جارێكی دیكه كوردی هاوپه‌یمانی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هیچ بیرۆكه‌یه‌كی نیه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌كه‌وێته كوێی ئیداره‌ی واشنتۆن. له (2014)وه یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به‌ده‌ست گه‌یشتوه و هه‌روه‌ها رۆڵ و كاریگه‌ریی خۆی سه‌لمانداوه له هێرشی دژ به داعش له سوریا و عێراق. به‌ڵام له‌وكاته‌ی كه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌نیازه هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سوریا، یه‌په‌گه له‌ناكاو روبه‌ڕوی داهاتویه‌كی ناڕون ده‌بێته‌وه.
له‌ماوه‌ی مانگی رابردودا یه‌په‌گه دو جار وه‌فدی ناردوه بۆ دیمه‌شق بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كان له‌باره‌ی هێنانه‌كایه‌ی راگوزه‌ری سیاسی پێشبینیكراو له باكوری رۆژئاوای سوریا. به‌ڵام رژێمی سوریا له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی له بردنه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی حه‌وت ساڵه‌ی ئه‌و وڵاته، ده‌ریخستوه كه هێشتا نه‌رم نیه له‌و روه‌وه.
به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا به‌به‌رده‌وامی نیازی خۆی ئاشكرا كردوه له گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر پنتێكی خاكی سوریا. ئه‌مه ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی یه‌په‌گه‌دا بون، واته ئه‌و ناوچانه‌ی كه زۆرینه‌ی كورد له‌خۆی ده‌گرێت و كورده‌كان پێی ده‌ڵێن رۆژاڤا. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه چۆن و كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌و كاره ده‌كات. وه‌ڵامه‌كه‌ش به‌شێكی به‌نده به‌وه‌ی كه روسیا و ئه‌مه‌ریكا چ رۆڵێك ده‌گێڕن له به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی باكوری رۆژئاوای سوریا؛ هه‌ردولا به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه له ده‌ره‌نجامه‌كاندا و پێده‌چێت زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه بۆ پرسیار و گومانی كورده‌كان.
كوردی سوریا گه‌یشتونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه رۆڵی گرنگی ئه‌وان له شه‌ڕی دژبه داعش، ره‌نگه پشتیوانی ئه‌مه‌ریكایان بۆ مسۆگه‌ر نه‌كات له تێكۆشان و به‌گژاچونه‌وه له‌دژی دوژمنه ناوخۆییه‌كانیان. به‌و هۆیه‌وه كه خه‌ڵكێكی بێ ده‌وڵه‌ت كه‌وتوه‌ته نێوان سوریا و توركیا، ئه‌و دو ده‌وڵه‌ته‌ش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به سه‌ركوتكراوی ئه‌و خه‌ڵكه بێده‌وڵه‌ته بهێڵنه‌وه، پێویسته ئه‌و خه‌ڵكه پشت به لایه‌نێكی ده‌ره‌كی ببه‌ستن وه‌ك ئه‌مه‌ریكا ئه‌ویش له‌پێناو پێدانی جۆرێك له ئازادی و ئۆتۆنۆمی. به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا له راستیدا دۆستێكی به‌رژه‌وه‌نخواز و قابیلی گۆڕانه.
ساڵی رابردو كوردی عێراق ئه‌زمونێكی پێشوه‌خته‌یان به‌دی كرد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چ رو ده‌دات ئه‌گه‌ر بێت‌و ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا پشتگوێ بخه‌یت. هه‌رێمی كوردستانی عێراق راپرسیی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامدا به‌و هیوایه‌ی كه هێز به‌ده‌ست بهێنن له دانوستانه‌كاندا له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌باره‌ی جیابونه‌وه. ئیداره‌ی تره‌مپ هۆشداری دانێ كه ئه‌و پرۆسه‌یه نه‌كه‌ن و ئاماژه‌ی به نه‌گونجانی كاته‌كه كرد، به‌تایبه‌ت له كاتێكدا كه شه‌ڕی دژبه داعش به‌رده‌وامیی هه‌بو. ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا دواتر هیچی كرد له‌وكاته‌ی كه به‌غدا سزای قورسی سه‌پاند به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌زه‌بری هێز ناوچه جێناكۆكه‌كانی گرته‌وه كه پێشتر له‌ژێر كۆنترۆڵی كورددا بون. سه‌ركرده كورده‌كانی عێراق فێر بون له‌وه‌ی كه هێزه جیهانییه‌كان به‌ده‌م هاوكاری پشتیوانی ئه‌وانه‌وه ناچن ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌ڕه‌شه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكه‌ن: له‌م حاڵه‌ته‌دا مانه‌وه و پارێزگاری له شه‌ڕی دژ به داعش و هه‌روه‌ها پارێزگاری له عێراقێكی یه‌كگرتو وه‌ك قه‌ڵایه‌ك له‌دژی هه‌مونی ئێران بژارده راسته‌كه‌یه به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه.
