کاتێک مرۆڤ لە قووڵایی کێشەکان و جەوهەری بوون تێدەگات، جۆرە نامۆییەک لە نێوان ئەو و ژینگەکەیدا دروست دەبێت. ئەمڕۆ لە زانکۆکانی هەرێم و ناوەندە ئەکادیمییەکان دا، خەریکە چەمکی “ڕۆشنبیری” لە مانا فیکرییەکەی دادەماڵرێت و دەکرێتە بەرگێکی بریقەداری ڕواڵەتی و دەرەکی .
#لە نێوان هەژاریی فیکری و دەوڵەمەندیی ڕواڵەتیدا
لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ناوەندە ئەهلییەکاندا، جۆرە لەخۆ ڕازیبونێک و ئاسوودەییەکی سەرکێشانەو متمانە بەخۆبوونێکی سەیر دەبینرێت!.
خوێندکار وا ڕاهێنراوە کەمتمانەبەخۆبوون و ڕاقیبونی خۆی لە ڕێگەی نیشاندانی مۆبایلە گرانبەهاو ئۆتۆمبیلە دوامۆدیلەکەی و جلو بەرگە کەشخەو شتە بینراوەکانەوە بسەلمێنێت.
بەمەرجێ هیچ کام لەوشتانە بەڕەنج و ماندووبوونی خۆی بەدەستی نەهێناوە، وەک بە زاراوە باوەکەی دەڵێن “پۆزی پێوە لێدەدات”خۆی پێوە هەڵدەکێشێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەنجی دای باب.
ئەمە ئەو دۆخەیە کە دەتوانین ناوی بنێین جەهلی مۆدێرن ! کە تێیدا تاک نازانێت کە نازانێت! بەڵکو بەو شتە مادیانەی کەهەیەتی مەست بووە و وا دەزانێت گەیشتووەتە لوتکەی تێگەیشتن.
مەعریفە مرۆڤ دەخاتە بەردەم پرسیاری قورس و گومان لە هەموو ئەو پیرۆزییە وەهمیانەی کە کۆمەڵگە و ژینگەی زانکۆ دروستیان کردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین سەرقاڵبوونی بەکۆمەڵە بە شتە لاوەکییەکانەوە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو ئازارە نەبنەوە کە ڕاستی و قووڵبوونەوە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت.
پرسیارگەلێک بۆ تێڕامان لە خود وخۆناسینیان پێویستە؛ ئەمپرسیارانە ئاراستەی ئەو جۆرە خوێندکارانە دەکەم کە لە ناو بازنەی “ڕواڵەتگەرایی”دا دەسووڕێنەوە:
– ئایا ئەو متمانەبەخۆبوونەی هەستت پێکردووە، لە ئەنجامی “تێگەیشتنێکی قووڵە لە جیهان؟ یان تەنیا نەبوونی گومانە لەو زانیارییە کەمەی کە هەتە؟
–ئەگەر هەموو ئەو نیشانە دەرەکییانەت لێ بستێنرێتەوە ؛وەک: جلوبەرگە کەشخەکانت، مۆبایلە گرانبەهاکەت، ئوتۆمبێلە دوا مۆدیلەکەت، چی لە ناوەوەی تۆدا دەمێنێتەوە کە جێگەی بایەخی عەقڵ بێت؟
– ئایا زانکۆ بۆ تۆ “کۆلۆنیالیزمێکی کلتوورییە” کە تێیدا تەنیا فێری چاولێکەری دەبیت، یان تاقیگەیەکە بۆ شکاندنی ئەو وەهمانەی کە ژیان پێی فرۆشتویت؟
– بۆچی لە جیاتی ئەوەی مانا بدۆزیتەوە، پەنا دەبەیتە بەر وێناکردنی خۆت وەک کەسێکی ماناخواز؟
–ئایا ئەمە ڕاکردن نییە لەو ئازارە پیرۆزەی کە مەعریفە دروستی دەکات؟
– تا چەند دەتوانیت لە ناو بێدەنگی و دوور لە چاوی کامێراکان و ستایشی خەڵک، لەگەڵ کتێبێک و فکرێکی قووڵدا ئاسوودە بیت؟
ڕەنگە جەهل و ڕواڵەتگەرایی ئارامییەکی کاتی و دڵخۆشییەکی ساختەت پێ ببەخشێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو شوناسە مرۆییە بەرزەت بۆ بونیاد بنێت کە تەنیا لە ڕێگەی “ئازاری تێگەیشتن” و “باجی حەقیقەت”ەوە بەدەست دێت. مرۆڤی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ئامادەیە ئاسوودەیی جەهل بگۆڕێتەوە بە مەینەتییەکانی عەقڵ.
بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ڕواڵەتگەرایی و گەیشتن بە قووڵایی مەعریفی، پێویستە لە هەنگاوی سادەوە دەست پێ بکەیت کە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر عەقڵ و دەروونت:
–ڕۆژووی سۆشیاڵ میدیایی؛ چۆن؟دوورکەوتنەوە لەو پلاتفۆرمانەی تەنیا وێنە و ڕواڵەت نیشان دەدەن، هەروەها کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی ژیانی تایبەت بۆ بەدەستهێنانی ستایشی خەڵک. ئەمە یارمەتیت دەدات چاوی عەقڵت لەسەر خۆت بێت نەک تێڕوانینی ئەوان.
–گۆڕینی شێوازی خوێندنەوە؛
هەوڵ بدە لەبری زۆر خوێندنەوە قووڵ بخوێنیتەوە” و شرۆڤە بۆ دەقەکان بکەیت.
– ڕاهێنان لەسەر تەنیایی و بێدەنگی؛ مرۆڤ لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە.
ڕۆژانە کاتێک تەرخان بکە بۆ تێڕامان “Meditation” بەبێ مۆبایل و ئامێرەکان.
لە بێدەنگیدا پرسیارە جەوهەرییەکان لە خۆت بکە؛ من کێم؟ بۆچی لێرەم؟“.
ئازاری تەنیایی وەک دەرفەتێک بۆ ناسینی خودی ڕاستەقینەت بەکاربهێنە
–گۆڕینی بازنەی هاوڕێیەتی:
دوورکەوتنەوە لەو کۆڕ و مەجلیسانەی تەنیا باسی مۆدێل و شتی بێمانا دەکەن. دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە هانی گومان و پرسیار”ت دەدەن نەک “متمانەی پووچ،
گفتوگۆکردن لەسەر مانا گەورەکان لەبری باسکردنی کەسایەتییەکان.
–ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی بێدەنگ
کارێک بکە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەبێ ئەوەی کەس بزانێت و وێنەی بگریت.
ئەمە وات لێدەکات هەست بە بەهای ناوەکی خۆت بکەیت بەبێ چاوەڕوانی چەپڵەی خەڵک.
ڕواڵەتگەرایی لە “ترس لە پووچی دروست دەبێت، کاتێک ناوەوەی خۆت بە مەعریفە پڕ دەکەیتەوە، ئیتر پێویستت بە بریقە و باقی دەرەکی نامێنێت بۆ سەلماندنی بوونی خۆت.
٥/٥/٢٠٢٦