ناسنامەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بۆ زۆرینە ئاشکرایە، بەڵام ناسنامەی دەیان منداڵی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە عیراق بەلێڵی ماوەتەوهو ئەو منداڵانە و دایکیشیان ڕوبەڕوی چارەنوسێکی نادیار دەکاتەوە.
حەلاوە عومەر (28ساڵ) ئاوارەیەکی قەزای حەویجەیە و لەنێو خێمەیەکدا بەدیار دوو منداڵەکەیەوە دانیشتووە و بیر لە چارەنووسیان دەکاتەوە. چیرۆکی نەهامەتییەکانی حەلاوە ئەوکات دەستپێدەکات کە داعش لە ناوەڕاستی 2014 قەزای حەویجەى لە باشوری خۆرئاوای کەرکوک کۆنترۆڵکرد، چونکە ئیتر لەوەودوا نەیتوانی بەردەوامبێت لە رەتکردنەوەى داواکاریی ئامۆزایەکی بۆ ئەوەى شووی پێبکات، بەرهەمی هاوسەرگیرییەکە دوو منداڵی بێناسنامەن کە لە بارودۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەردەبەن.
بۆ ئەوەى لە خەمی منداڵەکانی رزگاری بێت، حەلاوە یەکێک لە ژنە ئاوارەکانی کەمپی لەیلان، پێویستی بە دوو شایەت هەیە تا ناسنامەیان بۆ دەربکات، بەڵام کەس شایەتیان بۆ نادات.
“ئامۆزاکەم بەدڵم نەبوو، کارو کەسابەتی نەبوو و شەڕانگێز و مەیخۆر بوو بۆیە نەمدەویست شووی پێبکەم… بەڵام لەپڕ کاتێک داعش لە 2014 حەویجەى گرت هەموو شت گۆڕا”، حەلاوە وتی “ئامۆزاکەم بووە چەکداری داعش و متمانەیان پێکرد، یەک دوو جار هاتە داوام، من هەر رەتمکردەو تا شەوێکی ساڵی 2014 بەهێزێکی چەکداری دەمامکدارەوە هەڵیکوتایە سەر ماڵی باوکم و بەزۆر منی لەماڵ برد”.
بەرلەوەى ئاوارەبن، ماڵی باوکی حەلاوە لە گوندێک بوو کە دوو کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای حەویجەوە دووربوو. حەلاوە وتی “ئامۆزاکەم هەڕەشەى کوشتنی لە باوک و براکانم کرد، پێیوتم قایل بیت یان نا هەر دەبێت بۆ من بیت، ئەوانیش هیچیان پێنەکرا، بۆ شەو بردمییە ماڵی هاوڕێیەکی هەر لە نزیک حەویجە و بەیانییەکەى سەعات نۆ لە دادگای شەرعی داعش بەزۆر مارەکرام و بوومە ژنی ئەو”.
لە کۆتایی 2016دا، کاتێک حەلاوە دەبێتە خاوەنی دوو منداڵ، مێردەکەى لە بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان لە نزیک حەویجە کوژرا، حەلاوە دەڵێت چەکدارانی داعش بەوشێوەیە هەواڵی مردنی مێردەکەیان پێداوە.
حەلاوە و دوو منداڵە کوڕەکەى، ئەبوبەکر و عومەر، بە مانگێک دوای ئەو رووداوە بەرەبەیانێک لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی خەڵکی حەویجە دوای بڕینی 25کم بەپێی خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لەوێشەوە رەوانەى کەمپی لەیلان دەکرێن. حەلاوە وتی “لە مردن رزگارمان بووە، بەڵام خەمی گەورەى من ئەوەیە ئەم منداڵانە هیچ ناسنامەیەکی عیراقییان نییە و نازانم چارەنووسیان چی بەسەردێت”.
بەپێی یاسای باری کەسێتی عیراقی، دەبێت باوکی ئەو منداڵانە زانراوبێت، ئەگەر لە ژیانیشدا نەمابێت دوو کەس شایەتی بۆ بدەن.
حەلاوە وتی “چارەنووسی باوکم و خزمەکانم نازانم، لەم کەمپەش کەس شایەتی بۆ من نادات، لەرێگای ئەو رێکخراوانەى کە دێنە کەمپەکان هەندێک هەوڵمداوە بەڵام بێسوود بووە”.
سەکینە محەمەد عەلى، کە له موسڵ سهرۆکایهتی لیژنهیهک دهکات بۆ بهدواداچوونی کێشەی منداڵانی بێ سهرپهرشت، به (کهرکوک ناو)ی وت “تهنیا له موسڵ زیاتر له ههزار منداڵ له کهمپهکانن که باوکیان داعش بووه و کوژراون و ئێستا بێناسنامهن، دهبێت حکومهتی عیراق چارهسهری ئهمه بکات و ناسنامهیان پێبدات”.
