لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا دیاليکتیی یەکدی سڕینەوە وەک کۆسپێکی ستراتیژی لە مێژووی کورددا

دیاليکتیی یەکدی سڕینەوە وەک کۆسپێکی ستراتیژی لە مێژووی کورددا

0 تێبینییەکان 7 بینینەکان
مژدە علی:
پرسی یەکدی قبوڵنەکردن لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا، دیاردەیەکی لە ميژینەیە و خۆی لە دەرهاویشتەی ململانێیەکی حزبیی سادە دا نابینێتەوە، بەڵکو گوزارشتە لە قەیرانێکی ناسنامەیی و سۆسیۆلۆژیی قووڵ کە وەک دەردێکی کوشندە لە جەستەی مێژووی ئەم نەتەوەیەدا ڕەگی داکوتاوە. ئەم کێشەیە لە ڕووی ئەکادیمییەوە دەکرێت وەک شکستی گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوخۆیی پێناسە بکرێت، کە تێیدا لایەنەکان لە جیاتی بنیاتنانی بەرەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، وزە و تواناکانیان لە ململانێی خۆخۆری و سڕینەوەی ئەویتردا بەفیڕۆ دەدەن. لێرەوە، تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ئەم پەرتەوازەییە دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی بۆ شیکردنەوەی ئەو شکستە بەردەوامانەی کە ڕێگر بوون لە گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان.
با لە ڕەهەندە مێژووییەکەوە ئەم دەردە کوشندە ببینین کە چۆن بووە بە دووبارەبوونەوەی تراجیدیایەکی کوژەر
دەبینین ئەم دەردە لە چەندین قۆناغدا سەری هەڵداوە بە نمونە وەک :
شکستی زۆربەی میرنشینە کوردییەکان (وەک بابان و سۆران …هتد) نەک تەنها بەهۆی هێزی عوسمانی و سەفەوی، بەڵکو بەهۆی ململانێی نێوان میرەکان و یەکدی قبوڵنەکردنیان بووە.
لە سەدەی بیستەمدا، چەندین جار هەلی زێڕین بۆ سەربەخۆیی و دەرکەوتنی کورد وەک نەتەوەیەکی دیار ڕەخساوە، بەڵام جەمسەربەندی و ململانێی ناوخۆیی بووەتە هۆی ئەوەی نەیارەکان بە ئاسانی ببنە باڵادەستی ناوچەکە و کوردیش وەک پێشینان وتونی دەستی لە بنی هەمانەکە دەرچووە
هۆکارەکانی ئەم دەردە بێگومان زۆرن بەلام ئەوەی زۆر گرنگەو هۆکاری سەرەکیە.
دەستێوەردانی دەرەکی نەیارانی کورد هەمیشە سوودیان لەو درزانە بینیوە و بە دروشمی دابەش بکە و زاڵ بە ئاگرەکەیان خۆش کردووە.
نەبوونی ناوەندی بڕیار ونەبوونی یەک دەسەڵاتی ناوەندی لە مێژوودا وای کردووە ململانێی خودی هەمیشە بەدیل بێت بۆ کاری دامەزراوەیی
هەربۆیە ئەم جۆرە لە دابڕان دەبێتە هۆی:
ئەو هێزەی دەبوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی خاک بەکاربهاتایە، لە ململانێی سڕینەوەی یەکتردا بەفیڕۆ چووە
نەبوونی متمانەی سیاسی گەورەترین ئەنجامی ئەم دەردە بوە دروستبوونی کەلێنێکی گەورەیە لە نێوان تاکی کورد و هێزە سیاسییەکان، کە دەبێتە هۆی بێئومێدییەکی کوشندە.
لاوازی لەسەر مێزی گفتوگۆ یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە دیارەکان ،چونکە کاتێک لە ناوخۆدا پەرتەوازە بین، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک لایەنێکی لاواز و بێبەرنامە دەردەکەوین.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ڕاستییە تاڵەی کە یەکدی سڕینەوە لە کولتووری سیاسیی کوردیدا، تەنها هەڵەیەکی تاکتیکی نەبوە بەڵکو ئینتحارێکی شارستانیی بەردەوامە ئەم نەتەوەیەی کە لە جەرگەی زاگرۆس دا یەکەمین چەخماخەی شارستانییەتی هەڵگیرساند، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی بوونگەراییدایدایە؛ یان دەبێت فرەیی وەک ستراتیژێکی مانەوە قبوڵ بکات، یان لەناو بازنە خولاوەکانی مێژوودا بەردەوام دەبێت لە دووبارەکردنەوەی کارەساتەکان.
کەواتە نەبوونی گرێبەستێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە وای کردووە کە کورد هەمیشە لەبەردەم بێگانەدا پەرتەوازە و لەبەردەم یەکدییدا سەختگیر بێت. ئەمە ئەو هەڵە کوشندە مێژووییەیە کە نەیارەکان هەمیشە وەک دەروازەیەک بۆ داگیرکاریی فیکری و خاکی سوودیان لێ بینیوە. تێپەڕاندنی ئەمەش بە تەنها بە گۆڕینی دەسەڵاتەکان نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە شۆڕشێکی هۆشیاری و فکری وتیگەشتن لەیەک هەیە، شۆڕشێک کە تێیدا ئەویتر ی ناوخۆیی نەک وەک هەڕەشە، بەڵکو وەک تەواکەری شوناس پێناسە بکرێتەوە.
بێگومانم ، ئەگەر ئیرادەیەکی گشتگیر بۆ گۆڕینی ئەم عەقڵییەتە دروست نەبێت، ئەوا پەرتەوازەیی وەک میراتێکی شووم بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە و مێژووی کوردیش تەنها وەک زنجیرەیەک لە دەرفەتە سووتاوەکان لە کتێبەکاندا تۆمار دەکرێت
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە