٢. دزێک لە سوید جانتایەک دەدزێت و دەبینێت لاپتۆپێکی تێدایە، پاشان بۆی دەردەکەوێت ھی مامۆستایەکی زانکۆیەو کاروبەرھەمی پتر لە ١٠ ساڵی ئەو مامۆستایەی تێدایە. دزەکەش زۆر بەجوانیی ھەموو دۆکیۆمێنتەکان دەخاتەسەر USB و دەینێرێت بۆ مامۆستاکە.
٣. لە ئەڵمانیا پیاوێک بەمەبەستی دزیی دەچێتە ماڵێک و وا تێدەگات کەسی تێدا نییە، بەڵام دەبینێت چەند منداڵێک بەھێمنیی دانیشتوون. دزەکە ھەڕەشە لە منداڵەکان دەکات کە بێدەنگ بن و نەقیژێنن. دووان لە منداڵەکان پێشنیاز بۆ دزەکە دەکەن کە چی پارەیان ھەیە لە دەغیلەکەیاندا بیبات، بەو مەرجەی ئازاریان نەدات. دزەکەش بەمە زۆر شەرمەزار دەبێت و بێئەوەی ھیچ بدزێت ماڵەکە بەجێدەھێڵێت.
٤. لە ئوسترالیا دزێک لە سەیارەیەکی جام کراوەدا جزدانێک و مۆبایلێک دەدزێت. دەمێک سەیری وێنەکانی ناو مۆبایلەکە دەکات و دەبینێت وێنەی نەشیاوی تێدایە کە خاوەنی مۆبایلەکە لەگەڵ منداڵاندا گرتوویەتی. بۆیە کابرای دز زۆر تووڕە دەبێت و خۆی تەسلیمی پۆلیس دەکات. ئەویش تەنھا بەمەبەستی دەستگیرکردنی خاوەن مۆبایلەکە. لای پۆلیس دان بە دزییەکەیدا دەنێت و مەبەستیش بۆ ھاتن بۆ لای پۆلیس رووندەکاتەوە. پاش بەدواچوون خاوەنی مۆبایلەکە دەستگیردەکرێت و دەخرێتە بەندیخانەوە کە پیاوێکی ٤٦ ساڵانە بووە.
٥. دزێک سەیارەیەک دەدزێت و پاش لێخوڕین بۆ ماوەیەک تێبینی دەکات کە لە دواوە منداڵێکی تێدایە. دزەکە زۆر بە خێرایی سەیارەکە دەگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی و دەبینیت دایک و باوکی منداڵەکە زۆر شپرزەیە و لە حاڵەتێکی دەروونیی زۆر خراپدان. ھەر لەوێدا دزەکە زۆر بەتووندی سەرزەنشتی دایک و باوکەکە دەکات کە بۆچی منداڵەکەیان بە تەنھا بەجێھێشتووە. پاش ئەوە دزەکە شوێنەکە بەجێدەھێڵێت.
٦. دزێک کاتێک چووەتە ماڵێک بۆ دزیکردن و بینیویەتی کە ماڵەکە فەقیرحاڵن نەک ھەر دزی نەکردوە، بەڵکو چی پارە لە گیرفانیدا بووە بۆی بەجێھێشتوون.
بێگومان نمونەی زۆری دیکەش ھەن دەربارەی زاڵبوونی لایەنی ئینسانیی بەسەر مرۆڤی دزدا کە ئێمە نەمانبیستوون یا نەمان خوێندوەتەوە، چونکە ئەو جۆرە کەسانەش لە کۆتایدا ئینسانن. لە کوردستاندا دوو بنەماڵە بە کۆیلەکانی خوار خۆیانەوە ھەموو وڵاتیان دزی، بەسەرزەوی ،ژێرزەوی، ئاسمان ،دار، بەرد، شاخ ،دۆڵ ،مەزرەعەو ھەرشتێک پارە بکات. دزیی و گەندەڵییەکانیان پەلی کێشاوە بۆ ھاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەر ، سەیارە، جگەرە، خۆراک، مەشروب ،کردنەوەی تیاترۆخانە و یانەی قومار، ھۆتێل و یەکەی نیشتەجێبوون و کۆمپانیای وەھمیی و زۆر شتی دیکەش .ئەم دزیانەش بە سەدەھا ملیار دۆلار مەزەنە دەکرێت. تائێستاش بەردەوامن لەو دزییە و باشیش دەزانن کە ئەوەی دزیویانە و دەیدزن پاروی دەمی ھەژارانە، بەڵام تائێستاشی لەگەڵدا بێت ھیچیان لەو دزییەدا نەگەڕاندوەتەوە بۆ خەڵکی ھەژار ، ھەرگیزیش نایگەڕێننەوە. نەک ھەر ئەوە بەڵکو شانازیشی بەو دزییەوە دەکەن، وەک ئەوەی بە قوڕەکاری پەیدایان کردبێت.
ئەو نمونانەی کە لە سەرەتادا ئاماژەم پێدان دزن؛ بەڵام دەمێک لە کاتی دزییکردندا حاڵەتێکی تایبەت دەبینن، ھەستە ئینسانییەکەیان زاڵدەبێت بەسەر ھەستە بەدکارییەکەیاندا و ویژدانیان دەبزوێت، بەڵام دزەکانی کوردستان چونکە ویژدانیان غائیبەو لە ھەستی ئینسانییش داماڵراون، ھەرگیز لەو دزیانەدا پەشیمان نین.