نەوزاد بەندی:
وەک ئەڵێن قۆناغی پێش جەنازە، خانەنشین بوونە ..وەک چۆن جەنازە ناو و ناونیشانەکان وەردەگرێتەوە، تەنها پلە و پۆست و پێناسێک کە بۆت جێدەهێڵێ، ووشەی جەنازەیه.. بە هەمان شێوە خانەنشین بوونیش، ناونیشان و پلە و پۆستەکانت لێدەسێنێتەوە و هەمووان پێت ئەڵێن خانەنشین.. ئیتر ناپرسن تۆ چ کارە بوویت، بڕوانامە و پسپۆڕییت له چیدا هەبوو، چەند بەرهەم و داهێنان و هەوڵ و خەبات و دەوامت کردووە.. نەخێر، ئەوانە هەمووی بە کەڤەرێک دادەپۆشرێن وەک چۆن سەیارەیەکی دەعمکردوو دادەپۆشرێ، مەگەر خۆت باسی ژیانی فەرمانبەرییت بکەی، ئیتر لەبەردەم مایکی تەلەفزیۆنێکا بێ یان لە بەردەم مایکی خەتێکی فریی ئاسیاسێڵدا..
دوای ئەوە، پرسیاری زانستیی و ئیدارییەکانت لێ ناکرێ، تەنها پرسیاری بازاڕییانەت لێ دەکرێت، وەکو :عەسکەرییەکەیان بۆ حیساب کردیت؟ بە چەند خانەنشینیان کردیت؟.. شەش مانگەکەت وەرگرت؟ ..ئەی دوانزە مانگەکەی بەغا دەنگی نییە؟ بە بێ دەرماڵە، چەندت وەرئەگرت؟ پله چەند بووی؟ تەبعەن پاشەکەوتی موچەکانیشت فت ..؟
ئەمە بۆ پیاو بە هەرحاڵ، چونکە لە ئێسقان و ماسولکەی بەهێز دروستکراوە و نیوەی تەمەنی لە بازاڕ و مامەڵە و بێنە و بەردەدا بەسەر بردووە، بەڵام ژن کە زۆر زوو هۆگری کار و ڕۆتینی ڕۆژانە ئەبێ، چۆن بتوانێت ئەو گۆڕانکارییە لەناکاوە قبوڵ بکات؟ چۆن ڕازی بێ لە ناونیشانی مامۆستا و ئەندازیار و دادوەرەوە پێی بووترێت خانەنشین؟
لە پڕێکا ئەڵێت : نەمزانی، ئەو هەموو جل و پێڵاوەیشم کڕی، تازە ئیتر بۆچیمە؟ وەڵڵا ئەیانکەم بە خێر .. دەستێک جل و جووتێک پێڵاو بەسه ..
ــ بەڵێ باش ..
هێشتا دوو هەفتەی ماوە، فەرمانبەرە ژنەکانی هاوڕێی ڕێزلێنانی بۆ دەکەن، ڕێز لێنانی چی؟ ڕەنگە پاشتێلانەیەکیش هەر ئەوەندەی تێ بچێ.. واز لە شیرینیی و خواردن و خواردنەوەیش بێنە، کە کێک بە توڕتە ئەڵێ لاکە بەو لاوە..سپڕایت بە کۆکا کۆلا ئەڵێ، ئەوە جێی منە.. شاورمە بە پیتزا ئەڵێ لاچۆ لەبەرچاوما..پارچەیەک پەخشانی پڕ لە سۆز و عاتیفە لە پارچە شوشەیەکدا ئەنوسن، بەرد ئەکات بە ئاو .. ئیتر لە پڕێکا بەڕێوەبەری فەرمانگە لە پڕمەی گریان ئەدات، بە دوایدا فەرمانبەرەکان وەک کۆرس بۆی ئەسێننەوە، ئینجا وەرە ئەبێ وەزع و حاڵی هاوسەرت چۆن بێت، ئەو هەموو فەرمانبەر و بەڕێوەبەر و کارگوزارە لە چوار دەوری بگرین؟ ئەوە وەک دەڵێن لە باسکردن و وێنا کردن نایەت.
لە پڕ تەلەفۆنێکت بۆ دێت، بە دەنگێکی کزۆڵ و مشە مش پێت ئەڵێ: لە کوێی؟
تۆ دڵت دادەخورپێ، هەناسەت سوار ئەبێ و بە خێرایی ئەڵێی : چی ڕووی داوە ؟ بۆ خاتری خوا ..
ئەو شارەزایە لە جێگای تەنفیس و فشکردنەوەکەت، یەکسەر ڕیتمی دەنگی ئەگۆڕێ و ئەڵێ : نا نا هیچ نەبووە، ڕێزلێنانەکەیە..
هەناسەیەکی ئاسودەیی هەڵئەمژی و ئەتەوێ وەک محەمەد سەڵاح سوجدەیەکی شوکر بۆ خوا ببەی، بەڵام ئەو بوارت نادا و ..ئەڵێ : برادەرێکت نییە پیکابی هەبێ؟
تۆ ئەڵێی : بۆچی ؟
ئەو ئەڵێ : ئەوەنە گوڵ و هەدیەم بۆ هاتووە، لە سەیارەکەی خۆمانا جێی نابێتەوە !!
ئینجا وەرە ئەو هەموو دیاری و گوڵ و شیرینییە، کەچی هەموویان خەمبار و چاو ئاوساو، لانی کەم هەر یەکەی دوو سێ تاو فرمێسکی ڕشتووە، چوار دەوری چاویان وەک قۆخ شین و مۆر بۆتەوە.. جا فیمەیڵی لای خۆمان هەر کە گریا، یەکسەر ئاویش بە لووتیا دێتە خوار ..