ئه‌مڕۆكه، یه‌په‌گه روبه‌ڕوی پێشهاتێكی تاڕاده‌یه‌ك هاوشێوه بوه‌ته‌وه. یه‌په‌گه له سوریا لایه‌نگر و پشتیوانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)یه كه له ساڵی (1980)وه خه‌باتی چه‌كداری ده‌كات له‌دژی ده‌وڵه‌تی توركیا. توركیا و ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا په‌كه‌كه‌یان وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریست ناساندوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه یه‌په‌گه هاوبه‌شیی هه‌یه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، به‌ڵام واشنتۆن پشتیوانیی له‌و گرپه كرد به‌هۆی ئازایه‌تی و جه‌ربه‌زه‌ییان له مه‌یدانی شه‌ڕدا. كاتێكدا گورزیان له داعش وه‌شاند، یه‌په‌گه كۆنترۆڵی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی غه‌یره‌كوردیی كرد له سوریا به‌شاری مه‌نبه‌ج و ره‌قه‌شه‌وه كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌یان عه‌ره‌ب بون.
به‌ڵام كاتێك رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د به‌ره‌وپێشچو له‌ڕوی سه‌ربازی و شه‌ڕه‌وه، هه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه پێچه‌وانه بونه‌وه. له‌ڕێی كۆنترۆڵی ئاسمانی به‌درێژایی زۆرینه‌ی خاكی سوریا و هه‌روه‌ها به‌هۆی مافی ڤیتۆ له ئه‌نجومه‌نی ئاسایی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و هاوكات به‌هۆی هێزه زه‌مینیه‌كانیه‌وه كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كران و هه‌روه‌ها به‌هۆی میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه، هێزه‌كانی ئه‌سه‌د ئه‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ كرده‌وه كه به‌درێژایی دو ساڵی رابردو له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه چه‌كداره ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا بون. هێزه‌كانی ئه‌سه‌د خوازیارن له چه‌ند مانگی داهاتودا ئه‌ركی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی دیكه ته‌واو بكه‌ن و ئاماده‌ن به‌ره‌و ئیدله‌ب جموجۆڵ بكه‌ن كه دوایین پێگه‌ی چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنه. ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ته‌واوبونی ئه‌و ئه‌ركه، رژێمی سوریا به یه‌په‌گه ده‌ڵێت ده‌ست له‌و ناوچانه هه‌ڵبگرێت كه ته‌سلیم به‌وان كراون له ساڵی (2012). (رژێمی سوریا ئه‌و كاره ده‌كات له‌پێناوی ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی خۆی سه‌رپشك بكات له كۆتاییهێنان به خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی زیاتر له باشور.) ئه‌سه‌د پێویستی به‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌ستی یه‌په‌گه هه‌یه كه پڕن له كێڵگه‌ی گه‌نمی فراوان و كێڵگه‌ی نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی دوباره بنیاتیان بنێته‌وه.
توركیا به‌هه‌مان شێوه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گرنگی هه‌یه: ئه‌و نایه‌وێ یه‌په‌گه و هه‌ر درێژكراوه‌ی دیكه‌ی په‌كه‌كه هیچ ناوچه‌یه‌ك له سوریا به‌ڕێوه‌ببه‌ن كه راسته‌وخۆ له‌سه‌ر سنوره‌كانی ئه‌و بن. له مانگی شوباتدا، هێزه‌كانی توركیا كانتۆنی عه‌فرینیان داگیر كرد له باكوری رۆژئاوای سوریا دایانبڕاند له یه‌په‌گه له‌كاتێكدا كه ئه‌مه‌ریكا و روسیا هیچیان نه‌كرد. یه‌په‌گه ئێستا ترسی هه‌یه له‌وه‌ی كه جارێكی دیكه ئه‌و چیرۆكه دوباره ببێته له باشوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا، له‌به‌رئه‌وه‌ی توركیا وتویه‌تی كه ده‌یه‌وێ یه‌په‌گه له‌و ناوچه‌یه وه‌ده‌ربنێت.
