بەرایی
ئامانجی من لەم سیمینارە دەربڕینی هەستی سۆزداری نیە بۆ سەردەشت وەک شەهیدی قەڵەم، چونکە ئەوە سواوترین گوتارێکە کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو هەزارپاتکراوەتەوە. هیج شتێک لەوە ئاسانتر نیە کە وەک کۆمەڵیک تاسەبار بە جلی ڕەشەوە بەردەوام سنگ بۆ سەردەشت بکوتین و ڕۆمانتیزەی خوێنەکەی بکەین، نەفرەت لە دەسەڵات بکەین و بچینە سەر گۆڕەکەی چەپکەگوڵ دابنێین و فرمێسکی بۆ بڕێژین، ئەوە ئاسانترین شتێکە کە هەریەکێک لە ئێمە وەک قەرەبوویەکی سایکۆلۆژی بۆ لەدەستدانی ئەو لاوە، دەتوانین بیکەین و لەبەردەمی کامێراکاندا گوزارشت لە هاودەنگی خۆمان بۆ پەیامەکەی، بۆ خۆی و بنەماڵەکەی بکەین.
گرنگ ئەوەیە لە دوای تێپەرینی ئەو هەموو ساڵە لە تیرۆرکردنی، لە دیدێکی ترەوە لە دیاردەی سەردەشت بڕوانین، ماناکانی مەرگەکەی و دەلالەتە جیاواجیاوازەکانی شیکار بکەین. هەربۆیە تا لانیکەم ڕەخنەی ئەو سترەکتورە بکەین کە سەردەشت دەکاتە ئیدیاڵێک بۆ قوربانی و بەکوشتدانەکەی پیرۆز دەکات، پێویستە ڕەحمی پێبکەین و لە چنگی ئەو گوتارە باوە کە تەنها وەک قوربانی دەیبینێت، ڕزگاری بکەین.
سەردەشت: پێکدادانی ڕۆڵ و پێناسەکان
هەژموونی هەندێک ئیدیاڵی باو بۆ فەیلەسوف، ڕەخنەگر، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس یان ئەوەی کە بەگشتی پێی دەڵێین هەڵاوێرد (ئیلیت) و بینینیان وەک چاودێریکەری دەسەڵات، پارێزگاریکار لە بێدەسەڵات و ڕەشوڕوتەکان، پشکنەری گەندەڵیە ئابووریەکان و دەرخستنی سکانداڵی سیاسیەکان، هەموو ئەم وێنە فەرمانی و ئۆرگانیکیانە بوونە مایەی ئەو کارەساتە خوێناویانەی بەسەر لاوانی وەک سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانیدا شکانەوە و باجەکەی مەرگی خۆیان بوو.
ئەم دیدە بۆ ئیلیت (ڕۆشنبیر یا رۆژنامەوان) پتر زادەی پێناسەکەی گرامشیە کە بە خاوەن ڕۆڵێکی ئۆرگانیکی نەمر و ئاکتڤیان دەزانێت و جیایان دەکاتەوە لە ڕۆشنبیری ئاسایی (مامۆستا یا ئەندازیار و پزیشک و ئایندار) کە ڕۆڵەکەیان نەگۆرە و هەرگیز لەو کایە و سنوورە تایبەتیە دەرناچێت کە بۆیان دیاریکراوە. واتە ڕۆژنامەوانان یا ڕۆشنبیران کارەکتەریکی شۆڕشگێرن و دەبێت لە پێناوی ئەو ئامانجانەی سەرەوەدا ئامادەی لەزیندان توندکردن و خۆبەختکردنیش بن. ئەم دیدە گرامشییە بۆ ڕۆڵی ئیلیتی کولتوریی کە دەگەڕێتەوە بۆ تێزەی سەرەکی ئەو لە کتێبی (نامەکانی زیندان) دا، تا