ژمارەیەک زانای ئەمریکی دوای ئەنجامدانی ژمارەیەک توێژینەوە گەیشتن بەوەی کە تەنیایی کاریگەری لەسەر کەسایەتی مرۆڤ و دۆخی دەروونی هەیە.
ژمارەیەک زانای زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکیاندا کە لە گۆڤاری(P S P B)دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە “توێژینەوەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییان ئەوەی دەرخسووە کە هەستکردن بە تەنیایی دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆبەزلزانی لەلای کەسەکان، هەروەها وایان لێدەکات کە گرنگی بدەن بەو شتانەی کە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە و گرنگی بە گرفت و ئازاری کەسەکانی تر نەدەن”.
زاناکان ڕوونیانکردەوە کە ئەوان دوای ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆر توێژینەوە لەماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا، کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەشداربوون تێیدا و تەمەنیان لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٨ ساڵیدا بووە، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی کە هەست بەتەنیایی دەکەن زیاتر لە خۆبایی ترن بەبەراورد بە کەسانی تر، تەنانەت تەنیایی کەسەکان کاریگەری هەبووە لەسەر کاردانەوە و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیان بەشێوەیەکی گشتی.
ژمارەیەک توێژینەوەی پێشووتر ئاماژەیان بەوەکردووە کە تەنیایی کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بەجۆرێک کە ئەوەیان تێدا دووپاتکراوەتەوە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک دوودڵی و فشاری دەروونی لەلای کەسەکان و ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی کۆئەندامی دەمار، دڵ و مێشک دەبێت.