ئامادەکارییەکانی بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی دەستیپێکردوەو بەڕێوەبەرێکی پەروەردەو کارگێڕی لقی سلێمانیی یەکێتیی مامۆستایان ڕەخنە دەگرن لەتەوەرەکانی کۆنگرەو دابەشکردنی ئەندامی لیژنەکانی کۆنگرەو وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش رایدەگەیەنێت بانگەوازیان بۆ وەرگرتنی هەمو پێشنیارێک کردوە.
ئا: ڕێنوار نەجم
دواین کۆنگرەی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە، لەساڵی 2007 سازکرا. دوای 8 ساڵ لەو کۆنگرەیە، وابڕیارە وەزارەت پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لەسەرەتای ساڵی نوێداو لەمانگی کانونی دوەمدا ئەنجام بدات. لەم کۆنگرە نوێیەدا، شەش تەوەر دیارییکراوەو باسەکانی کۆنگرە تایبەت دەبن بەو تەوەرانە، ئەوانیش: سەرپەرشتییکردنی پەروەردەیی، بەڕێوەبردن، قوتابخانەو پەیمانگای ئەهلییو بیانیی، ڕاهێنان، تاقیکردنەوهکانو سیستمی پەروەردەیی هەروەها لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی پەروەردەیی.
بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان، عومەر محەمەد لەبارەی تەوەرەکانی کۆنگرەوە بەئاوێنەی راگەیاند “من پێم باش نییە ئەم هەمو تەوەرە لەماوەی دو ڕۆژدا باس بکرێن. چونکە پەروەردە لەگرفتێکی گەورەو لەقەیراندایە. بەبڕوای من باشتر وابو کۆنگرە بەم شێوەیە نەگیرێت، ئێمە چوار کۆنگرەی پەروەردەییمان سازداوە کە من لەسێیاندا ئەندام بوم، لەوانەدا ئێمە نەمانتوانی وەک پێویست هەنگاوی گەورە بنێین، تەنها کۆنگرەی چوارەم نەبێت کە تێیدا سیستمی پەروەردەییمان گۆڕییو جێدەستمان دیاربو”.
هەروەها کارگێڕی لقی سلێمانیی یەکێتیی مامۆستایان، نەوشیروان غەریب پێیوایە دیارییکردنی تەوەرەکانی کۆنگرە لەجێی خۆیدا نییەو کەموکوڕیی هەیە، “لەهیچ تەوەرێکدا باسی پرۆگرامەکانو نمرەکان نەکراوە کە مامۆستایان لەلایان گرنگە. بۆ نمونە ئێستا زۆرینەی مامۆستایانو خوێندکاران ئەو پرسیارەیان لەلا دروستبوە کە ئایا نمرەی پۆلی 12 چی بەسەر دێت، ئایا نمرەی پۆلەکانی پێشتر هەژمار دەکرێت یاخود نا؟ لەتەوەرەکانی کۆنگردانییە کە ئەمە یەکلایی بکاتەوە”.
بەڕێوەبەرەکەی پەروەردەی دەربەندیخانیش هەمان بۆچونی هەیەو هەندێک تەوەر کەدیارییکراوە لەکۆنگرەدا باس بکرێت، لەئێستادا بەگرنگی نازانێت “هەندێ تەوەری تێدایە کە زۆر پێویست نییە، بۆ نمونە تەوەرێک هەیە لەسەر توێژینەوەو لێکۆڵینەوە، ئەمە تەوەرێکی زۆر بنچینەیی نییە لەپەروەردەی ئێستادا، ڕاستە زۆر گرنگە، بەڵام لەواقعی ئەمڕۆی پەروەردەدا ئەو تەوەرە ڕەنگینەداوەتەوە. هەروەها تەوەری کارگێڕیی، ئەوەندە گرفتێکی گەورەمان نییە لەکارگێڕیی، گرفتی گەورەمان لەپرۆگرام هەیە”.