ئاستێکی زۆر کورتبینە و سەپاندنی رۆڵیکی بانمرۆیی و ئەفسانەییە بەسەر تاکەکەسدا بەرامبەر بەکۆمەڵگە، لەکاتێکدا هەموومان لە دوای تێزەکانی ژولیان بێندا، زۆلا، نیچە و سارتەر و فوکو و.. هتدەوە دەزانین کە رۆڵی ئیلیت بەتەنها لەوەدا کورتناکرێتەوە کە ببێتە پێشڕەو، قوربانیدەر، ڕێنیشاندەر و خەباتگێڕێکی شۆڕشگێڕانە، بەڵکو پتر پابەندبوونیەتی بەو کایەوە کە تێیدا شارەزایە و لەو بوارەدا بەداواداچوون دەکات و شیکردنەوە بۆ دیاردەکان دەکات لە ڕوانگەیەکی ترەوە . بە مانایەکی تر، کاری ڕۆژنامەنووس بەتەنها ئەوە نیە کە ببێت بە پۆلیس، بە ڕەقیب و سانسۆرچی و ڕۆڵی سوپا ببینێت بەسەر دەوڵەت و سیاسیەکانەوە، بەڵکو ئەرکیشیەتی لەسەر ئەو دیاردانە بوەستێت کە بەتەنیا تایبەت نین بە سکانداڵی سیاسی و سامانی زەبەلاحی سەرمایەدارەکان، چونکە ئەو ئەکتەرێکە لە ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو ژیانەی کە هەیە، دەرهێنەری نیە. گەر بە زمانی ئالان تۆرین قسەبکەین ئەوا دەڵێین: ڕۆژنامەوان پاڵەوانێکی یەزدانی نیە، بەڵکو بکەرێکی کۆمەڵایەتیە لەپاڵ هەموو ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکانی تری ناو کۆمەڵگەدا کە لەپێناوی دادپەروەری و یەکسانیدا خەبات دەکەن.
باسکردنی ئەو پاشخانە مێژووییە بەو مانایە نایەت کە گومان لە سەردەشت وەک قوربانی تیرۆر بکەین، چونکە ئەوە مایەی مشتومڕ نیە و لە چرکەساتی یەکەمی کارەساتەکەوە لای من یەکاڵابۆتەوە کە سەردەشت قوربانیی تیرۆری سیاسی حیزبێکی سیاسی وەک پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بە ناوی ئاکارەوە بەرگەی فانتازی لاوێک ناگرێت. لێ لێرەدا ئەوەی زۆر گرنگیشە ڕیسواکردن و ڕەخنەکردنی رادیکاڵانەی ئەو دەزگا زەبەلاحانەی میدیا (دیجیتاڵی، رۆژنامەوانی و تیڤی) ین کە تەنها یەک فەلسەفەیان هەیە بۆ پێناسەکردنی ڕۆژنامەوان: بینینیان وەک فیگەرێکی پیپەراتسییانە (paparazzi): ئەوەی کە تۆی دەزگای رۆژنامەوانی کامێرەیەک و دەفتەر و قەڵەمێک بدەیتە دەست گەنجێک و ڕایسپێریت دوای هەندێک دەموچاوی سیاسی و دەوڵەمەند و فیگوری رۆشنبیری و ئەستێرەی سەر تیڤیەکان بکەوێت و بەبەردەوامی چاودێرییان بکات و نەهێڵێت ئارام بسرەون، دۆخێک کە تەنانەت خانمێکی بەهێزی وەک (شاژنە دیانا) یشی کردە قوربانی، چ جای لاوێکی بێ پشت و پەنای وەک سۆرانی مامەحەمە یا کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان!
