بەکر ئەحمەد:
لە دوای بڵاوبوونەوەی دیوانی “تەماڵ”، چەند نامەیەکی خوێنەرانم پێگەیشت سەبارەت بە سەرنجییان دەربارەی شیعرەکانی دیوانەکە. کەسێکییان نووسیبووی: لە پاڵ ئەو ئامادەییە گەورەی باوکدا، دایک بە تەواوەتی ونە.”
مەبەستی خوێنەر ئەوە بوو کە لە چەند جێگایەکی شیعرەکاندا باوکم ئامادەییەکی زیاتری هەیە و دایکیشم نابینرێت.
راستییەکەیشی هەروایە. من لە تەمەنێکی زۆر بچووکی منداڵیدا دایکم لە دەستداوە و باوک جێگای ئەوی گرتووەتەوە. بەڵام لە پاڵ ئەم ئامادەییەی باوکدا لە ناو شیعردا، هەستدەکەم هیشتاش باوکم ئەو دەرفەتەی نەدراوەتێ بدوێ. بە زمانێکی ڕۆشنتر، باوکی من و زۆربەی باوکەکانی کوردستان کە متر هێنراونەتە قسە و ڕێیانپێدراوە دەربارەی خۆیان بدوێن. جا ئەوە لە پەیوەند بە دایکان و سەرگووزشتەکانییانەوە، بە تایبەت بە بینینی ڕێگرییە کولتورییەکانی کۆمەلگا، هەستدەکەیت پرسیارەکە دەگاتە شوێنێکی دیکە.
لە دوا گەرانەوەمدا بۆ کوردستان ، دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا کە لە نزیکەوە ئاشنای هەندێک لە گۆشە شاراوەکانی ژیانی باوکم ببم. بەشێک لە ژیانی کە دەکرا من زیاتر شارەزای بوومایەوە چونکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنێک کە من گەورە بووم و دەبوایە بمزانیایە. بەڵام لە ڕاستیدا وەک زانیارییەکی شاراوە کە تازە دەدرکێنرێت بەر گوێی من دەکەوێت.
بە باوکم دەڵێم: من ئێستاش نازانم بۆچی بۆ کارکردن دەگاتە شارۆچکەی ڕووتبەی سەر بە لیوای ڕوومادی؟
باوکم رۆژگارێک لە دائیرەی ڕیگا و بانی دەوڵەتی دەستبەکار دەبێت و بە ئومێدی دامەزراندنی هەمیشەیی ، ڕەوانەی بیابانی خۆرئاوای عێراقی دەکرێت. ئەم مێژووە کاتەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.
باوکم دەڵێ: کە گەیشتینە ئەوێ، جگە لە سەگ و کورد و کرێکاری میسری و کۆمەڵێک سەربازی ئاسایشی سەر بە التصنیع العسکری کەسی تر لە کەمپەکەدا نەبوون. لە پاش سێ مانگ کارکردن، بە هۆی وەرگێرانی دەردی سەری کرێکارێکی کوردەوە کە زمانی عەرەبی نازانێت لە لایەن باوکمەوە بۆ ئەفسەری ئاسیش، گوومانێکی ئەمنی لە باوکم دەکرێت و لە یەکەمین ئیجازەی بێ مەعاشدا، دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بێگوومان قەت باوکم عەرەبیزانێکی باش نەبووە و دروستبوونی گوومانی ئەمنی لەسەر باوکم، هێندەی پەیوەندی بە وەرگێرانە خراپەکەی ئەوەوە هەیە، کەمتر پەیوەندی بە کار و چالاکی سیاسییەوە بووە.
لە ڕێگای هاوڕێکانییەوە، باوکم ئاگاداردەکڕێتەوە کە سەربازی ئاسایشەکەی کەمپی ڕووتبە، بە وردی هەواڵی ئەوی پرسیوە و باوکم بۆ دوا جار، بیابانی خۆرئاوا جیدەهێڵێت و روودەکاتەوە کاری چایچێتی لە سلێمانی.