بهپێی ئامارهکانی ئهو لیژنهیه که دراوه به (کهرکوک ناو)، لە کەمپی حەمام عەلیل 600 منداڵ هەن، له خانهی بێنهوایانی موسڵ که سهکینه خۆی سهرپهرشتییان دهکات 55 منداڵ هەن، ههروهها له کەمپی حەسەن شام 25 منداڵ و له کەمپی گەیارە 200 منداڵ که ههموویان خهڵکی موسڵن، جگه له کهمپهکانی تهلهعفهر و نهمرود له خۆرئاوای موسڵ.
سهکینه وتی “ئهمریکییهکانیش کهمپێکی تایبهت به ژن و منداڵه داعشه بیانییهکانیان ههیه و لهوێش منداڵی بێ سهرپهرشت ههن”.
مەروا حارس (39 ساڵ)، یهکێکی تره لهو ژنانهی که نازانێت چارهنووسی منداڵه دوو ساڵهکهی چی دهبێت، که باوکی چهکداری داعش بووهو کوژراوه.
مەروا وتی “داعش لە حەویجە مێردەکەمیان لە سێدارەدا، چونکە پێشتر چەکداری سەحوە بووە، دواتر بەزۆر لە چەکدارێکی داعش مارەکرام و منداڵێکم لێی بوو”.
مەروا لە مێردی یەکەمی دوو منداڵی هەیە و ناسنامەیان هەیە و گرێبەستی هاوسەرگیریی لە دادگای حەویجە هەیە، بەڵام لە هاوسەرە داعشەکەى (ئەبو زوڵەیخا) هیچ گرێبەستێکی نییەو کەسیش لە دادگا شایەتی بۆ نادات، بەهۆیەوە منداڵەکەى بێناسنامەیە.
زوڵەیخا لە شەڕێکی ناوخۆیی داعشدا لە شەرگات و لە ساڵی 2016 کوژراو دواتر مەروا خۆی گەیاندە کەرکوک و لە لەگەڵ سێ منداڵەکەی لە ئاوارەییدا دەژیت.
بهپێچهوانهوه بهشێک له منداڵهکانی شهری داعش دایک و باوکیشیان دیار نین.
بەپێی ماددەى سێی یاسای ناسنامەى عیراقی ژمارە 26ی ساڵی 2006، هەرکەسێک لە باوکێکی عیراقی یان دایکێکی عیراقی بێت بە عیراقی هەژماردەکرێت، هەر لەو ماددەیە یاساییەدا هاتووە “هەرکەسێک لە عیراق و لە دایک و باوکێکی نەناسراو لە دایک بێت هەروەها ئەو منداڵەى لە عیراقدا دەدۆزرێتەوە، ئەگەر هیچ بەڵگەیەک لەسەر پێچەوانەکەى نەبێت ئەوە بە عیراقی هەژماردەکرێت”.
زینە ئەشرەف نەسرەدین، پارێزەر لە کەرکوک، وتی “بەشێک لەو منداڵانەی کە ئێستا لە کەمپەکانن باوک و دایکیان نازانرێت کێیە، بەڵام ئەوانەى دایکیان هەیەو باوکیان چەکداری داعش بووە و کوژراوە دەبێت دایکى ئەو منداڵە لە دادگا بەڵگەنامەیەکی مێردەکەى پێبێت و دوو شایەتی هەبێت ئەوە دەتوانرێت بەڵگەنامەى بۆ دەربهێنرێت”.
جوان حەسەن، سەرۆکى لیژنەى مافەکانی مرۆڤـ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت “بەشێک لەو باوکانەی داعش بوون و لە شەڕدا کوژراون و منداڵەکانیان ئێستا هیچ ناسانامەیان نییە، کێشەیەکی گەورەیە کە داعش بەسەر ئەم وڵاتەیدا هێناوە، تائێستا هیچ هەوڵێک نییە بۆ چارەسەرکردن و بڕیاردان لەسەری، دەبێت ئەوانە سەلماندنی رەچەڵەکییان بۆ بکرێت”.
جوان زیاتر وتی “ئەوە پێویست دەکات پەرلەمان بڕیارێکی لەبارەوە دەربکات، کێشەکە ئەوەیە پەرلەمان بێ خەمە و وەزارەتێکى تایبەت بە منداڵانیشمان نییە و هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نییە”.
جوان وتی کە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە سێ هەزار منداڵی نەوەى داعش لە عیراقدا هەن و زۆرینەى هەرە زۆریان لە کەمپەکاندا ژیان بەسەردەبەن.
سهکینه محهمهد که سهرۆکایهتی لیژنهکهی تایبهت به منداڵانی بێسهرپهرشتی موسڵ دهکات و هاوکات راوێژکاری پارێزگاری نهینهوایه بۆ پرسی ونبووانی شهڕی داعش وتی “له ههوڵداین بهم زووانه تهواوی منداڵانی نهوهی داعش و بێسهرپهرشتان له کهمپهکان بهێنینه دهرهوهو و له خانهی تایبهت به بێنهوایان بهخێو و پهروهردهیان بکهین”.