هەراوهوریا و قیڕەقیڕەی پیاوان بە گشتیی و هی (زۆرینەی) مەلاكان لە دژی ژنان، ڕەگێكی قووڵتری هەیە لەوەی كە لە ڕووكەشدا دەبینرێت، پاساوەكان ڕیز دەكرێن، باسی زۆر شت دەكرێت، بەڵام تا ئێستا نەمدیوە باسی ئەم ڕەهەندە دەروونییە بكرێت كە من بە ئەزموونی خۆم و پاش چەندین بەدواداچوون و گفتوگۆ پێی گەیشتووم.
لاوازیی؛ پاڵنەرێكی هەرە كارای زۆرینەی پیاوە دینیی و تەقلیدییەكانە كە پاڵیان پێوە دەنێت لە ژنی بەهێز بتۆقن، ئەوان بنەوانێكی كەسێتیی لاوازیان هەیە و هەمیشە دەبێت لە ناوەندێكدا بن كە كەسی لاوازتر و خوارتر لە خۆیانی تێدا بێت، كاتێك لە مەجلیسەكەیاندا كەسێكی لەوان بەهێزتر و قسەزانتر ئامادە دەبێت و ئامادە نییە وەكو بزنەكەی ئەخفەش سەر بۆ هەموو تەرحەكانیان بلەقێنێت، شێتگیر دەبن و كارگەلێك دەكەن كە سەری مرۆڤ دەسووڕمێنێت.
پیاوی نەریتیی و مەلا وەكو شاتایپی مرۆڤی نەریتیی، كەسێكی لاوازە، لە باری جەستەییەوە (زۆرینەیان) لەشقورس و حازرخۆرن و تاقەتی ئیشكردن و جووڵەیان نییە، لە باری دەروونییەوە چێژپەرست و زۆرخۆر و زەویینشینن، ئەم تایپە هەمیشە پێویستیان بە ژنی ملكەچ و كارەكەر و لاواز هەیە، ژنی خەسیو؛ ئەوەی لە ژنێتیی خۆی داماڵراوە و چێژ لە كۆیلەبوون و كارەكەریی خۆی وەردەگرێت، عاشقی ئەم جۆرە لە كەسێتیین (ژنە پارێزەرە خۆبەخشەكانی ئەمڕۆ بە نموونە)، ژنی بەهێز؛ مەترسییەكی ڕاستەقینەیە بۆ پیاوی نەریتیی و مەلایان بە تایبەتیی…
درەنگ یا زوو زۆرینەی ژنان دەگۆڕێن بۆ ئەم تایپە (واتە ژنی بەهێز)، ئەوە یاسای ژیانە، بە پێی زانستی پەرەسەندن، بەرمەبنای فەلسەفەی هێگڵ، هەروەها پشتبەست بە دەروونشیكاریی یۆنگ؛ مرۆڤ هەمیشە بۆ فۆرمی باڵاتر هەڵدەكشێ، داینەمۆ و بەنزینی ئەم هەڵكشانەش هۆشە، ژن بەدەر نییە لەم یاسایە، بە تایبەتیی كە تەكنەلۆجیا بەهای هێزی ماسوولكە و بازووی ڕسوا كردووە، داهێنراوە تەكنەلۆجییەكان، خوێندن و ڕاهێنان؛ توانستەكانی ژنانیان پارسەنگ كردۆتەوە، كاتی زۆرتریان پێ بەخشیوە، ئەوە زانستی جوانكارییش لەو لاوە بووەستێت كە تەمەنی گەنجێتیی و جوانییەكەیان درێژتر كردۆتەوە و لەو ڕووەشەوە بەهێزییەكەی دیكەیان بۆ كەسێتییەكەی ئیزافە كردووە.
ترس لە ژنی بەهێز نەریتێكی مێژووییە، بۆ وەبیرهێنانەوە با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئیسلام… مێژووی ئیسلام، خاڵیی نییە لە ژنی بەهێز، فاتیمەی كچی پەیامبەر، عائیشەی هاوسەری پەیامبەری ئیسلام، سەكینەی كچی ئیمامی حسێنی كوڕی عەلیی و عائیشەی كچی تەڵحەی كوڕی عوبەیدوڵڵا تەنیا چوار لە نموونەكانن.
عائیشە؛ كچی ئەبوبەكرە، یەكەم جێنشینی پەیامبەر، لە كتێبی (الامتاع والمٶانسە)ـی ئەبی حەییانی تەوحیدی-یدا بە “رجلە العرب” وەسف كراوە، واتە ئەو ژنەی كە هەموو تایبەتمەندییەكانی بەهێزیی پیاوی تێدا بووە. عائیشە بە یەكێك لە دنەدەر و هەڵگیرسێنەرانی شەڕی ناوخۆی مسوڵمانان دادەنرێت كە زیاد لە ١٤٠٠ ساڵە بەردەوامە، شەڕی ئەلجەمەل بە ناوی حوشترەكەی ئەوەوە ناو نراوە، لە قورئاندا لە زیاد لە سوورەتێكدا ئاماژەی پێ دراوە، دیارترینیان (حادیسەی ئیفك)ـە كە بە ئایەت پووچەڵ كراوەتەوە.
سەكینەی كچی ئیمامی حوسەین، ئەویش ژنێكی ئێجگار بەهێز بووە، بە پێی هەندێك ڕیوایەت ١٥-١٦ شووی كردووە، لە زۆرینەیاندا ئەو پیاوەكەی تەڵاق داوە، ساڵۆنێكی ئەدەبیی هەبووە و پیاوان لە مەجلیسەكەیدا لە خوارەوەی دانیشتوون، بیرتیژ و زمانتووند و ڕەخنەگر بووە، بە (بەرەزە: برزە) پەسن دراوە، كە بە واتای هاوشانی پیاوان دێت.
