هاندەرە داراییە ئێرانییەکان پاڵیان نا بەکۆمەلێکی زۆر خاوەن سەرمایەی عێراقەوە پارەکانیان بگوازنەوە بۆ بانکەکانی ئەو وڵاتە بەمەبەستی قازانج و وەبەرهێنان، بەڵام ئەو داڕمانەی ئێستا تومان بەخۆیەوە دەیبینێ زیانی قورسی داوە لەدەست مایەکانیان کە لەهەندێ باردا بووە بەهۆی بەهەڵمبوونی نیوەی تەواوی بەهای پارە بلۆککراوەکانیان.
دیاردەی هەڵگرتنی پارە لەبانکە ئێرانییەکان لەلایەن عێراقییەکانەوە بەتایبەت شیعەکان، لەم چوار ساڵەی دواییدا پەرەی سەندووە. بەرای شارەزایان هەندێک هۆکاریش هاندەربوون بۆ ئەم هەنگاوە لەوانە: ئاسانی گواستنەوەی پارە لەنێوان هەردوو وڵات لەرێگەی کۆمپانیای فەڕمی و نافەڕمی، نەبوونی بەندوباو لەسەر گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی عێراق، نەبوونی پلانێک بۆ ئیدارەدانی پارەو سەرمایەی ناوخۆیی، لاوازی ئینتیمای نیشتمانی، لەگەڵ نەبوونی ئاگایی دەربارەی مەترسییەکانی وەبەرهێنان لەوڵاتە شڵۆقەکان.
هەندێک لەشارەزایانی ڕەوشی ئابووری هەردوو وڵات پێیانوایە جگە لە و هۆکارەکانە بەرزی رێژەی “سوو” لەبانکەکانی ئێران کە ساڵانە لە 20% زیاترە، پێویستی سەرمایەدارەکانی عێراق بەپارەدارکردنی بازگانییەکانیان بە “تومان” هۆکارو پاڵنەری سەرەکی بوون بۆ ڕوکردنە بانکەکانی ئێران کە لەهی عێراق جێگە متمانەترو رێکوپێکترن، ئەڵبەت ئەمە پێش ئەوەی بەهۆی گوشارەکانی تڕەمپەوە دووچاری گرێ و گۆڵ ببنەوە.
وەبەرهێنەرەعێراقییەکان پارەکانی خۆیان بە “تومان” لەبانکە ئیرانییەکان داناوە، چونکە سیستمی ئەم وڵاتە تەنها دراوی نیشتمانی قبوڵ دەکات “تومان”، بەڵام دابەزینی بەهای تومان بەرێژەی 50% لەماوەی چوارمانگدا وەهایکرد، نیوەی راستی ئەو پارە عێراقیانەی بۆ وەبەرهێنان دانرابوون ببنە هەڵم و بەپێی یاساکانی ئێرانیش هیچ وەبەرهێنێکی بانکی ناتوانێت تا دوای تێپەڕبوونی ساڵێک پارەکانی پاشەکشە پێ بکات لەبانکەکان.
زیانی گەورەو مەسەلەی مایەپووچبوونی زۆرێک لەوەبەرهێنەرە بانکییەکانی عێراق بوونەتە جێگەی مشتومڕ و چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەندێ شارەزاو خەڵکانی ئەکادیمی، حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بەبەرپرس دەزانن لەوەی هوشیاری پێوستی نەداوە بەخەڵک تا پارەی خۆیان نەبەنە جێگا شڵۆقەکان، هەندێ چالاکوان و شایەتحاڵیش باس لەوە دەکەن بازگە سنورییەکانی باشوری عیراق بەرپرسن کە رێگە لەهاتوچۆی چەندین دەفتەر دۆلار ناگرن لەنێوان هەردوو وڵات بەشێوەی کاش، ئەمەش بوەتە هاندەر بۆ بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان بۆ ئێران و لەوێ گۆڕینەوەی بە تومان و هەڵگرتنی لەبانکەکان.
تا ئێستا هیچ داتاو ژمارەیەک بەردەست نییە لەسەر قەبارەی زیانەکانی عێراقییەکان لەقەیرانی ئەمدواییەی تومان، بەڵام قسەو باس لەبارەی ئەو زیانانە بوەتە قسەیەکی بڵاوی زۆرێک لەکۆڕو کۆبوونەوە تایبەت و گشتییەکان. مەترسی ئەوەش لەئارادایە لەرۆژی سێشەممەی داهاتوەوە قەیرانەکە قووڵتر ببێتەوە چونکە قۆناغی یەکەمی گەمارۆ ئابوورییە ئەمەریکییەکانی سەر ئیران دەکەوێتە کار.
زیانەکانی قەیرانی تومان تەنها لەبواری داراییدا نییە، بەڵکە زۆرێک لەئابووریناسەکانی عێراق ترسی ئەوەیان هەیە ئێران عێراق بکاتە پردێک بۆ دابینکردنی دراوی قورس کاتێک هەموو دەرگاکانی لێدەگیرێت، لەم حاڵەتەشدا نرخی دۆلار لەبازاڕەکانی عێراق بەرز دەبێتەوە بەرانبەر بە دینارو لەکۆتاییشدا هاوڵاتی عێراقی باجی گرانبوونی شمەک و کەلوپەلە رۆژانەییەکان دەدات.
هەرچەندە دابەزینی بەهای تومان لەلاکەیترەوە بۆ بەکارهێنەری عێراقی باشەو بووەتە هۆی دابەزینی نرخی کاڵاو شمەکە ئێرانییەکان، بەڵام دابەزینی زۆری نرخی میوەو سەوزەو ماست و شیرەمەنی و…هتد، زۆرێک لەچالاکوانەکانی بواری کەرتی کشتوکاڵی لەعێراق نیگەران کردووە لەوەی ئەوە بڕە کەمە بەرهەمە ناوخۆییەی کە هەیە خەریکە دەوەستێت و بەهۆی هەرزانبونی نرخەوە ناتوانێت کێبەرکێ لەگەڵ هاوردەی هەرزانی ئێرانیدا بکات. ئەگەر ئەم حاڵەتەش درێژە بکیشێت ئەوە زۆرێک لەخاوەن مەزراو جوتیارەکانی عێراق دەچنە ریزی زەرەرمەندو بێکاران کە ئێستا زۆربەیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان.