١٠ ی سێپتەمبەر، ڕۆژی جیھانی بەڕەنگاربوونەوەی خۆکوژییە لە ھەموو جیھاندا ، ڕۆژێکە بۆ قەلاچۆکردنی دیاردەیی خۆکوشتن و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی ھەوڵی خۆکوژیان داوە بۆ دوورخستنەوەیان لەو تاوانە بەرامبەر خۆیان و خێزان و کۆمەڵگاکەیان .
ساڵانە نزیکەی (٨٠٠٠٠٠) کەس لە جیھاندا کۆتایی بەژیانی خۆیان دەھێنن ، ھەر حاڵەتێکی خۆکوشتن تەنیا ژیانی کەسێک کۆتایی نایەت ، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر خێزان و کۆمەڵگا و ووڵاتەکان ، ئەویش بەھۆی ئەو کاریگەرییە درێژخایەنانەی دروستی دەکەن لەسەر کەسوکار و دەورووبەریان لەدوایی خۆیان .
خۆکوژی لەھەموو تەمەنەکاندا ڕوودەدات ، بەڵام دووەم ھۆکاری مردنە لە نێوان تەمەنی (١٥-٢٩) ساڵیدا لە ئاستی جیھاندا ، ھەرچەندە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە مرۆڤی پێگەشتوودا ڕوونادات بەڵام ڕێژەکەی لە گەنجدا زیاترە .
لەساڵی ٢٠١٦ دا زۆرترین ڕووداوەکانی خۆکوشتن لە ووڵاتە ھەژارەکان و مامناوەندەکان بوو لە ڕووی ئابوورییەوە کە بە ڕێژەی ٧٩٪ بوو ، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە لە ووڵاتە دەوڵەمەندەکاندا ڕوونادات .
بەرامبەر ھەر حاڵەتێکی خۆکوژی چەندەھا ھەوڵدانیش ھەیە بۆ خۆکوژی کەلەوانەیە سەرنەگرێت و شکست بێنێت، ھەمیشە ئەو کەسانەی خۆشیاندەکوژن پێشتر ھەوڵی شکستخواردوویان ھەبووە .
کێن ئەوانەی دووچاری خۆکوشتن و ئینتیحار دەبنەوە ؟
لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە لە نێوان خۆکوژی و شێوان و تێکچوونی باری دەروونی ( بەتایبەتی خەمۆکی و ئەو نەخۆشییە دەروونیانەی لەئەنجامی ئالوودەبوون بە دەرمانی بێھۆشکەر و خواردنەوە کحوولیەکان دروست دەبن ) بە تایبەتی لە ووڵاتە ھایلایف و دەوڵەمەندەکان ، بەڵام ئێستاکێ زۆربەی حاڵەتی خۆکوشتنەکان و کۆتایھێنان بەژیان لە ئەنجامی شکستھێنانێک ، یاخود ھەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و نەمانی توانا بۆ بە ڕەنگاربوونەوەی دژواری و ئاستەنگیەکانی ژیان ، یاخود ھەندێک نەخۆشی و ئازاری درێژخایەن ڕوودەدەن .
بڕێکجار شەڕ و ناکۆییەکان و و توندوتیژیی و خراپی مامەڵە و یاخود لە دەستدانی کەسە نزیکەکان و تەنیایی و ھەستکردن بە نامۆیی ھۆکارێکی سەرەکین بۆ خۆکوشتن و کۆتایی ھێنان بەژیان .
ڕێژەی خۆکوشتن لەناو تێژە چەوسێنراوەکان و بێھێزەکانی کۆمەڵگا زیاترە بە بەراوورد بە توێژەکانی تر، ئەوانەی ھەست بەجیاوازبوون دەکەن لەکۆمەڵگا بۆ نموونە ( ئاوارەکان ، غەریبەکان ، ھۆمۆسێکسواڵەکان ، نێرەموکەکان، زیندانیەکان ، یان ھەر کەسێک ھەست بە جیاوازبوون دەکات و کۆمەڵگا مافی خۆیی ناداتێ ) .
ڕێگاکانی خۆکوژی چین ؟
لە ٢٠٪ ی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بەھۆی خواردنی ژەھر و دەرمانەوەیە ، خۆھەڵواسین و خۆسووتاندن و بەکارھێنانی چەک ڕێگایی ترن بۆ خۆکوشتن ، لەھەندێ لادێ و شوێنە کشتوکاڵیەکاندا خواردنی ئەو دەرمانانەی بەکاردەھێنرێن بۆ قەلاچۆکردنی مار و مێروو ڕێگایەکی ترە بۆ خۆکوژی و زانینی زۆرترین ڕێگا باوەکانی خۆکوژی کایەیەکی گرنگە بۆ ڕێگری لە کردەی خۆکوژی و قەلاچۆکردنی .
چۆن خۆمان و دەورروبەرمان دەپارێزین لە دیاردەیی لەخۆکوژی ؟
خۆکوژی یەکێکە لە کێشە گەورەکانی تەندروستی کۆمەڵگا ، کۆمەڵگاییەکی تەندروست لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە بێگومان ڕێژەی خۆکوژی تیا کەمترە لە کۆمەڵگایەکی شپرزەو ناجێگر لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە .
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی(WHO) لەساڵی ٢٠١٤ دا یەکەم ڕاپۆرتی خۆی بەناونیشانی ( خۆپاراستن لە خۆکوژی ..پێویستیهكی جیھانییە ) بڵاوکردەوە ، بەمەبەستی زیادکردنی بە ئاگاییی بەرامبەر زیانەکانی خۆکوژی و ھەوڵدان بۆ خۆکوژی. ھەروەھا بۆ ئەوەی خۆپاراستن لەخۆکوژی بکاتە سەرەکیترین بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە ، ڕاپۆرتەکە ھانی ووڵاتە جیاوازەکان دەدات و یارمەتیان دەدات بۆ پێشخستن و بەھێزکردنی ئەو ستراتیژیانەی بەکاردێن بۆ خۆپاراستن لە خۆکوژی و بەرھەڵستیکردنی .
لەبەر ئەوەی خۆکوژی یەکێکە لەو دەردە کۆمەڵایەتیانەی کە دەتوانین خۆمان بپارێزین لێی و بەرھەڵستی fکەین، بە بەکارھێنانی ھەندێک ڕێگاو ستراتیژی جیاواز کەلەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە :
1- دوورخستنەوەی ئەو ئامرازانەی بەکاردەھێنرێن لە کاتی خۆکوژی دا وەکو ( چەک و تەقەمەنییەکان ، دەرمان و ژەھرەکان) .
2-بەکارھێنانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و کۆمەڵگا بەرامبەر زیانەکانی خۆکوژی بۆ تاک و خێزان و کومەڵگا ، و ھوشیارکردنەوەی خێزان و قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان بۆ ناسینەوەی تاکی خۆکوژ .
3- بەکارھێنانی سیاسەت و ستراتیژیی ھەمەجۆر بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و کحوولیەکان بەڕێژەییەکی زۆر و دوورکەوتنەوە لە ئالوودەبوون بەدەرمانی پزیشکی .
4-دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و لاواندنەوەی پێشوەختی ئەو کەسانەی خەمۆکی یان کێشەی دەروونیان ھەیە ، یاخود ئالوودەن بە ماددەی ھۆشبەر ، یان کێشەی سۆزداری قوڵ یاخود کۆمەڵایەتیان ھەیە ، یاخود ئەوانەی نەخۆشی درێژخایهن و ئازاری بەردەوامیان ھەیە ، وەھەوڵ دان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە لایەن ڕێکخراوو کەسی پرۆفیشناڵی تایبەت بەو بوارە .
5- کردنەوەی خولی تایبەت و پڕۆفیشناڵ بۆ ڕاھێنانی تاکەکانی کۆمەڵگا بە گشتی و کارمەندی تەندروستی بە تایبەتی بۆ ناسینەوەو دەستنیشانکردنی تاکی خۆکوژ و ھەوڵ دان بۆ ڕێگریکردن لێیان .
6- گرنگی پێدان و ئامۆژگاریکردنی ئەو کەسانەی ھەوڵی شکستخواردوی پێشتری خۆکوژیان ھەیە ئەویش لە لایەن کەسانی پرۆفیشناڵ و تایبەت بەو بوارە .
بۆ خۆکوژ داوای یارمەتی ناکات ؟
کێشە دەروونیەکان و کۆمەڵایەتیەکان و جیاوازییەکان ھەمیشە شەرمەزاری دروست دەکەن بۆ تاک لە کۆمەڵگادا ، ھەر بۆیە مرۆڤ کەئەو جۆرە کێشانەی دەبێت ناتوانێت بوێرانەو ئازادانە دژ بە کۆمەڵگا بوەستێت و حەزوو و ئارەزووە ڕاستەقینەکانی خۆی دەرببڕێت و باسی بکات ، ھەر بۆیە لای ئاستەمە کە داوای یارمەتی بکات ، وەبەو شێوەیەش ئەو یارمەتییەیان دەستناکەوێت کە پێویستیانە .
بابەتی خۆپاراستن لە خۆکوژی ھەتا ئێستاش لەزۆربەی ووڵاتەکاندا چارەسەر نەکراوە بەھۆی نەبوونی ھوشیاری تەواو لەسەر گرنگی و ترسناکی بابەتەکە ، تا ئێستاش باسکردنی خۆکوژی و ئینتیحار لەھەندێ ووڵات دا بابەتێکی نەخوازراوە .
ژمارەیەکی کەم لە ووڵاتانی جیھان توانیویانە پاراستن لە خۆکوژی بکەن بە ستراتیژیەکی گرنگ لە نێوان ستراتیژییە یەکەمینەکانی بواری تەندروستی تاک ، کەژمارەیان تەنیا (٣٨ ) ووڵاتە لەھەموو جیھاندا ، و لەگەڵ ئەوەی خۆکوژی و ئینتیحار لەم ساڵانەی کۆتاییدا بەڕێژەیەکی زۆر زۆر زیادیکردووە لە کۆمەڵگایی عێراقی بە گشتی و کۆمەڵگایی کوردواریی بە تایبەتی ، بەڵام بە داخەوە نەعێراق نە کوردستان یەکێک نین لەو سی و ھەشت ووڵاتەی ستراتیژی تایبەتیان ھەیە بۆ قەلاچۆکردن و خۆپاراستن لە دژی دیاردەیی خۆکوژی .
دیاردەیی خۆکوشتن و ئینتیحار دیاردەیەکی زۆر ئاڵۆز و گرێدارە پەیوەندی ڕاستەوخۆیی ھەیە بە تەندروستی دەروونی تاک و کۆمەڵگا ، بۆیە ڕێگریکردن لێی و پاراستنی تاکەکانی کۆمەڵگا لێی کارێکی نیشتمانییەو زەروورەتێکی حەتمییە و ئەرکی سەرشانی ھەموو کۆمەڵگایە .
ئامادەکردنی:د. ههڤین كهمال