15
شەدە بەشیر:
کیژان بورهانی، تەمەن٣٠ ساڵ، بەدەستی باوکی خەڵتانی خوێن کرا، ئەم تاوانە دەنگدانەوەی گشتی بەدوای خۆیدا ھێنا، لەکاتێکدا بوەتە ھۆی دڵتەنگی و ناڕەزایەتی گشتی و فراوان، لە ھەمانکاتدا ھەندێک میدیا و پێگەی نابەرپرس خەریکی سیناریۆسازی و تەمومژاویکردنی خودی ڕوداوەکەبوون، ئەم پێگە و میدیا نابەرپرسانە کەسایەتی کیژانیشیان تیرۆرکرد، واتە دوو جار قوربانی دووجار تیرۆر کردن.
لەچەند رۆژی رابردوودا بینیمان هەندێک لەمیدیاکان چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم تاوانەدا دەکەن، لەلایەک ژیان و ڕفتار و کەسایەتی قوربانی دەکرێتە پاساو بۆ تاوانەکە و بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەو کێشکردنی ڕای گشتی بۆ سیناریۆسازیەکانیان و سەرەنجام بەکردەوە پەردەپۆشی تاوانەکە دەکەن.
ئەوەی لێرەدا گرنگە تاوانێک ئەنجام دراوە، ژنێک کوژراوە بەدەستی باوکی، بە چ ئامانجێک ژیانی ژنێک کەکوژراوە دەبەسترێتەوە بە(کێشەی بچوکی خێزانی)، پێویستە کار لەسەر گۆڕینی ئەم نەریت و تێڕوانینە بکرێت کەپاساو دەهێنێتەوە بۆ کوشتنی ژنان و توندوتیژی لە دژی ژنان، پێویستە تاوانی کوشتنی ژنان بکرێتە کارێکی نەفرەتلێکراو.
نابێت بھێڵین هیچ پەیوەندییەکی کەسی، هیچ داب و نەریتێک و هیچ پاساوێک رەوایەتی بدات بە کوشتنی ژنان، وە نابێت ڕێگا بدەین ھەر میدیا و پێگەیک ببێتە ئامڕازی سەرزەنشتکردنی قوربانی یان پاکانەکردن بۆ تاوانبار، میدیا دەبێت بەرپرس بێت و پێویستە بە وردبینی، بەرپرسیاری و پاراستنی شکۆی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکات، نابێت کیژان دوای کوشتنیش قوربانی بێدەنگی و تۆمەتبارکردن بێت، وەنابێت هیچ کەسێک بە پاساوی نەریت و شەرەف لە بەرپرسیاریی یاسایی ڕزگاری بێت، وەک باس دەکرێت کەس و کاری کیژان سکاڵا تۆمار ناکەن، لێرەدا داواکاری گشتی و دادگا بەرپرسیارە کە رۆڵی خۆی ببینێت و تاوانباری کوشتن کیژان و ھەرکەسێکیش ڕۆڵی ھەبوو لەڕوودانی ئەو تاوانەدا ئاشکرا بکات و سزای خۆیان وەربگرن.، کوشتنی ژنان تاوانە، پاساوهێنانەوە بۆ تاوانیش خزمەت بە تاوان دەکات.
22/10/2026