53
لە دوێنێوە، هەڵمەتێکی میدیایی گوماناوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئامانجی شێواندنی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە، پاساوهێنانەوە بۆ تاوان، تیرۆری کەسایەتیی تاوانلێکراو و شکاندنی ئەوانی دیکە دەستیپێکردووە.
ڕووماڵی تاوانەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان، پێویستی بە شارەزایی، ڕاهێنانی پیشەیی، تێگەیشتن لە پرسی ژن، جۆر و شێوازەکانی توندوتیژی، ڕێکار و بنەما پیشەییەکانی کارکردن لەسەر ئەو پرسە هەیە.
تەنیا بەدەستەوەگرتنی مایک، بەس نیە بۆ ڕووماڵی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتیی و تاوانەکانی دژ بە ژنان بە تایبەت. دۆسییەکانی تاوانی دژ بە ژنان هەستیارییەکی تایبەتیان هەیە.
بە سەرنجدان لەو بابەت و گرتە ڤیدیۆیی و لێکدانەوانەی لە بارەی دۆسیەی کیژانەوە بڵاوکراونەتەوە، تێبینی دەکرێت، هەوڵێکی ڕێکخراو هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی دۆسییەکە لە تاوانێکی دژ بە ژنەوە، بۆ تۆمەتبارکردنی خودی تاوانلێکراوەکە و پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکە و بە پاڵەوانکردنی بکوژەکە.
ئەوانەی ڕووماڵی تاوانەکەیان کردووە، بەشێکی زۆریان هێندەی بایەخیان بە دەنگۆی چوونە ژوان و دیداری کیژان و “خۆشەویستەکەی” و تۆمەتبارکردنی دوو ژنە میدیاکاری دیکە داوە، هێندە بایەخ و سەرنجی میدیاییان لەسەر خودی تاوانەکە نەبووە.
باسکردن لە پەیوەندی خۆشەویستیی لە دەرەوەی خێزان، خیانەت، وێنە ناردن، تێوەگلانی کەسانی دیکە، هۆنینەوەی چیرۆکی داڕێژراو بە زیرەکی دەستکرد، ناوهێنانی کەسێک، کە گوایە دیداری لەگەڵیدا هەبووە، هەموو ئەمانە جۆرە ئاراستەکردن و ئاماژەدانێکن بۆ ڕەوایەتیدان بە تاوانی کوشتنەکە و سەرزەنشتکردنی کیژانی تاوانلێکراون.
هۆکاری ئەمەش لە دوو خاڵدا پوختی بکەمەوە:
یەکەم: عەقڵی نێرانەی بەشێکی زۆری کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردی، لە کاتی ڕوودانی تاوانێکی دژ بە ژندا ناتوانێت پیشەییانە و لە هاوێنەی جۆری کۆمەڵایەتییەوە بڕوانێتە بابەتەکە، هێشتا پیاوانی میدیا نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی پێویستە تاوانەکانی دژ بە ژن لە چوارچێوەیەکدا ڕووماڵ بکەن، کە لە هاوێنەی جۆری کۆمەڵایەتییەوە بڕوانێتە لایەنە جیاجیاکانی تاوانەکە.
بەداخەوە بەشێک لەو کارەکتەرانەی قسەیان لەسەر تاوانەکە کردووە، ئەگەرچی ژنن، بەڵام بەرهەمی عەقڵی نێرانەی کۆمەڵگە و میدیان، ئەوانیش بێ ئەوەی هیچ ئاشنایەتییەکیان بە توندوتیژییە ڕەگەزییەکانی دژ بە ژن هەبێت، هەمان قەوانی پیاوانی میدیا دەڵێنەوە، لە لایەکەوە چونکە بیرکردنەوەیان پیاوانەیە، لە لایەکی دیکەشەوە دەیانەوێت لە چوارچێوەی عەقڵی نێرانەی کەناڵەکانیان جێیان لەق نەبێت.
کوژرانی کیژان، ئەگەرچی کارەساتبارە بۆ کەسوکار و بنەماڵەکەی، بەڵام تیرۆری کەسایەتییەکەی لە دوای کوژرانی؛ ئازارەکەی بە سوێترە. دەکرێت ئازاری کوژرانی بیر بچێتەوە، بەڵام ئازاری تیرۆر و شکاندنی کەسایەتییەکەی بۆ هەمیشە ئەو بنەماڵەیە پێوەی دەتلێنەوە.
جێی خۆیەتی داوا لە داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەست بەو دۆسیانە بکرێت، کە با ئیدی بەس بێت پاساودان بە کوشتن، ئەستۆپاککردنەوەی تاوانباران، تیرۆری کەسێتی تاوانلێکراوان. پێویستە بەدەمەوە هاتنێک بەدواداچوونێک بکرێت و ڕێگری لەوە بکرێت، یاری بە شکۆی مرۆڤ و کەسایەتیی ژنانی تاوانلێکراوەوە بکرێت.
ئەرسەلان رەحمان:
