هەفتەیەك لەمەوبەر لە خواروی عێراق؛ چەند کۆرپەیەکی تازە لە دایك بوو لە نێو زبڵ وخاشاك فڕێدرابوون،ئەم دیمەنەی بەس بوو بۆ ئەوەی مرۆڤی ئاسایی وێران بکات، بەلام عەزابەکە هەر ئەوەندە نەبوو؛ لە ڤیدیۆکە هەندێك خەریکی وێنەگرتن بوون هەندێکیان بەو سەرماو سۆڵە کۆرپەکانیان بەڕووتی هەڵگێڕو وەرگێڕ دەکرد لە کاتێکدا دانەیەکیان هەر دەجوڵا، یەك کەس هەستی ئەوەی نەبوو جارێ بەر لە هەر شتێ مۆبایلەکەت فڕێ دە، قەمسەڵەکەت داکەنەو لە کۆرپەکەی بئاڵێنە لە باوەشی گرە! هەی مرۆڤ!
چیڕۆکی فڕێ دانی کۆرپە هەرگیز کۆتایی نایە، ساڵ بە سال مرۆڤەکان دڕەندەتر دەبن بە رامبەر بە کۆرپەکان، بەتایبەتی ئەو مرۆڤانەی لە ترسی حەیاچوون کۆرپەی تازە لە دایك بوو دەکوژن. باشە ئێمە مرۆڤی هێندە دڵرەق و بێ باکین کە وا خەریکە بە هەموو جۆرە دڕندەیەکی کۆمەڵگە خۆمان ڕائەهێنین؟ چی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ژیانی کۆرپەی لە دایك بوو بپارێزین؟
ئەو مرۆڤەی لە ترسی ناموس و حەیاچوون تاوانی کوشتن ئەنجام دەدا دژ بە کۆرپەی تازە لە دایك بوو بە زۆری لە کام چین وکام توێژی کۆمەڵگەیە؟ چۆن بتوانین تەنیا بە ئازارو خەم خواردن لەم دیاردانە نەوەستین بەڵکو پەرچەکرداری بەردەوام جێگیر بکەین و ئەم کلتورە کۆمەڵایەتیە پڕ لە تاوانە بنەبڕ بکەین؟ یاسا، هۆشیارکردنەوە، چیترمان لە دەست دێ بۆ ئەوەی بەر بە کوشتنی کۆرپەیەکیتر بگرین؟ کە ئیحتیمالەی لە ئان و ساتی تایپ کردنی ئەم نوسینە یان لەو کاتەی واتۆ ئەیخوێنیتەوە کێ دەڵێ کۆرپەێکیتر فڕێ نادرێ؟
کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی لێکترازاوە، زۆربەمان بێ ئەوەی دەرکی پێ بکەین نەخۆشین، لەبن کەوڵمان دڕندەیەكی کەوی کراو چاوەڕوانی کرداری شێتانەو نامرۆڤانەیە، ئەگەر نەخۆش نەبین گاڵتە بە پیرو پەککەوتەکان ناکەین،ئەگەر نەخۆش نەبین بە شێت و خاوەن پێداویستی تایبەت رانابوێرین، ئەگەر نەخۆش نەبین توتکە سەگ ناسوتێنین و چەتر ناکەین بە کۆمی پشیلە، هەموو ئەم وێنە شەرم ئامێزو ڤیدیۆ تراژیدیانە وەکو ئاوخواردنەوە لە نێو فەیس بوکی کوردی دێ و دەچێ، چ دۆخ و جەهەنەمێکە !
ئەو سێکسانەی کە دەبێتە هۆی دروست بوونی “کۆرپەی ناشەرعی” بە تێگەیشتنی باو، جۆرێك لە مرۆڤ دەیکات کە تێرکردنی هەوس و غەریزە پێش “بەرپرسیاریەتی کەوتووە” چونکە ئیمکانی دابین کردنی سێکس هەیە بێ ئەوەی تۆ نابەرپرسیارانە کۆرپەیەك دروست بکەیت و نۆ مانگ لە ناو سکتا هەڵیگری ودواتر بیکوژی ئەمە تەنیا ڕوویەکی مەسەلەکەیە. ڕووی دووەمی ئەوەیە؛ کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی دڵرەقە بەرامبەر بە چارەنوسی خۆی و ڕۆڵەو کۆرپەکانی، حەسانەیەکی گەورەی کلتوری دروست کردووە بەرامبەر وەهمی ناموس وشەرەف هتد، بەڵام هیچ حەسانەیەکی یاسایی بە کردار یان نەرم بوونێکی کلتوری نیشانەداوە کە کراوەتر بێت و فشار کەم کاتەوە لەسەر ئەم هەموو ترسەی دەوری ئەم مرۆڤانەی داوە کە لە بەر هەر هۆیەك بێ کۆرپەیەك دروست دەکەن . ئەم باسە ئاڵۆزو جەرگبڕە، هەموو دەزانین ئەوانەی کۆرپە فڕێ دەدەن بەشێکیان لە بەر ئەوەیە کە ئەگەر کەشف بێت ئەو دەکوژرێت، یانی بە کردار لە نێوان کوشتنی خۆی یان کوشتنی کۆرپە ئەو کوشتنی کۆرپە هەڵدەبژێرێ، بەشی دووەمیشیان کە کۆرپەکە بە تێگەیشتنی باو “شەرعییشە” بەڵام خێزانەکە لە بەر هۆی هەژاری یان هەر هۆیەکیتر کۆرپەکە فڕێ ی دەدەن، لە هەردوو جۆردا تاوانی “کوشتن” بەرامبەر مرۆڤێکی تەمەن چەند سەعاتی یان جەند دەقیقەیی دەکرێت کە هیچی لە دەست نایەت و هێستا چاوی بە تەواوی لێکنەکردۆتەوە، ژیانێك دەکوژرێت کە تەنیا چاوەڕوانی ئامێزێکی گەرم و قومێ شیرە.
ڕەنگە هەر یەك لە ئێمە خاوەنی رای جیاواز بین، بەلام وەرەن با پێکەوە شتێ بکەین، شتێ بڵێین، ڕێگایەك بدۆزینەوە کە هەر کۆرپەیەك لەم نیشتیمانە لە دایك دەبێت مافی “ژیان”ی پارێزراو بێت، هەر مرۆڤێك لە دایك دەبێت و دێتە ئەم دونیایە بەهای “مرۆڤ” بوونی پێش تەوێڵی شەرعی وناشەرعی بکەوێت.