مامەڵەکردنی سەردەشت وەک پاڵەوان:
وەک بکوژ نەک کوژراو
لێرەدا کێشەیەکی تر دێتە بەردەممان کە زادەی چۆنێتی بینینمانە بۆ ڕۆژنامەنوس: تەنها وەک ڕەخنەگرێکی شارستانی نا بە مانا ئێدوارد سەعیدیەکەی، یان وەک تێکۆشەر و خەباتگێڕێکی ئاکتڤیست وەک لای گرامشی بینیمان، بەڵکە وەک فیگەرێکی ئەفسانەیی و گیانفیدایەکی پاڵەوان؟
ئایا ڕۆژنامەنوسان پاڵەوانن بۆیە دەکوژرێن یان بۆیە پاڵەوانن چونکە بکوژن؟ وێناکردنی سەردەشت وەک پاڵەوان بەتەنها ئەو وێنە پۆزەتڤەی پێ نابەخشێت وەک ئەوەی کە میدیای کوردی بۆی دروستکرد، بەڵکو نائاگا وەک بەشێک لە گوتاری دەسەڵات، سەردەشتی کردەوە بە بکوژیش.
بۆ ڕونکردنەوەی ئەم ئایرۆنی و گرفتە سترەکتوریەی خودی چەمکی پاڵەوان هەڵگریەتی، دەگەڕێینەوە سەر دیدی (کریستۆف بۆتۆن) بۆ چەمکی پاڵەوان وەک بکوژ و کوژراو پێکەوە .
بەبڕوای بۆتۆن پاڵەوانێتی لە هەناوی خۆیدا هەڵگری خەسڵەتێکی نەرێنییشە کە بریتیە لە کوشتن و توندوتیژی، چونکە باوەڕە بەبوونی ئیدیاڵ و پرەنسیپێکی باڵا دژ بە دەسەڵاتێکی ناڕەوا و گەندەڵ، کە بەبێ توندوتیژی یەکاڵانکرێتەوە. مرۆڤ ئەو کاتە پاڵەوانە و ئەفسانەیی، کە بکوژیشە، چونکە باوەڕی بە ئەفسانەیەک هەیە و بە ڕەوای دەزانێت تا لەسەری بکوژرێت، وەک چۆن لەسەریشی دەکوژێت و خاپور دەکات. هەربۆیە پێشوەخت گەمەکە لای پاڵەوان بارگاویە بە توندوتیژیەکی دوو جەمسەر کە دەرنجامەکەی بۆ خودی خۆی هەر کوشتنە، لێ مانای ئەوە نیە کە کەڵکەڵەی کوشتن لە خۆیدا نیە و پەریەکی ئاشتیخوازە. ئەمەیش نمونەیەکی دێرین و کەلەپوریی خراپە بۆ کەسی خەباتگێر وەک بکوژ، لەجیاتی ئەوەی لە بەرگی کەسێکدا نیشانی بدات کە بەبی توندوتیژیی ململانێکان دەخات بە لادا.
نیشاندانی سەردەشت وەک پاڵەوان و قوربانی زیانێکی گەورەی پێگەیاند، چونکە لەو سایتەی کە لێی دەنووسی (کوردستان پۆست) هێند بارگاوی کرا بە مانای ئەفسانەیی و بەزێنەری سنوورە ناوەکیەکانی دەزگای پاراستن و هەڵدەرەوەی نهێنیەکانی ماڵی بارزانی، کە دەرەنجامەکەی بووە مایەی بەرجەستەکردنی وەک لادەرێک و نووسەرێکی ئابڕووبەری خێزانێکی سیاسی کە دەبوو بدۆزرێتەوە و لەناوببرێت. لێرەدا میدیا بە مەبەستی دژایەتیکردنی گوتارێکی سیاسی و ململانێیەک کە لای خۆی بۆتە تاکە مۆدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەزانیی و گەندەڵی، بەناوی دروستکردنی پاڵەوان و میدیاکاری بوێرەوە، بێئەوەی بە خۆی بزانێت، میدیاکار لە فۆرمێکدا بەرجەستە دەکاتەوە کە پاڵەوانێکی ئەفسانەییە، بێئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە زیانمەندانە بەسەر ڕۆژنامەوانەکەدا دەشکێتەوە و دەبێتە پاساو بۆ تیرۆرکردنی.
