ئاسایی وەریگرە بەیانی هەڵسایت لەخەو، ئاو نەبێت بۆ چا خواردنەوە، بۆیە وەکو دایکم رۆژانە ١٦جار تانکیەکانتان پڕ بکەوە،لات ئاسایی بێت ئەو دوای نیوەڕۆیە، هەرچی مەسینە و دەرزی و تور هەیە لەشارەکەتدا نەمێنێت،سەرت سووڕ نەمێنێت کۆتایی هەفتە جەندرمەیەک یان پاسدارێک یان مارێنزێک یان تیرۆرستێک بەرەسمی ئیدارەی شارەکەت بکەن، هەر مانگی پێشوو نەبوو بەیانیەک لەگەڵ قەیرانی بەنزین و غاز خەبەرمان بویەوە، زۆرنیە لەشیرینی خەودا خەڵکی مەخموور و شەنگال تەسلیمی تاریکترین هێز کران و هەزارانیان خەون و خولیاکانیان بۆ ئەبەد چویە ژێر گل !
لۆمەکردنی خەڵک لەپەلاماردانی خواردن و کەلوپەل و پێویستی لەجێگای خۆی نیە ئازیزان،(ماران گەستی، لە خشەی گوریسیش دەترسێ ..!) ئاخر چ موسیبەت و فەلاکەتێک ماوە بەسەر ئەو خەڵکە نەهاتبێت ؟ چ نەبوونی و رۆژە رەشی و کارەسات ماوە بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا تاقینەکرابێتەوە ؟ کاتێک مناڵی ساوا لەبرسان بکوژیت و کرێ و مووچەی باوکی گلبدەیتەوە، کاتێک بۆ ددان ئێشانیک بچنە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و بۆ بازاڕکردنێک لە لندن و پاریس بیان بینینەوە و مناڵەکانیان لە قوتابخانە و زانکۆکانی دەرەوە بخوێنن، کاتێک ژن و مناڵ و گەنجانی شارێک بەتەنها جێبهێڵیت بۆ رەشترین هێزی دنیا،چ متمانەیەک دەمێنێت ؟!
خەڵک کەوتونەتە دەستی چەند گروپێکی چەتەی سیاسی ،ئەوەی باکیان نەبێت ژیان و گوزەرانی خەڵکە، هەموو بیر و خەیاڵیان لای ئەستورکردنی کۆنتۆ و خەزێنە و ژێرزەمینەکانیانە، باش بۆی ڕوونبۆتەوە حکومڕانانی شار ئەهلی پارێزگاری نین لە ژیان و کەڕامەتیان و تەنها بیریان لای رزگاری و پاراستنی خۆیان و مناڵەکانیانە بەتەنها جێیان دەهێڵن،وەکو چندینجاریتر ئەم کارەیان کردووە .
نابێت ئەوەشمان بیر بچێت،داهاتی خەڵک سنووردارە، کەم خێزان هەیە بتوانیت مانگانە بازاڕی بکات، ئەوەی رۆژانە و هەفتانە دەستی دەکەوێت بەخواردن و پێویستیەکانی دەگۆڕێتەوە، بۆیە هەر مەترسی و قەیرانێک،تەنها سگی مناڵە هەژارەکان باجەکەی دەدەن، بەداخەوە بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان پێکدەهێنن .بۆیە ئاسایی وەریگرە و لۆمەیان مەکەن .
کە پەنجەی دەستەکانت چزا،هەڵمی ئاگریش ژانی پێدەخا !
نانمان نییه،پسکویت بخۆین ؟!
بەشێکی زۆرمان (وتە بەناوبانگەکەی) ماری ئەنتوانێت، شاژنی فەرەنسامان بیستووە، کاتێک خەڵک لەوپەڕی برسیەتەتییدا دەیانناڵاند و لەتێک نان نەبوو بیخۆن و لەبرسان دەمردن، شاژن پیاسەیەک بۆ ناو خەڵک دەکات و خەڵکیش هاواریان لێ هەڵساوە و داوا لە شاژن دەکەن، کە (نان) نییە بیخۆن و برسیین، شاژنیش بە ئاوازێکی زۆر خۆشەوە وەکو ئەوەی باشترین چارەسەری بۆ دۆزیبێتنەوە و دەڵێت:’بسکویت’ بخۆن !
ئەو وتەیەی شاژن، لێکچوونێکی تیایە لەگەڵ قسەکانی بەشێک لەکاربەدەستانی ئەم هەرێمە.
هەربەجدیی بەرپرسانی ئەم مەملەکەتە لەوە تێناگەن مناڵ کە شیری نییە و زیڕە دەکا ؟! ئاهوناڵەی پیر و پەککەوتەیەک چۆنە، کە لەبێ دەرمانیی دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک؟! گەنجێک کە بێکارە و چوار هەزاری لەگیرفان نییە، چ ئومێدێکی هەیە ؟! خێزانێک کە مووچەکەی دوا دەکەوێت حاڵی چەندە پەرێشان دەبێ ؟! نا لە سترێس و دڵەڕوکێی کاتی نزیکبوونەوەی کرێ خانوو تێناگەن، چونکە دابڕاون و ئاگاداری ژیان و گوزەرانی خەڵک نین، لە هەسارەیەکیتر ژیان دەکەن، شوێنی ژیان و گەڕەکەکانیان، ئاو و کارەبایان، قەسر و قەمەرەکانیان، خەستەخانە و قوتابخانە و زانکۆی مناڵەکانیان، بازاڕ و جلوبەرگ و مووچەکانیان..، جیاوازییەکانیان ئاسمان و ڕێسمانە و ئاسان نییە تێبگەن لەحاڵ و گوزەرانی خەڵک، بۆیە ئاسایی وەریگرن هەروەک ئەوەی شاژن !
