پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستان تەنها بەناو دەوڵەت نەبوو، ئەگینا بە ناوەڕۆک دەوڵەت بوو، هیچ حسابێکی بۆ عێراق نەدەکردو لەڕووی نێو دەوڵەتیشەوە پاڵپشتی بەهێزی هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەجۆرێک گۆڕاوە هەرێم جەستەیەکی بێ هۆشە لەبەردەستی عێراق دا و چۆن بیەوێ بەو جۆرە دەیشێلێت.
پێش ڕیفراندۆم هەرێم خاوەنی ئابووری سەربەخۆ، خاوەنی سیاسەت و دپلۆماسیەت و پەیوەندی دەرەکی تایبەت بە خۆی بوو، ئەوەی بە عێراقەوە گرێی دەدا تەنها ناو بوو، چونکە لە هیچ پرسێکی سیاسی و ئابووری دا نەدەگەڕایەوە بۆ عێراق و بۆشی دەچووە سەر، بەڵام ئێستا هەموو شت پێچەوانە بووەتەوە تەنانەت بۆ بژێوی خەڵک و داکۆکی لێکردنیشی لە هەڕەشە دەرەکییەکان هانا بۆ بەغدا دەبات.
پێش ریفراندۆم بە زمانی حساب ناکەین و دادگای فیدراڵی هاوشێوەی دادگای سەورەی سەردەمی بەعسە قسە دەکرا، بەڵام ئێستا بە زمانێکی نەرم و گەڕانەوە بۆ دەستور قسە دەکرێ.
کەواتە دەکرێ بڵێین؛ گەر لێکۆڵینەوەی ورد بکرێ و دۆخی ئێستاو پێش ریفراندۆم بەراورد بکرێ، لە فاکتەرەکانی پشت ئەنجامدانی ریفراندۆم ورد ببینەوە، تێدەگەین ڕیفراندۆم ئەو تەڵە گەورەیە بوو کە دابڕانی لە نێوان هەرێم و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستکردو پاڵپشتی لەدەستدا. ڕیفراندۆم ئەو داوە بوو کە کورد کەوتە ناوی و هەرێمی لە نیمچە دەوڵەتەوە بچووککردەوە بۆ هەرێمۆچکەیەکی لاواز.
هێرشی لەشکری عێراق بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئێران و ئۆکەی تورکیاو ڕەزامەندی یاخود بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتە خێراکانی ڕیفراندۆم بوو، بەڵام ئەوەی ئێستا و لەداهاتوودا ڕوو دەدات لێکەوتە دوور مەوداکانی ڕیفراندۆمە، بەتایبەت یەکێک لەو دۆسیانەی گەر عێراق بۆی بچێتە سەر بۆ داهاتوو کردنەوەی دۆسیەی یاساییە بۆ ئەنجامدەرانی ریفراندۆم.
کەواتە دەکرێ بپرسین بۆ ریفراندۆم ئەنجامدرا؟
هیچ کوردێک نییە سەربەخۆیی و بوون بەدەوڵەتی پێ خۆش نەبێت، بەڵام خەڵکی ژیریش دژی یاریکردنە بە ئاگر لە نێو جوگرافیایەکی پڕ لە تەڵەو کێشمەکێشدا.
ڕوونبوو، ئەمەریکا، ئەوروپا، عێراق ، ئێران و تورکیا دژی ڕیفراندۆم بوون، بەشێکیان لە ڕێگەی هۆشداری و بەشەکەی تر لە ڕێگەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە ویستیان بەر بە ئەنجامدانی بگرن، بەڵام گوێ بە مەترسییەکان نەدراو کارتە سوتاوەکە دواجار بەکارهێنرا.
ساڵێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنوسێکدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن لەگەڵ چەند دپلۆماتکارێکدا گفتووگۆیەکمان هەبوو، تیمە دپلۆماتکارەکە گەنج و بە ئاگاو تێکەڵ بوون لە عەرەب و ڕەگەزی جیاواز. یەکیان پرسی( بۆ کورد لە کۆمێنتدا قسەبە ئەمەریکا دەڵێن لەسەر گرتنی کەرکوک، مەگەر ئەمەریکا رجای لێ نەکردن ریفراندۆم لەمکاتەدا مەترسیدارە؟)
پێش ریفراندۆم لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە ئەمەریکاو ئەوروپا پاڵپشتی گەورەی هەرێم بوون، بێگومان ئەمە روسیاو ئێران و بەرەکەیانی نیگەران کردبوو، بەڵام لاساری و سود وەرنەگرتنی حزبی کوردی لەدەرفەتەکان وایکرد هەموو پاڵپشتییەک لەدەست بدەن.
لەم ڕۆژانەدا دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق لە دیبەیتێکدا وتوویەتی،”کورد بەدرێژایی ميژوو باجی بەدەست خۆیەوە داوەو ئێستاش هەروایە.”
گومانی تێدا نییە، گەر لاساری کوردو گوێ نەگرتنی لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی نەبایە، ئێستا ڕازی نەدەبوون بەمجۆرە عێراق بیچەوسێنێتەوەو ڕەنگە بە ئاسانی بڕیارەکەی دادگای پاریسیش بۆ ڕاگرتنی نەوتەکەی نەدرایە، چونکە دادگای دەرەکی لە دۆسیەی ناوخۆییدا بستێک لە بڕیاردان ناوەستن، بەڵام بۆ دۆسیەی دەرەکی پرسە سیاسییەکان ڕۆڵی دەبێت.
تازە ترین گومان لەسەر ریفراندۆم کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە ئەوەیە، روسیا ڕۆڵی هەبووە لە هاندانی هەرێم دا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەتایبەت پێش ریفراندۆم قەرزی پێداون و لەکاتی قەیرانی دارایی کاتی ریفراندۆمیشدا بۆری فرۆشراوەتە کۆمپانیای روز نەفت.
گەر هێشتا پاڵپشتی روسیا بۆ ریفراندۆم جێگەی گومان بێت، خۆ دژایەتی دونیا بۆ پرۆسەکە روونبوو، کەواتە بۆ کراو هەرێم لە نیمچە دەوڵەتەوە بۆ هەرێمۆچکەیەکی ماندووی بن دەستی عێراق بچووککرایەوە؟