چیرۆکەکە ئاواهییە. کاتێک بەرپرسی ئاسایشی کەمپەکە لە باوکم دەپرسێت کە فڵانە کرێکار دامەزراندنەکەی کاتییە یان هەمیشەیی، باوک لە بری وەرگێران وەک ئەوەی دەبێ بیکا، بە تووڕەیەکی کرێکارانەوە پێیوایە کە پرسیاری کابرای ئاسایش هەتا بڵێی بێمانایە و لەم بیابانە جەهەنەمەدا، ناکرێ کەسێک هێشتا دامەزراندنێکی هەمیشەیی نەبێت، زانیاریەک کە باوکم و زۆرێک لە کرێکارەکان وەک پێشمەرجێکی سەرەتایی قبووڵیانکردبوو بەر لە گواستنەوەیان لە سلێمانییەوە بۆ ڕووتبە. ” بۆ خاتری خوا، ئێمە لە سلێمانی، لە شاخەوە، سەحرا، هێشتا موەقەت یان دائیمی، تۆ چی دەڵیی” رەنگە جۆرێک لەم دێڕانە بە هۆی نەزانینی عەرەبییەکی باشەوە، ئەفسەری ئاسایشەکەی خستبێتە سەر کەڵکەلەی ئەوەی کە دەربڕینی “احنا من الجبل” دەکرێ بوون بە پیشمەرگەی باوکمی لێکەوتبێتەوە.
داخۆ چەندە چیرۆکی سادە و بێتاوانی ئینسانەکانی کوردستان لە بەرامبەر جەللادەکانی بەعسدا بە مەبەستێکی دیکە لێکدراونەتەوە و ئاکامی خراپی لێکەوتۆتەوە.
من کە گوێم لەم سەرگوزەشتە دڵتەزێنەی باوک دەبێت کە کرێێ ٣ مانگی دەفەوتێت و دڵشکاو دێتەوە سلێمانی و بە شوێن کارێکی دیکەدا وێلە و هیچ زانیارییەکیش بە نەوەکانی ناگات، سەرتاپام پڕدەبێت لە شەرم. ئەم چیرۆکە بۆ رۆژگارێکی ژیانی من دەگەڕێتەوە کە من هەژدە و نۆزدە سالانم. بە کوردییەکەی لە تەمەنێکدام کە پەیوەندییەکی پڕ لە خۆشی و کراوەم لەگەڵ باوکدا هەیە. بەڵام ئەم چیرۆکە و دەیەها چیرۆکی دیکەی باوک ناگاتەوە گوێی من.
داخۆ چەندین سەرگوزشتەی دیکە هەن کە تا ئێستا نە من و نە برا و نە خوشک ئاگاداری نین؟
من لەم نمونەیەدا بە شوێن هەڵدانەوەی پەرەی “کێ بەرپرسیارە”وە نیم. بەڵکو بە شوێن ونبوونی بەشێک لە سەرگوزشتەکانی دایکان و باوکانی خۆمانەوەم کە نەدرکێنراون. ڕیک لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە پەیوەندییەکی تەندروست و کراوە لە نێوان باوک و فەرزەندا ئامادەیی نەبووە. یان دەیەها هۆکاری تر هەن کە ئینسان لەم کورتیلە وتارەدا ناتوانیت بچێتە وێزەیان.
نەوەکان لەسەر هێڵێکی تەریبی بەرانبەر بە دایکان و باوکان و رێدەکەن و ناوە ناوە، لە ویستگەیەکدا بەر یەکدەکەون. لە زەمەنی ئەمڕۆدا کە تۆرە کۆمەلایەتییەکان دایکان و باوکان و منداڵانی خستۆتە ناو مەملەکەتەکانی نێتەوە و لە ڕیی فەیسبووکەوە بانگی یەکتردەکەن، دەکرێ بەریەککەوتن و ئاخاوتنی نێوان ئینسانەکان کەمتربێتەوە. بەڵام بۆ دایک و باوکانێک کە وەک باوکی من هێشتا ناتوانێت فەیسبووک بلەفزێنێ ، دەرفەت ماوە گوێ لە حەکایەتەکانییان بگرین.