وه‌ختێ وێنه‌ی ئه‌و كامیۆنانه‌م بینی ئاوا ئه‌و هه‌مو گه‌نجه جوان و پڕ هیوایه تیایدا به‌وپه‌ڕی پاكیزه‌ییه‌وه سه‌ریان له‌سه‌ر شان‌و ڕانی یه‌ك دانابو، به‌هێمنی رۆحیان ده‌ستی یه‌كتری گرتبو، له درزی ده‌رگاكه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ر تاسه‌یه‌كدا، یه‌كو دوان، خۆیان گه‌یاندۆته هه‌وره ئازاده‌كانی ئه‌وروپا، ئیتر تێگه‌یشتم ژیان چه‌ند مایه‌پوچه! له‌ساته‌وه‌ختێكدا له‌وپه‌ڕی هیوادا، ده‌شێ له‌به‌ین بچی. ئه‌و وه‌خته‌ی تازه خه‌ریكی نه‌خشه‌ی ژیانی داینێی، ده‌شێ مردن سه‌رێك باتو دواین هه‌ناسه‌كانی ژیانت له شه‌پۆلی ده‌ریایه‌كدا، له هه‌ڵمی هه‌ناسه‌كانی سه‌رنشینانی ناو خێمه‌یه‌ك یان لۆریه‌كدا، یان له خۆشی گه‌یشتندا، لێ بسێنێ..ده‌شێ ژیان وا بێ به‌هاو بێ كارامه بێ.
ته‌نهای فێری زۆر شتی كردوم، فێری وه‌ستان به‌دیار هیواكانه‌وه، وه‌ستان به‌دیار به‌دی هێنانی ئه‌و خه‌ونانه‌وه، كه بۆ بپێگه‌یاندنیان، هه‌مو رۆژێك، تاڵێكی سپی زیاتر ده‌كا له‌سه‌رو پسكمدا..به‌م دواییه تاڵی سپی له برۆشمدا ده‌بینم! سه‌یره من بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌وروپی زۆر گه‌نجم بۆ له‌خێو چون، لێ ئه‌وه ئه‌زه‌له، ناتوانم ناشكوری له‌سه‌ر بكه‌م! ئه‌رێ، له‌گه‌ڵ هه‌مو هه‌ناسه‌ی ژنێك دا كه به‌ده‌م گریانه‌وه وێنه‌ی ده‌گرن، من تاڵێكی سپی له‌م دوره‌وه ده‌ڕوێ له پسكمدا، له‌گه‌ڵ هه‌ناسه سارده‌كانی هه‌ر كچێكدا، كه تاكه ئاواتی پۆشینی كراسێكی سپیه‌و چه‌پكێ گوڵه بیگرێ به‌ده‌ستیه‌وه، من لێره‌وه رۆحم ده‌بێته پشكۆ. ئاخر خۆ من دایكی ئه‌و خه‌ڵكه نیم، نازانم دایكایه‌تی چیشه؟ به‌ڵام ئه‌م سه‌لیقه بێتامه بێزاری كردوم..بێزار، هه‌ندێ جار یه‌خه‌ی خودا ده‌گرم و جاریش هه‌یه له خۆم ده‌پرسم، گه‌وره‌یی خودا له‌چیدایه، گه‌ر وه‌ها ئومێد له دڵی مه‌خلوقه‌كانی دا ده‌مرێنێ؟
ئه‌و ده‌مانه‌ی دڵم توند ده‌بێ، ده‌مه‌وێ بگریم بۆ چاره‌نوسی ئه‌و یاخیانه‌ی ده‌یانتوانی له‌جیاتی هه‌ڵاتن، له داڵانهۆوه یاخیبون هه‌لایسێننو شۆڕی بكه‌نه‌وه وه‌ك بوركانی ته‌قیو تا له‌دڵی ده‌شتاییه‌كانی هه‌ولێردا، له‌به‌رده‌م شێخه‌ڵڵادا گۆمی ئاگر بۆ هه‌مو ئه‌وانه دروست كه‌ن، كه یه‌ك به‌یه‌كی هیواكانیان به‌به‌رچاویانه‌وه پێ له‌خاچ دان، گه‌نجێتی، ژیان، ئومێد، ماڵ و خێزان، هه‌وڵ و به‌رده‌وامی، زینده‌گی كارامه، مرۆڤبون و شتێ كه له ئاژه‌ڵ جودایانكاته‌وه، به‌ڵام ده‌بینی ئه‌وان هه‌موانیان كرده مه‌ڕ، وه‌ك چۆن ریزیان له له‌وه‌ڕگه‌یه‌كدا پێ ده‌گرن له‌وه‌رزی بڕین و ڤاكسیندا، ئاوها هه‌مو گه‌نجانی وڵاتیان كووڕ كرد.. ئه‌قڵی تاك زكماك بو، ئه‌ندێشه یه‌ك كاری هه‌یه له ئێستایا، نه‌خشه‌دانانی هه‌ڵاتن، به‌ڵام له‌ده‌ست كێ؟ له‌ده‌ست بێ ئیراده‌یی!!
گه‌لێ جار ده‌مه‌وێ بێ‌باك بم، ده‌مه‌وێ بیر نه‌كه‌مه‌وه، ده‌مه‌وێ وه‌ك سروشتی هه‌میشه‌یم كه زۆر پێده‌كه‌نم، قوڵپی پێكه‌نینه‌كانم له دڵه‌وه بێن، به خۆم ده‌ڵێم، بزانه چه‌ند به‌خته‌وه‌ری، تۆ له دونیایه‌كی تری، هیچ شتێ نیه بتبه‌ستێته‌وه به‌و كاولبوه‌ی جگه له درۆ‌و نیفاق و گه‌نده‌ڵی هیچی تری تیا سه‌وز نابێ، مه‌لایكه‌تێ له‌سه‌ر شانمه‌وه راپێچم ده‌كا، ده‌رگای كه‌نتۆره‌كه‌م پێ ده‌كاته‌وه، شاڵێكم پێ ده‌دا به‌سه‌رشانماو هه‌نگاوم پێ ده‌نێ به‌ره‌و ده‌ریاكه، پێم ده‌ڵێ بچۆ له‌وێ سه‌یری خۆراوابون بكه، كتێبێكی ڤالاچی، یان بزورگ، یان هیچ نه‌بێ كورسیه‌كه‌ی شێركۆ به‌ره‌و له‌وێڕا به‌ده‌م سه‌مفۆنیای شه‌پۆله‌كانه‌وه بیخوێنه‌وه، لێ ئه‌م شه‌یتانه نه‌گریسه‌ی وه‌ك مۆته‌كه له‌رۆحمدایه، به‌یه‌ك خه‌م ته‌واوی پلانه‌كانم پێ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی جگه له ئاڵوده‌بون به خوێن و ته‌رم و شه‌ڕو ده‌ستدرێژیو بێ مافی و نوزه‌له‌ی كچه به‌دبه‌خته‌كان و هاواری كوڕه چاره‌نوسنادیاره‌كان، هیی تری تیا گه‌شه ناكا..ئه‌رێ سروشتی من نامۆیه به شادی، بۆیه هه‌میشه ئاڵوده‌م به خه‌م…بۆیه تا دێ تاڵه‌كانی سه‌رم سپی تر ده‌بن، زهنم، فراوانتر‌و، بیره‌كانم تیژ تر‌و، ئیراده‌م قایمتر..تا دێ له‌ژنبون دور ده‌كه‌ومه‌وه، ناشبمه پیاو…ده‌بمه شتێك، ته‌نها من له‌و جۆره هه‌م!!
ڤیان فه‌ره‌ج