له‌به‌رئه‌مه‌یه كه یه‌په‌گه چاوی له ئه‌سه‌ده بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبون. نه‌رمی نواندن و چاره‌سه‌ر له‌باره‌ی رێكاره‌كانی دوای شه‌ڕ بۆ ناوچه كوردییه‌كان ره‌نگه ئه‌گه‌رێكی پێشبینیكراو بێت. رێكه‌وتنێكی له‌و جۆره ره‌نگه له‌ئاستێكی دیاریكراودا ئۆتۆنۆمی و هاوبه‌شیی له سامانی نه‌وت بۆ كورد له‌خۆ بگرێت. هێشتاكه رۆشنایی و هیوای زۆر به‌دی ده‌كرێ له‌نێوان یه‌په‌گه و رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د. له‌كاتێكدا كه دیمه‌شق نه‌رمی نواندوه له‌ئاست چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به زمان و كلتوری كوردییه‌وه، به‌ڵام پرسی ئۆتۆنۆمی ته‌واوه‌تی ره‌ت ده‌كاته‌وه كه له‌لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه هه‌وڵی بۆ ده‌درێت به‌تایبه‌ت له‌و شوێنه‌دا كه هێزه ئه‌منییه‌كانی نیگه‌رانن و جێی مه‌ترسین.
سه‌ركرده‌كانی یه‌په‌گه به گروپی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان راگه‌یاندوه كه ئه‌وان بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئیداره‌ی مه‌ده‌نیی ئه‌و ناوچانه‌ی حوكمی ده‌كه‌ن، راده‌ستیی ئه‌سه‌د بكه‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت بڕوایان به‌وه‌ش هه‌یه كه به فه‌رمی شه‌ڕڤانه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئه‌منیی ئه‌سه‌د یه‌كبخه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه یه‌په‌گه سیاسه‌تی ناوچه زۆرینه كورده‌كان به‌ڕێوه‌به‌رێت. رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د واپێناچێت په‌له‌ی بێت له گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێك: ئه‌و كاتی له‌به‌رده‌سته (هه‌روه‌ها روسیا و ئێرانیش).
ئه‌مه ئه‌و شوێنه كه تیایدا ئیداره‌ی تره‌مپ رۆڵی گرنگ ده‌گێڕێت كه پێویسته. ئه‌مه‌ریكا هێشتاكه نزیكه‌ی (2000) سه‌ربازی له خاكی باشوری رۆژهه‌ڵاتی سوریادا هه‌یه كه تایبه‌ت به شه‌ڕی دژ به داعش كه هێشتا به‌كۆتا نه‌هاتوه. كاتێك له مانگی مارسدا دۆناڵد تره‌مپ رونیكرده‌وه كه ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رێته ده‌ره‌وه‌ی سوریا، گه‌وره راوێژكارانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێیان وابو كه بونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێویسته وه‌ك رێگرییه‌ك له‌به‌رده‌م فراوانبونه‌كانی ئێران و هه‌روه‌ها وه‌ك ئامرازێك بۆ هێنانه‌كایه‌ی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی سیاسی له دیمه‌شق. كشانه‌وه‌ی بێمه‌رجی ئه‌مه‌ریكا ره‌نگه ببێته زه‌مینه‌خۆشكرن بۆ زیادبونی ئاڵۆزی و ناكۆكییه‌كان له‌نێوان هێزه ركابه‌ره‌كان له باشوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا. ئه‌و كاره ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه به كراوه‌یی به‌جێ دێڵت بۆ گه‌ڕانه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش.
پێویسته شته‌كان به‌م ئاقاره‌دا نه‌ڕۆن. ئه‌مه‌ریكا هه‌بونی خۆی له‌ناوچه‌كه به‌كارده‌هێنێت بۆ دابینكردنی كات ت و بوار و ئاسایش و سه‌قامگیری له‌به‌رده‌م هاوپه‌یمانه كورده‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بگاته رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ دیمه‌شق له‌باره‌ی كۆنترۆڵ و حوكمكردنه‌وه. كه ئه‌مه‌ش شتێكه ده‌كرێ په‌سه‌ند بێت به‌لای ئه‌نقه‌ره‌وه. بۆ یه‌په‌گه‌ش، ره‌نگه ئه‌مه باشترین ده‌ره‌نجامی پێشبینیكراو بێت به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ئێستا.
نوسینی: یۆست هێڵته‌رمان
له ئینگلیزییه‌وه: فه‌لاح حه‌سه‌ن
سه‌رچاوه: زه ئه‌تڵه‌نتیك