لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا لە فەرەنسا چی ڕووئەدات؟

لە فەرەنسا چی ڕووئەدات؟

0 تێبینییەکان 101 بینینەکان
نما ناوپردانی:
جان جاک ڕۆسۆی فەیلەسوف لە کتێبەکەی
(پەیمانی کۆمەڵایەتیدا)پێی وایە:
مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت، بەڵام لە هەموو شوێنێک لە زنجیردایە…کتێبەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەسەڵات تەنها ئەو کاتە شەرعییە کە لەسەر ڕەزامەندی خەڵک بێت، و ئەگەر دەسەڵاتدار بڕیاری ستەمکارانە بدات، خەڵک مافی ڕاپەڕین و وەرگرتنەوەی ئازادیی خۆیان هەیە.
زۆربەی دەستەڵاتدارانی جیهان فێری
ئەوەبوون کە پێویست ناکات ڕاستەوخۆ دەمی هەموو قسەکەرێک ببەستێت، بەڵکوو ڕێگە بە ئازادی ڕادەربڕین دەدات بەڵام بە دیاریکراوی! جۆرە سکرینێک دروست ئەکات لە ناو چاوی خەڵک، تا وەک دەستەواژەی دەربڕین لە شێوەی (هەڵم )کاربکات بۆ لاوازکردنی جوڵەی دەرەکی.
کاتێ خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خۆیان خاڵی دەکەنەوە، تەوژمی ڕاپەڕین و ڕووبە ڕووبونەوە، مایە پووچ دەبێت و جۆرە ووزەیەکی شۆڕشگێریان پێ دەدات و بێ ئەوەی هیچ زیانێک بە پێگەی دەستەڵات بگات. ئەوە جیاوازییە ئەرێنیەکەیە، لەگەڵ تەوژمی خێراو کاردانەوەی جاران زۆر جیاوازی هەیە، کاتێ خەڵک وەک مێگەل سەرقاڵ بە دونیایی ئەنتەرنێت دەکرێت.
شەرعیەت دان لە ڕەزامەندیی جەماوەرەوە بۆ
دەسەڵاتە ستەمکارە هاوچەرخەکان، شەرعیەتی خۆی لە ڕەزامەندیی گەلەوە وەرناگرێت، بەڵکوو پشتیوانیی لە هاوکاری دەرەکییەوە وەردەگرێت، بەنمونە هێزە ئێقلیمیەکان یان نێودەوڵەتیەکان، کاتێک حزب پشت بە دەنگی خەڵک نەبەستێت بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا، هەست و قسەی ئەو خەڵکە هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر دروست ناکات.
خاڵێکی بەهێز بۆ دەستەڵات و خاڵی لاوازی خەڵک، چالاکی مەجازییە!
لایک و شێر و یان نوسینی پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کە هەستێک بە نوسەر دەبەخشێت وەک کاردانەوەیەک و نوسەر والێدەکات دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتی پێی وایە وەک چاودێرێکی چالاک دەربکەوێ، بەڵام ئەوەی جێگای مەترسیە ئەوە لە پێگەی جەماوەریەوە هیچ کردارێکی ڕێکخراو لە ئارادا نەبێت.
چ بکرێت باشە؟
بۆ گۆڕانکاری لە بری قسەکردن و هەستی خەڵک لەبەهای ڕەمزییەوە بگۆڕدرێن بۆ فاکتەری گۆڕانکاری ڕیشەیی، پێویستە ستراتیژی ڕووبەڕووبونەوە بگۆڕدرێت
لە قسەکردن و مێزگرەو نوسین و ووتار و ڕەخنەوە، بۆ ڕێکخستن و ڕێکخراوی سەربەخۆ، یەک بوونی جەماوەریی! چونکە دەستەڵات لە دەنگی پەرتەوازە ناترسێت، بەڵکوو لە ڕێکخراوەبوونی هێزە کۆمەڵایەتیەکان ئەترسێت! دروستکردنی بەرەی بە هێز و خۆبەڕێوەبەری.
بایکۆتی ئابوری خاڵێکی گرنگی تێکشکاندنی ئابوری دەستەڵاتی دزە، مانگرتنی بە کۆمەڵ لە سێکتەرە هەستیارەکاندا، پەکخستنی ئەو سیستەم و سەرچاوە دارایانەی داهاتی دزراوی خەڵکە هەر بە دەست و هۆشیاری خەڵکەکە خۆی بە دەست دێت.
ئەم کاردانەوەی خەڵکی ئەمڕۆ لە فەرەنسا، لە تاکەوە سەرچاوی نەگرتوە، بەڵکوو کارو چالاکی ڕێکخراوەیی و دروستکردنی گروپ و خۆ ڕێکخستن. بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان کات گرنگەو هەست بە بەرپرسیاریەتی و درک کردن بەوەی نەبنە کۆیلەیەکی مۆدێرن. دواجار سەرکوتکردن لەلایەن دەستەڵاتی ڕەها دەبێتە هۆی تەقینەوەی کۆمەڵگە.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

پۆستە پەیوەندیدارەکان

لێدوانێک بەجێ بهێلە