توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستوە ئاشكراكردنی نهێنییەكانی ژیانت، رۆڵی سەرەكی هەیە لە باشتركردنی دۆخی تەندروستی جەستە و دەرون.
بە پێی رۆژنامەی تەلەگراف، توێژینەوەیەك كە لەلایەن پرۆفیسۆر لێسلی جۆن لە زانكۆی هارڤارد ئەنجامدراوە، دەركردوە ئاشكراكردنی نهێنیی تەنها پەیوەندی كۆمەڵایەتی دروستناكات، بەڵكو پێویستییەكی بایۆلۆژییە، كە هۆكارە بۆبەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش و كەمكردنەوەی رێژەی هەوكردن لە جەستەدا.
ئەم توێژینەوەیە، چەند توێژینەوەیەكی دیكە پشتڕاستدەكاتەوە كە لەلایەن دامەزراوە زانستییە بەناوبانگەكانی وەكو زانكۆی كالیفۆڕنیا لە لۆس ئەنجلس ئەنجامدراوە، گەیشتون بەو ئەنجامەی؛ ئەو كەسانەی لەكاتی قسەكردن كراوەن، پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بەهێزیان هەیە، هەروەها دژە هەوكردنی كاریگەر لە جەستەیاندا هەیە بە بەراورد بەو كەسانەی گۆشەگیرن و نهێنییەكانیان باس ناكەن.
بە پێی ئەو توێژینەوانە، نوسینی راستگۆیانە و باسكردنی ئەزمونە ئازاربەخشەكان باری دەرونی باشتر دەكەن و ژمارەی خانەكانی T لە كەسانی نەخۆشدا زیاد دەكەن، یارمەتیدەری پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی لێكتێگەیشتنە لەنێوان تاكەكان و ئاستی متمانە لەنێوانیان زیاد دەكات.