عائیشەی كچی تەڵحە-ش یەكێكی دیكەیە لە ژنە بەهێزەكانی مێژووی سەرەتای ئیسلام، ئەو كچی تەڵحەی كوڕی عوبەیدوڵڵایە كە یەكێكە لە دە مژدەپێدراوەكە (العشرە المبشرە)، دایكیشی كەلسوومی كچی ئەبوبەكری صدیقە. عائیشە؛ فیگەر و كەیسێكی تایبەتە.
عائیشەی كچی تەڵحە، ژنێكی بەهێزی خوێندەوار و زانا بووە، سەرباری ئەوەش زۆر جوان بووە، ئەویش لە ژیانیدا زیاد لە شوویەكی كردووە، موسعەبی كوڕی زوبەیر یەكێك بووە لە مێردەكانی و زەلالەتی بووە بە دەست عائیشەوە، تا ئەگاتە ئەوەی زوبەیر دەچێتە لە ئیمام و شكاتی لێ دەكات كە ئامۆژگاریی بكات هێندە زیادەڕەویی نەكات لە بە گوێنەكردنیدا. دەڵێن جارێك موسعەب لە سەفەر دەگەڕێتەوە و لەو كاتەدا عائیشە خەوتووە، موسعەب خەبەری دەكاتەوە بۆ ئەوەی كە پیشانی بدات چ دیارییەكی بەنرخی بۆ هێناوە، پارچە ئاڵتوونێكی گرانبەها بووە، بەڵام عائیشە پێیدا هەڵدەشاخێت و تووڕە دەبێت كە بۆچی بۆ پارچە تەنەكەیەكی بێنرخی وا خەوەكەی لێ تێك بدات.
عائیشە لە دەیان چامەی شیعرییدا وەكو ڕەمزی جوانیی پیشان دراوە، ئەدەبدۆستێكی مەزن و ڕەخنەگریش بووە و ساڵۆنێكی ئەدەبیی هەبووە… دەڵێن هەمیشە لە كاتی قسە كردندا چاوی بڕیوەتە چاوی پیاوان و نەیترووكاندووە هەتا پیاوەكە ناچار بووە چاوی دابخات.
ژن؛ یەكێكە لە فۆبیا بەردەوامەكانی ئایین و بە تایبەتییش هی ئیسلام، مامەڵەكردنی سەردەمیانە لەگەڵ ژن پێوەرێكی هەرە گرنگ و ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی تازەبوونەوەی ئیسلامی پێ هەڵبسەنگێنین، ئیسلام وەكو ئایین و مسوڵمانەكانیش وەكو پیادەكارانی؛ نایانەوێت ددان بەو هەموو گۆڕانە ڕیشەیی و گەورانەدا بنێن كە بەسەر ژیان و مرۆڤدا هاتووە، ئەوان دەیانەوێت بەو دەقانەی بۆ كۆنتێكستێكی مێژووی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر هاتوون جڵەوی ئەمڕۆ بكەن، ئەوە كارێكی نەكردەیە، لە باشترین حاڵەتدا كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەرەبستانی سەعودییە و سوودان و میسڕ بەرهەم دەهێنێت، درەنگ یان زوو ئیسلام و مسوڵمانان دەبێت دەسبەرداری ئەو فۆبیایە ببن.
پیاوی لاواز و تەممەڵ خوازیاری ژنی لاوازە، بۆ ئەوەی وەكو كارەكەر، سەرچاوەی چێژ و شتێك لە شتومەكەكانی مامەڵەی لەگەڵدا بكات، لە ناواخنی هەموو پیاوێكدا پیاوێكی لەو جۆرە هەیە، منیش حەزدەكەم ژنێكم هەبێت وەكو خزمەتكار خزمەتم بكات، یەك لەسەر چواری دڵمی بدەمێ و گەڵوگیپاڵی لێ بڵاو بكەمەوە، بەڵام ویژدان و پەروەردە و ئەخلاقم ڕێم پێ نادات و سەركوتی دەكەم، چونكە ئێمە هەموو یەكسانین، گوناهی دایكم چییە كە ژنە؟ هی هاوسەرەكەم؟ هی كچەكەم؟ ئەو پیاوانەی بە كەم و ناقیص و پیس لە ژن دەڕوانن با بڕۆنە بەردەم دایكیان، چاو ببڕنە چاوی و پێی بڵێن: تۆ لە من كەمتریت، تۆ عەقڵت تەواو نییە، تۆ نەجیسیت.
لە هەمووشی سەیرتر بە لامەوە ئەو هەموو چێژپەرەستیی و كۆیلەیەتییەیە بۆ حەز و ئارەزووەكان و بە تایبەتیی سێكس كە مرۆڤی مسوڵمان هەیەتی، ئەمسەر بۆ ئەوسەری قورئان زەمی دونیا و مەلەززات و خۆشییەكانیەتی، كەچی كەس هێندەی مسوڵمانان حەزی لەو موتعە و خۆشییانە نییە، زۆرینەیان هەر بۆیەشە نوێژ دەكەن چونكە وەكو پرۆفین ئارامیان دەكاتەوە، ئەگەر نوێژ دڵتەنگی بكردنایە تاقیان نەیاندەكرد، ئەوان مسوڵمانن بۆ ئەوەی هیچ ئازارێك نەجێژن: بە نوێژ ئارام دەبنەوە، بە حەڵاڵكراوەكان تا ئەوپەڕی خۆیان تێر دەكەن و لەوسەریش دەچنە بەهەشت، تەممەڵخانەیەكە نەبێتەوە.