کە ئەچیت بۆ فەرمانگاکەی بۆ بارکردنی گوڵ و دیارییەکان، کۆرسێک فەرمانبەر مشە مشیانە ..
دوای نیو سەعات، ماڵەکەتان وەک مەشتەلی لێهاتووە، ئەو هەموو باوەشە گوڵە سروشتییە، بە شێوازێکی زۆر جوان پێچراونەتەوە .. ئەو هەموو قوماشی جلی کوردییە .. خۆ نایشوێریت بڵێیت ئەرێ ئەم هەموو گوڵە گرانبەهایانە، سبەی دوو سبەی سیس ئەبن و ئەبێ فڕێیان بدەین، خۆزگە گوڵی نایلۆن بوونایه، یان شتێ بوونایه سودێکیان هەبووایە، ئینجا ئەو هەموو جلە کوردییانە چین؟ کوا ئێستا کورد جلی کوردی لەبەر ئەکا؟ بڕۆ ئەو بازاڕە، ئەوەی جلی کوردی پۆشیبێ، تەنها برا عەرەبە چاو گەشەکانمانن ..
نا ..نا .. نابێ ئەو قسانە بکەیت، مێز و سەر کەوانتەرەکان بوون ڕەبایەی گوڵ، قەیناکات ..
ئەڵێ : یەک حەشریان بۆ کردووم، هەر نەبێتەوە .. ئەوەنە گریاوین، ئەوەنە گریاوین، پرزەمان لێ بڕا .. ئەیانووت خۆمان ناگرین چی بکەین.
ئیتر تۆ نازانیت چی بڵێیت، ئەگەر پێی بڵێیت : بە خۆشیی بێ.. ڕەنگە پێت بڵێ ئەزانم پێت خۆشە ئیتر ببم بە ژنی ماڵەوە و ئەو تۆزە دەوام و دائیرەیەیشم نەمێنێ ..
ئەگەر بڵێی خێری پێوە بێ ..
ڕەنگە بڵێ خێری چی؟ مەلیک مەحمود مرد هەر ئەوەنە بۆی گریاون ..
خۆ ئەگەر بڵێی : دەی بەس نییە خزمەتەکەت بە سەلامەتیی تەواو کرد و نەجاتت بوو !
ڕەنگە بڵێ بۆ ؟ خۆ خزمەتی عەسکەریی نییە، وەڵا هەموو ڕۆژێ کە ئەچووم بۆ دەوام وەک ئەوەی بچم بۆ سەیران، وابوو .. چا لێدەنرا، کێک و پیتزامان بانگ ئەکرد، بە گوڵەبەڕۆژە و دەنکە کولەکەوە.. باس و خواسی دنیا و ..نوکتە و قسەی خۆش..ڕێک لە خوشکەکانم دڵسۆزتر بوون.. نەجاتی چی؟ تۆ تەواویت؟ یەعنی چی نەجاتم بوو؟ خۆ زیندانی سیاسیی نەبووم ..
ئیتر نازانن چی بڵێن.. بەڵام بە ڕای من هیچ نەڵێن باشترە.. هەر جار جار بۆنێکی چەپکە گوڵەکان بکەن و . . بڵێن ئەڵێی چی بچم کۆمەڵێ گوڵدانی گەورە – گەورە بکڕم، ئاویان تێکەین لەگەڵ دەنکێ پاراسیتۆڵ، با نەژاکێن ؟
ئەگەر ئەوەیش نەڵێن ڕەنگە بڵێم باشتر بێ بۆتان.
بێ گومان ئەمە بار و دۆخێکی کۆمەڵگا و سیستمێکی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگای توشی ئاڵودە بوون کردووە بە کارێکی وەهمییەوە، لە ڕاستیدا نە کارە و نە بەرهەمە و نە هیچ داهێنانێکی تیایە، دوای ئەوە لە پڕێکدا ئەڵێ بڕۆن بۆ ماڵەوە خانەنشین بوویت.. ئەو ئاڵودە بوونە و ئەم لە پڕدا وازهێنانە، شۆکێکی گەورەیە لە ژیانی هەر فەرمانبەرێکدا، چونکە هیچ بەدیلێکی تری نییە .. ئەبێ لە لوتکەیەکەوە بۆ ناو شیوێکی نادیار تلۆر بێتەوە .. لە ووڵاتانی پێشکەوتوودا پارەیەکی زۆر بۆ خانەنشین خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێ گەشت و گەڕان به ووڵاتاندا بکات، لە هەندێ ووڵاتدا شوقەیەکیش بە خانەنشین دەدرێت بە نرخێکی ڕەمزیی وکەم، هەتا خۆی پێوە سەرقاڵ بکا و ..وەک خاوەن سەرمایەیەکی لێ بێت و .. هەستی غەرییی و بێکاریی بە سەریدا زاڵ نەبێ و نوقمی نەکات ..
لای ئێمە هیچ شتێک لەو شتانە لە ئارادا نییە، ئەوەی بۆ خانەنشین ئەمێنێتەوە تەنها یادگاریی و خەم و خەفەت و گۆشەگیریی و نامۆبوونە..بە تایبەت کە زیاتر لە شەست موچەی بە ناوی پاشەکەوتەوە لێ زەوت کراوە مەگەر لە ڕۆژی قیامەتدا، وەک مەحوی ، ئەم دەسەڵاتە پاشەکەوت بێتەوە فکری.