ئەمڕۆ بۆچوونێک سیخناخ بە ڕۆمانسیەتی شۆڕشگێڕیی لەنێو واقیعی مەجاز و بەتایبەت فەیسبووک بەربڵاوە، ئەم ڕۆمانسیەتە شۆڕشگێڕییە بەردەوام نائومێدییەکی بێلەزەت تەخشان دەکات، ئەم تایپە لە ڕۆمانسیەتی شۆڕشگێڕیی کە خۆی لە ڕادیکاڵیزمێکی ناعەقڵانییدا دەبینێتەوە، زۆر جەخت لەسەر چەک ھەڵگرتن دەکات دژی دەسەڵات، بەڵام بەبێ ئەوەی خۆی چەک ھەڵبگرێت، لەدیدی ئەم تایپە لە شۆڕشگێڕیی فەیسبووکیی یاخود «شۆڕشگێڕی باڵۆنیی» ھەر کەسێک باوەڕی بە خەباتی مەدەنیی بەنموونەی خۆپیشاندان و ھەڵبژاردان و تاد.. ھەبێ، ئەوا ئەو کەسە وەکو نەفرەتکراوێک چاوی لێدەکرێت، لەباشترین دۆخدا وەکو خڵەفاوێک و بەجێماوێک لە «ئێستای ئێستا» تەماشادەکرێت.
کۆمەڵگای ئێمە بێدەنگە، لەبەرئەوە نا کە ناتوانێت یان ناوێرێت دەنگ بەرز بکاتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی چەندجارێک دەنگی ھەڵبڕیوە و بێدەنگ کراوە، یان ڕوونتر بڵێین ترسێندراوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین خۆپیشاندان کراون و بەڵام ھیچ ھێزێک ئامادە نەبووە سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکان بکات، یان لانی کەم بە جورئەتەوە پشتگیریی و پێشگیریی لە خۆپیشاندەران بکات، بێگومان لە دۆخێکی ھاوشێوەدا کۆمەڵگا دەبێتە منداڵێکی ترسێندراو، منداڵێک کە ناوێرێت دەست بۆ ھیچ بەرێت، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە کۆمەڵگای ئێمە ھەر بە تەنھا بێدەنگ نییە، بەڵکو بەھۆی ئەو ئۆپۆزسیۆنە ئیفلیجەوە بیرکردنەوەشی لەدەستداوە، لەوەش کارەساتبارتر کۆمەڵگایەکی بێ ناوەڕۆکە، ئەم ئەختەبوتانەی فەیسبووک کاتێ وایپیشاندەدەن بیر دەکەنەوە، بەبێ کاکڵە و ناوەڕۆک بیردەکەنەوە، کانت گوتەنی بیرکردنەوەی بێناوەڕۆکیش «بۆشایی» بەرھەم دەھێنێت.