له‌وه‌ڕگاى سروشتى ئه‌و پارچه زه‌وییانه‌یه كه بۆ كشتوكاڵكردن گونجاو نییه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى سروشتى ڕووه‌كه خۆڕسكه‌كان تێیدا گه‌شه ده‌كه‌ن و سودى یه‌جگار زۆرى هه‌یه بۆ ئاژه‌ڵ، هه‌روا له ڕووی ئابورییه‌وه گرنگییه‌كى تایبه‌تى هه‌یه بۆ وڵات، له‌گه‌ل سودى هه‌ره زۆرى بۆ پاراستنى ژینگه، ئه‌م جۆره زه‌وییانه نه‌گونجاوه بۆ كشتوكاڵكردن به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندییه فیزیاوییهكانى وه‌كو قوڵى خاك، لێژایى، به‌پیتى و هۆكاره‌كانى كه‌شوهه‌وا.
دوو جۆرى سه‌ره‌كى له‌وه‌ڕگا هه‌یه ئه‌وانیش لەوەڕگاى سروشتى و له‌وه‌ڕگاى دەستکرد، لەوەڕگاى سروشتى لە ڕووى ئابورییەوە تێچووى کەمتر دەخاتە ئه‌ستۆى ئاژەڵدارهكان و بەرهەم و قازانجێکى زۆرى دەبێت بۆیان.
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ى ده‌بینرێ له كوردستان به گشتى و له ناوچه‌ى گه‌رمیان به تایبه‌تى زۆرێك له جوتیاران بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان ساڵانه له‌وه‌ڕگا سروشتیه‌كان ده‌كێڵن و به دانه‌وێڵه ده‌یچێنن. ئه‌مه‌ش له ڕووى زانستییه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه و نابێت حكومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به تایبه‌تى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و رێكخراوه ژینگه‌ییه‌كان لێى بێ ده‌نگ بن.
له ماده‌ى (10)ى یاساى ژماره (2)ى ساڵى 1982 تایبه‌ت به (پاراستنى له‌وه‌ڕگا سروشتیه‌كان)ى عێراق هاتووه كه نابێت له‌وه‌ڕگا سروشتییه‌كان بكێڵدرێت و نابێ بۆ مه‌به‌ستى كشتوكاڵكردن به‌كاربهێنرێت. له ماده‌ى (12)ى هه‌مان یاسادا هاتووه كه هه‌ر كه‌سێ له‌وه‌ڕگا سروشتیه‌كان بكێڵێ یا به‌كاریان بێنێ بۆ كشتوكاڵكردن ئه‌وه بۆ ماوه‌ى ساڵێك به‌ند ده‌كرێت له‌گه‌ڵ غه‌رامه‌كردنى بڕى (بینج سه‌د دینار) یا یه‌كێك له‌و دوو سزایه به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێندرێت. له ئه‌گه‌رى دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و پێشێلكارییه ئه‌وه سزاكه دووقات ده‌بێته‌وه، له هه‌مان یاسادا پێشێلكاریى ئه‌و یاسایه به‌پێى ماده‌ى (13) به تاوان له قه‌ڵه‌م دراوه.
ته‌نانه‌ت له پاشكۆى یاسای ژماره (106)ى عێراقى ساڵى 1965 تایبه‌ت به (لهوهڕگاگان و پاراستنیان) هاتووه كه به‌كارهێنانى ئامێر و هه‌ڵكه‌ندنى بیر له له‌وه‌ڕگاكان بووه‌ته هۆى تێكچوون و كهمبوونهوهوى به‌رهه‌مى له‌وه‌ڕگاكان و چه‌ندین جۆر له ڕوهكى سروشتى به‌ره‌و له ناوچوون ده‌چن. له‌م یاسایه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه له شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه هه‌ست كراوه به تێكچوونى سیسته‌مى ژینگه‌ى له‌وه‌ڕگاكان و ڕوهكى سروشتى و سودبه‌خش له ناوچوونه.
گرنگه په‌رله‌مانى كوردستان یاسای پێویست ده‌ربكات بۆ پاراستنی له‌وه‌ڕگاكان وسزادانی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌بنه هۆكاری خراپ به‌كارهێنان و سوتاندنى له‌وه‌ڕگا سروشتیه‌كان. هه‌روه‌ها به به‌رنامه و پلانی زانستی هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاك و گروپ و ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكان پیاده بكرێت ده‌رباره‌ی گه‌وره‌یی و گرنگی له‌وه‌ڕگاكان.
له هه‌مووى گرنگتر ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ بكرێت نه‌ك وه‌كو یاساكانى تر، چونكه كێشه‌ى ئه‌م وڵاته له نه‌بوونى یاسادا نییه به‌ڵكو له جێبه‌جێنه‌كردنى یاساكاندایه، ئه‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه گرنگى له‌وه‌ڕگا سروشتیه‌كان ده‌خاته‌ڕوو:
1 ـ له‌وه‌ڕگاكان ناوچه‌یه‌كى سروشتین و هۆكارێكن بۆ پاراستنى هاوسه‌نگى سیستمى ژینگه و ڕۆڵێكى یه‌جگار زۆریان هه‌یه له زیادبوونى به‌پیتی و پاراستنى خاك و چاككردنى تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى.
2 ـ له‌وه‌رگاكان به گشتى و ڕوه‌كه‌كان و گژوگیاى نێو له‌وه‌ڕگاكان كاریگه‌ریى دڵۆپه‌كانى باران كه‌م ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر خاك و ناهێڵن ئه‌و دڵۆپانه تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى خاك تێكبده‌ن و له ئه‌نجامدا خاك تووشی ڕاماڵین به ئاووهه‌وا نابێت.
3 ـ ڕوهكهكانى له‌وه‌ڕگاكان ڕێگه‌ى زیاتر ده‌ده‌ن به ئاو بۆ ئه‌وه‌ى دزه بكاته ژێر خاكه‌وه و به‌م كاره هاوسه‌نگى ئاووهه‌وا له خاكدا ده‌پارێزێ.
4 – ڕوه‌كه‌كان له له‌وه‌ڕگاكان ده‌مێننه‌وه و رێژه‌ى ماده‌ى ئه‌ندامى تێیاندا زیاتر ده‌بێته‌وه و چالاكى زینده‌وه‌ره‌كان له‌و خاكه زیاتر ده‌بێته‌وه و ده‌بێته هۆكارێك بۆ پاراستنى هه‌مه چهشنهیى له‌و سیستمه ژینگه‌ییه‌دا.
5 ـ بوونى له‌وه‌ڕگاكان خێرایى ئاوى لافاو (Runoff) له كاتى باران بارین كه‌م ده‌كاته‌وه به‌مه‌ش زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانى ده‌پارێزێ.
6 – له‌وه‌ڕگاكان سودێكى زۆریان هه‌یه بۆ ئاژه‌ڵه‌كان به تایبه‌تى ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان.
7 – له‌وه‌ڕگاكان هۆكارێكن بۆ زیادبوونى رێژه‌ى سه‌وزایى.
8- پاراستنى له‌وه‌ڕگاكان هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ ڕوبهڕووبوونهوهى وشكى و به‌بیابانبوون.
9 – ژینگه پاكوخاوێن ده‌كاته‌وه له‌رێى هه‌ڵمژینى گازه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌یان له به‌رگى هه‌وایى.
10 – پاراستنى له‌وه‌ڕگاكان واتا پێویستى كه‌متر به چاندنى به‌روبوومه ئاڵفیهكان و به‌مه‌ش تێچووى كشتوكاڵكردن و به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ كه‌متر ده‌بێته‌وه و هۆكارێكى گرنگه بۆ پاراستنى ئاو و به‌فیڕۆنه‌دانى.
11 – كێڵانى له‌وه‌ڕگاكان ده‌بێته هۆى له ناوچوونى چه‌ندین جۆرى ڕووه‌كى سروشتى سودبه‌خش و زینده‌وه‌رى جیاجیا كه تایبه‌ته به ناوچه‌كه.
بۆیه زۆر گرنگه له‌وه‌رگاكان بپارێزین و رێگه‌نه‌درێت به تێكدانیان یا چاندنیان به ڕوه‌كه ستراتیژییه‌كان، زۆر پێویسته (ناوچه‌ى پارێزراو/محمیات طبیعیه) دروستبكرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، هه‌روه‌ها نابێ رێگه بدرێت له‌وه‌ڕگاكان بسوتێنرێن و پێویسته كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنى له‌وه‌ڕى بێ سه‌رپه‌رشت بكرێت.
عه‌بدولموته‌لیب ره‌فعه‌ت
مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان
پسپۆری ژینگه و سه‌رچاوه‌كانی ئاو