چەندین جار باسی ئەوەمان كردووە كە تەنها رێگە بۆ بەردەوامیدان بە پەویەندی لەگەل ئەمریكادا، ئەوەیە بزانیت چۆن چمكێك لە بەرژەوەندیەكانی بە تاڵە دزویەكیشەوە بێت لە دەستی تۆدا بمێنێتەوە و وردبیت لە مامەڵكردنی رۆژانەتدا. ئەمرۆ لە زۆر ناوەندی هەستیاری ئەمریكا وا دەردەخرێت كە هیچ شتێك نەماوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆردوغان ئەوە نەبێت كە چۆن ئەوەی دەتەوێت بەسریدا فەرزبكەیت و ملكەچی ئەمری واقیع بێت. بێگومان ئەوەی وەزعەكەی گەیاندۆتە ئەم حاڵەتە ئەردۆگان و سیاسەتەكانیەتی لەم ماوەی پێشودا، كەهەنگاوەكانی بە پاڵنانی حەز و ئارەزووە شەخسیەكانی دەنێت و بە ناراستەوخۆش بێت لەبەرژەوەندی نەیارەكانی دەكەوێتەوە، كە ئەم نایەوێت مافی خۆیان وەربگرن.
بۆ مانگێك دەبێت ئەردۆگان هەمو بیری لەسەر ئەوە بوو كە چۆن لەگەڵ ترامپ كۆدەبێتەوە و داواكاریەكانی دەخاتە بەردەمی بۆ ئەوەی لەو رێگەیەی گرتۆیەتیە بەر لە سیاسەتی دەرەوەی پاشگەز بێتەوە، رۆژ نەبوو باسی ئەم كۆبونەوەیە نەكات. بەڵام ئەمەی بۆ نەكرا و نەك بە تەنها ترامپ رازی نەبوو كۆبونەوەی لەگەڵدا بكات بەڵكو هیچ بەرپرسێكی دیاری ئەمریكاشی نەبینی و بە ملشۆری گەڕایەوە. زۆر ئاواتی لەسەر ئەم دیدارەی چنیبوو بەتایبەتی بابەتی پەیوەند بە ناوچەی ئارام و دابڕینی ئەمریكا لە یەپەگە و گرێكوێرەی كوردستانی رۆژئاوا، سەرەرای ئەوەی لەكاتی بەسەرچودا لێدوانی راویژكارەكەی بۆ ئەو مەبەستە بوو، كە توركیا دەتوانێت كۆبونەوە لە گەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات بكات و پەیوەندی ببەستێت، بەڵام ئەمە هەموی بۆ ئەوە بوو لە ئەمریكا لای لێبكرێتەوە، كەچی ئەمەش دادی نەداو كەس لەگەڵیدا دانەنیشت.
ئایا كێشەی ئەمریكا لەگەڵ توركیا تەنها موشەكی ئیس 400 ی روسیایە، بەڵكو زۆرینە لەو باوەرەدان كە توركیا بە خودی خۆی خۆی خستۆتە ئەم گۆماوە، لە دوای ئەوەی بەهەوڵی تەكتیكانەی لە گەڵ روسیا و نەیارانی ئەمریكا نزیك بۆتەوە، ئەگینا سلۆڤاكیا و بولگاریا و یونانیش كە ئەندامی ناتۆن ئەم موشەكانەیان هەیە. بەڵكو پرسەكە لەمە گەورەتر و دوورمەودا ترە .لەوەش گرنگتر بۆ ئەمریكل ئەوەیە كە توركیا پێگەیەكی ستراتیجی گەورەی هەیە و بۆ سیاسەتی خۆی و ئیسرائیل لە ناوچەكە چارەنوسسازە و هەر گۆڕینێك لە مەیلی توركیا كاریگەری لەسەر بەرژەوەندیە دوور مەوداكانی هەردوو وڵات دەبێت و سەرجەم هاوكێشەكان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت.
كاتێك ئەردۆگان گەڕایەوە بۆ وڵاتكەی بەسەروچاویدا دیار بوو چەند مات وخەمگینە و ئەوەی ویستویەتی نەهاتۆتەدی، بۆیە وتی نابێت ئەم موشەكانه ببنە هۆكاری تێكچونی پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ ئەمریكادا، لەگەڵ ئەوەی زۆر رووگیر بوو لەوەی بۆ مانگێك زیاترە بانگەشە بۆ ئەو كۆبونەوەی لەگەڵ ترامپ دەكات و پێ نەگەیشت، بۆ ئابروسوری خۆی وتی؛ توركیا ولاتێك نیە یاری پێ بكرێت و ترامپ بەردەوامە لە پارێزگاریكردن لە پەكەكە و، سەرەڕای ئەوەی ئێمە گەیشتین بە رێككەوتن لەسەر ناوچەی ئارام لەگەلیاندا بەڵام ترامپ دەیەوێت یاریمان پێبكات.. پاش ئەوەی هێوربووەوە ویستی نامەیەك بنێرێت و ئەمریكا بوروژێنێت، وتی؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت ئێمە موشەكی پاتریۆتیش لە ئەمریكا بكڕین..
بەڵام ئەوەی لەوانەیە لەمەودوا زۆر بیوروژێنێت و كاریگەری لەسەری هەبێت و ئەو قەیرانە نێوخۆییانەی زیاتر بكاتەوە. ئەو هەوال و راپۆرتانەیە كە لە ئەمریكاوە دزە دەكەن بۆ مامەڵە كردن لە گەڵ كوردستانی رۆژئاواو یەپەگە و ئەو راسپاردانەن لە ناوەندە بڕیاربەدەستكانی ئەمریكاوە دەردەچن، ئەویش ئەوەیە؛ دەبێت ئەمریكا لە پرچەك كردنی یەپەگە بەردەوام بێت، كە بە پێی بۆچون و باوەڕی ئەوان لە بەرژەوەندی دوورمەودای ئەمریكایە، سەرەرای ئەوەی دەبێتە هۆكاری دروستبونی تەگەرە لەبەردەم چاكبونەوەی پەیوەندیەكانی ئەمریكا و توركیا و، ئەمەش وا دەكات كە ئەردۆگان زیاتر بخاتە باوەشی روسیاوە. بەڵام هەموو ڕاكان لەسەر ئەوەن ئەگەر ئەمریكا ئەوە نەكات سەرجەم بەرژەوەندیەكانی لەو ناوچەیە دەدۆرینێت. بۆیە دەبێت هەوڵەكان لەسەر ئەوە بن كە پەیوەندی لە نێوان توركیا یەپەگە دروست بێت و خودموختاری بۆ كوردستانی رۆژئاوا دابین بكرێت، لەگەڵ دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر بەشار ئەسەد دا.
ئا بەم سیاسەتە ستراتییجیەی ئەمریكاوە، دەكرێت هەر چاودێڕێكی كورد بە گەڕانەوەی ئەردۆگان بەم شێوەیە كە شەپازلەیەكی گەورەی لێدرا، دڵی تۆزێك ئاو بخواتەوە، ئەگینا هیچ متمانەیەك بە ئەمریكا ناكرێت، بۆیە گەڕانەوەی ئۆردوگان بە هەگبەی بەتاڵەوە نەك تەنها بۆ ئەم كاتە دڵخۆشكەرە بەڵكو بۆ پرسە ستراتیجیەكەی كوردیش تا ڕادەیەك دەكرێت تروسكاییەكی تێدا ببینرێت.