەڵام کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش لەرۆژانی 13و14ی تشرینی دوەمی 2015 نەک فەڕەنسا، بەڵکو تەواوی ئەوروپاو جیهانیشی توشی شۆک کرد کاتێک لەزنجیرەیەک کردەوەی تیرۆرستییدا لەپایتەختی خۆشەویستی جیهان 130 کەس کوژرانو 352 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەو هێرشانە حکومەتەکەی هۆلاندی خستە لەرزە کە تازە بڕیاری هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لەسوریاو عێراق دەرکردبو.
ئەو هێرشانە ریکۆردی لەهەمو مێژوی دورونزیکی فەڕەنسادا شکاند لەروی ژمارەی قوربانیان لەکردەوەیەکی تیرۆرستیدا. بەر لەو هێرشانە قورسترینیان لە 18ی مایسی 1961 دا بو کە لەئەنجامی تەقینەوەیەک لەشەمەندەفەرێکدا 28 کەس کوژرانو زیاد لە100 کەسی دیکەش برینداربون.
لەدوای ئەو هێرشەو بەردەوامیی هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ئەو وڵاتە، فەڕەنسا رێوشوێنی ئەمنی توندی گرتەبەر بۆ رێگرتن لەهەر کاتێکی تیرۆرستی دیکە. لەرۆژانی 1 و 7 ی کانونی دوەمی 2016 دو هەوڵی شکستخواردوی تیرۆرستی هەبون کە تەنها 3 برینداری لێکەوتەوە، بەڵام لەهەفتەی رابردوداو لە13ی حوزەیراندا، جارێکی دیکە کردەوەی تیرۆرستی فەڕەنسا بوە سەردێڕی هەواڵەکان کاتێک “جیهادییەک”ی داعش بەچەقۆ ئەفسەرێکی پۆلیسو ژنەکەی لەماڵەکەی خۆیاندا کوشت.
لەدوای ئەو هێرشەش، سەرۆکی فەڕەنسا دانی بەوەدا نا کە وڵاتەکەی لەژێر مەترسی جددیی تیرۆرستیدایە.
تازەترین هێرشی تیرۆرستیش بۆ سەر فەڕەنسا، ئەمجارەیان لەرۆژی نیشتمانی ئەو وڵاتەدابوو، کاتێک هاوڵاتییەکی بەڕەچەڵەک تونسی بەبارهەڵگرێکەوە خۆی کرد بەئاپۆڕای ئاهەنگێکدا لەشاری نیس و بەپێی دوایین ئامارەکان نزیکەی 90 کەس گیانیان لەدەستداوەو 50 کەسی دیکەش بەسەختی بریندارنو لەنەخۆشخانەکاندا لەنێوان ژیانو مردندان.