بۆهەر کەسێک، کە ویژدانی بە بەرژەوەندییەک نەفرۆشتووە، چاویلکەی حزب و گڕوپ بەرچاوی کز و لێڵ نەکردووە و ستەم و نادادیی مووەکانی لەشی بەرزدەکاتەوە، دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایەتیی بۆ ئەو ژیانە نایەکسان و پڕ ستەمکارییە جێگای شانازییە، داهاتووش نیشانمان دەدا ئەوانەی چوونەپاڵ ستەمکاریی و تێکەڵاوی حکومڕانی چەتەکانەوە، چ باجێک دەدەن و مێژوو بەچ خەتێکی لار و شاش دەیانوسێتەوە.
هیچ شتێک هەر هیچ، بەهانەمان ناداتە دەست چاو بپۆشین لەگریانی مناڵێک و بەهۆی برسیبونیەوە، لە نا ئارامی کرێچیەک، لە بێ ئومێدی گەنجێک، لە هەناسەبڕکێی نەخۆش و خانەنشینێک بەهۆی نەمانی حەبەکەیەوە، لەچاوەروانی کەمئەندامێک بۆ هاوکارییەکەی، ئەوانەی بەهەر بەهانەیەک دەیانەوێت ئەو چاوپۆشیە بکەن دەچنە ریزی ماری ئەتوانێتەوە.
بە دادی کێ ڕەوایە..؟
بەدادی کێ ڕەوایە(خێرخواز) خواردن و پێویستیی پۆلیس و ئاسایش دابین بکات، حکومەتێک (لەنێوان دوو کەوانەدا)، نەتوانێ خواردنی یەک هەفتەی ئێشکگرەکانی بدات لەسەر کۆڵان و شەقامەکان، کە پارێزەری هەمووانن، چ حکومەتێکە ؟! لەکاتێکدا بەشی هەرە زۆری داهاتی ئەم وڵاتە بۆ سێکتەری ئەمن و ئاسایش خەرج دەکرێ .( ئەگەر ئارەزوومەندانەش بێ، لەم کاتی ڤایرۆسەدا نەدەبوایە رێگابدەن).
بەدادی کێ رەوایە، دوای سی ساڵ لەحکومڕانیی نەخۆشخانەکان بەرگەی سەد نەخۆش نەگرن و حەبی پاراسیتۆڵی تیانەبێ و هانا بۆ( سەرمایەدار) ببەیت نەخۆشخانەت بۆ دروست بکات، ئەی دەیان ساڵە ئەو داهاتە بێ شوومارە بۆکوێ ڕۆیشت ؟ لەچی خەرجکرا ؟ پارێزگای هەولێر زیاتر لە (دوو ملیۆن) کەسی تیا دەژی، بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستیی تەنها شوێنی (٨٠) قەرەوێڵەی چاودێریی چڕی هەیە ! لەکاتێکدا ئەگەر پەتاکە بڵاوببێتەوە پێویستی بەچاودێریی چڕ هەیە.
بەدادی کێ ڕەوایە، لە مەملەکەتی بیرە نەوت و غاز و سامانی سروشتیی، هەزاران خێزان نەتوانن چوار رۆژ لەماڵەکانیان بمێننەوە، چونکە بە نەچوونە سەرکار و کاسبی کێشەی نانیان بۆپێش دێت، لەباشترین وەڵام و حاڵەتیشدا بیانسپێریت بە (دەزگای خێرخوازیی) تا زیاتر ورد و خاشیان بکات ؟!
بەدادی کێ ڕەوایە، دەستەبژێرێک لە سامانی ئەم وڵاتە سودمەندبن و زۆرترین داهات ببەخشرێ بە دەزگای خێرخوازیی و دواتر بەناوی خێر و چاکە و بەخشین و لەپرۆسەیەکی منەتباری بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاربهێندرێتەوە.
ئێستاش ئیمکانیات هێندە زۆرە دەتواندرێت گەورەترین نەخۆشخانە دورست بکرێت، پێشکەوتوترین ئامێر و پێداویستیی پزیشکی دابین بکرێت، بەمەرجێک بەشی خێزانە سیاسییەکان لە ژێرزەمین و بانکەکانی ئەوروپا بگەڕێندرێتەوە خەزێنەی گشتی.
کاتێ ئێمە دەڵێین، ئەم حکومڕانییە بەرگەی کزە بایەک ناگرێ و فشۆڵە، مافیا ئاسا مامەڵە بە داهات و چارەنووسی کۆمەڵگاوە دەکات، بەچاوی دوژمنکارییەوە لێمان مەڕوانن .
بەهیواین هیچ روونەدا و هەموو لایەک سەلامەت بن، بەڵام کە روویدا ئەوسا لای هەمووان ڕۆشنتر دەبێت ئەم سێ شارە چۆن بەڕێوەبراوە، سێ دەیەیە ژێرخانی ئەم کۆمەڵگایە چۆن وێرانکراوە، دەیان ساڵە ئیرادە و نەفسیەتی تاکەکان چەندە بێڕەحمانە تێکشکێندراوە، باشتریش تێدەگەن کامیان زیاتر دڵسۆزی ئەم کۆمەڵگایە بوون، ئەوانەی رەخنەگرانیان بە دووژمن دادەنا (تا پەزەکانی خۆیان قەڵەوتر بکەن) یان ئەوانەی خەڵکیان لەم پێشهاتە مەترسیدارانە ئاگادار دەکردەوە ؟!
بەشدار عوسمان
مارسی ٢٠٢٠