هەروەها دانانی شەش تەوەرو باسکردنی لەدو ڕۆژدا بەکەموکوڕیی دەزانێت “لەدو رۆژی کۆنگرەدا باس لەشەش تەوەر دەکرێت، رۆژی یەکەم بەخوێندنەوەو میوان بەرێدەکرێتو رۆژێک دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆو دەنگدان لەسەر تەوەرەکان. بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت لەو کاتەدا ئامانجەکە بپێکرێت، بۆیە ئەم شێوە کۆنگرانە سودێکی ئەوتۆی نابێت بۆ پڕۆسەی پەروەردە کە چەندین کێشەو گرفتو قەیرانی هەیە. بەبۆچونی من سەرکەوتنێکی وەها بەدیناکرێت لەکۆنگرەدا”.
عومەر محەمەد پێشنیارێک دەکات بۆ کۆنگرەکان ئەویش ئەنجامدانی کۆنگرەی ساڵانەیەو هەر ساڵەی تایبەت بکرێت بەکێشەو قەیرانێکی پەروەردەیی “من پێم باش بو هەر ساڵەی کۆنگرە بۆ گرفتێک بگیرایە، لەکوێدا زانیمان لەساڵێکی خوێندن لەلایەنێکدا گرفتو قەیرانمان هەیە، لەوێدا کۆنگرەمان بۆ سازبکردایە”. زیاتر ڕونیدەکاتەوە “ئەوا بۆ 8 ساڵ دەچێت کۆنگرە نەگیراوە. ساڵی یەکەم گرفتمان هەبو لەتاقیکردنەوەکاندا، دەبوایە کۆنگرەیەکمان سازبکردایە لەسەر ئەو کێشەیە. ساڵی دوەم کێشەمان لەوەدا هەبو کە مەنهەجەکە بۆ منداڵان قورس بو، کتێبەکان قورسو زۆربون منداڵ نەیدەتوانی هەڵیانبگرێت، دەمانتوانی لەو ساڵەدا کۆنگرەمان بگرتایە لەسەر پرۆگرامەکان”.
لەبەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، فاتیح مەولەوی زادە رایدەگەیەنێت کە پێش دیارییکردنی ئەو تەوەرانە ئەوان بانگەوازیان کردوەو داوایانکردوە هەر کەس پێشنیازو سەرنجی هەیە لەسەر کۆنگرە بۆیان بنێرێت تا ئەوانیش کاری لەسەر بکەنو بیخەنە بەرنامەی کۆنگرەوە. باس لەوەش دەکات کە ئەو تەوەرانەی دیارییکراون گشتگیرن، ” ئەو تەوەرانە هەمو وردەکارییەکانی ناو وەزارەتی پەروەردەیان تێدایە، بۆ نمونە نمرەکانی پۆلی 10و 11 بەشێکی بچوکی ناو یەکێک لەتەوەرەکانە”. هەروەها دەڵێت “تەرکیزی ئێمە لەسەر ئەوەیە کاتێک کەسێک گلەییو گازەندەی هەیە، دەبێت ئەوەمان بۆ بخاتەڕو کە بەچی چارەسەر دەبێت، واتە خاڵی چارەسەریش بخاتەڕو، نەک تەنها باس لەگرفتەکان بکات”.
کارگێڕەکەی لقی سلێمانیی یەکێتیی مامۆستایان رایدەگەیەنێت کە لەکۆنگرەدا پەروەردەکانی سلێمانییو گەرمیان فەرامۆشکراون، بەجۆرێک لەکۆی 64 ئەندامی لیژنە باڵای کۆنگرە تەنها 4 ئەندامی لەپەروەردەکانی سلێمانییو گەرمیانە. بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخانیش جەخت لەسەر ئەو راستیە دەکاتەوەو دەڵێت “ئێمە پێمان باش بو، ئەو لیژنانە کەسە بەتواناکانی سەرجەم ناوچەکانی تێدابوایە، بەڵام بەداخەوە تێیدا نییە”.
بەڵام وتەبێژەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەوە ڕەتدەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت کە ئەندامی ئەو لیژنە باڵایانە پێکهاتون لەبەڕێوبەری پەروەردەکانو شارەزایانو سەرپەرشتیاران “بابەتی هەولێرو سلێمانیی ئێمە مامەڵەی پێ ناکەینو چی لەپێناو بەرژەوەندیی وەزارەتی پەروەردەدا بێت هەمو بەلێکتێگەیشتن بڕیاردەدەین. ئەندامانی لیژنەی باڵای کۆنگرە پێکهاتەی سەرجەم پەروەردەکانو دیوانی وەزارەتە”.