وەزارەتی زانیاری سعودیە ئەمڕۆ ڤیدیۆی ئافرەتێکی بڵاوکردەوە کە یەکەمین مۆڵەتی شۆفێری ئەو وڵاتەی پێ دەبەخشرێت.
وەزارەتی زانیاری سعودیە لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار مۆڵەتی شۆفێری دراوەتەوە ئافرەتێکی سعودیە و لە هەفتەی داهاتووشدا ١٠ ئافرەتی تر مۆڵەتی شۆفێری وەردەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی کردنەوەی دەزگای پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، ئافرەتان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ناوی خۆیان تۆمارکردووە و لە ئێستاشدا ١٠ مۆڵەتی تر ئامادەیە بدرێت بە ژنان و زیاتر لە دوو هەزار ئافرەتیش لە قۆناغی فێربووندان.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەو ئافرەتەی کە مۆڵەتی شۆفێری وەردەگرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی هاوڵاتییانی سعودیەی لێکەوتەوە و بەشێکیان بە لادان لە دین و دوورکەوتنەوە لە بەهاکانی کۆمەڵگەی عەرەبی ناویان برد و بەشێکی تریشیان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە ڕێگەدان بە ئافرەتانی ئەو وڵاتە هەتا ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، لە هەمانکاتیشدا سوپاسی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمانی کرد کە هەنگاو دەنێت وڵاتی سعودیە بکاتە وڵاتێکی مۆدێرن.
وڵاتی سعودیە تەنها وڵاتی جیهان بوو کە لێخورینی ئۆتۆمبێل بۆ ئافرەتان تیایدا قەدەغە بێـت، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا محەمەد بن سەلمان پۆستی شازادەی جێنشینی سعودیەی وەرگرت کۆمەڵێک بڕیاری بۆ ئازادی ئافرەتانی ئەو وڵاتە دەرکرد کە گرنگترینیان بەشداریکردنی ئافرەتان بووە لە بواری سەربازی و سیاسەت و وەرزشدا، هەروەها بڕیاریدا ئافرەتانیش وەکو پیاوان ئۆتۆمبێل لێبخوڕن.
https://www.youtube.com/watch?v=fgBFB6pZiY4