هەربۆیە بەڕای من هیچ جیاوازیەک لە نێوان ئەو میدیایە و ئەو لایەنە سیاسیە درندەیەدا نیە وەک سترەکتور، چونکە هەردووکیان باوەڕیان بە بوونی ئایدیایەکی پیرۆز و ئاڵتونی هەیە کە دەبێت و ئەرکی سەر شانتە لە پێناویدا خۆت بە کوشت بدەیت، لە کاتێکدا خودی چەمکی ئایدیا هیچ نیە جگە لە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە واقیع و دەستنیشانکردنی چەشن و خەسڵەتی ڕووداوەکانی ناوی.
ئەم دەرەنجامە دیسان بەو پرەنسیپەوە گرێمان دەداتەوە کە تایبەتە بە ئەرکی ڕۆژنامەوان! کار و فرمانی رۆژنامەوان تەنهاوتەنها ئەوە نیە کە ببێت بە چاودێر بەسەر یەک گروپی دیاریکراو و ئایدیاکانیەوە، بەڵکو ئیشی ئەو خوڵقاندنی ئایدیا و ڕووداوەکانە، سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ڕووداوەکانە بە بینین و خوێندنەوەیان لە کۆنتیکستی تردا.
سێکسوالیزەکردنی سەردەشت
گەورەترین ستەمێک کە لە سەردەشت کرابێت، نیشاندانی بوو وەک مرۆڤێکی ئیرۆتیکی: وەک عاشقی کچی بەرپرسێک.
نیشاندان و پەخشکردنەوەی وێنەی سەردەشت وەک لاقەکاری شەرەفی بنەماڵەیەکی فەرمانڕەوا کە خۆیان بە گەورە زلهێزی هەرێمی کوردستان دەزانن، خێزانێکی زۆر کۆنەخواز و خێڵەکی لە ناوچەی بارزان، یەکێکی تر بوو لەو ستەمانەی لە سەردەشت کرا لەلایەن میدیاوە. میدیای باوی (بێشیکار) و پاشماوەکانی جەنگی ناوخۆ، ئەو نوسینە کورتەی سەردەشت (من عاشقی کچەکەی بارزانیم) ی بەکارهێنا وەک چەکێک لە دژی پارتی، لێ نائاگایانە سەردەشتی لە ڕەخنەگرێکەوە پێ کرد بە فیگەرێکی سێکسواڵ، ماتەریاڵی و چاو لەپارە. دەسەڵات و میدیای پارتییش زۆر باش ئەم هەڵەیەی قۆستەوە تا لە قەبارەی ئەو کارەساتە کەمبکەنەوە و لە چەمکی تیرۆرەوە بیگۆڕن بە تۆڵەیەکی ڕەوای خێزانی.
ئیشکردنی پارتی لەسەر بە ئاکاریکردن و سێکسوالیزەکردنی ئەو نووسینەی سەردەشت بۆ ئەوە بوو تا لەسەر ئاستی شەقام و خەیاڵدانی کوردیدا ڕەوایەتی بە تیرۆرکردنەکەی بدەن، چونکە دەیانزانی لەگەڵ چ سترەکتورێکی پەتریارکیدا دەدوێن و چۆن یاری بەو کۆدە ئاکاریانە دەکەن.
چ پارتی و چ ئەو میدیایەی کە سەردەشتی لەو وێنەیەدا بەرجەستەکرد، ستەمیان لەو دەقەی سەردەشت کرد.
ئەوەی بچوکترین سەلیقە، وردبینی و زەوقی ئەدەبی هەبێت و لە یەکی سەرەتاییەوە تا ماستەرخوێندن، بە پاڵ دەرنەچووبێت، دەزانێت کە تێکستەکەی سەردەشت هیچ بێحورمەتیکردن و ئابڕووبردنێکی ماڵی بارزانی تێدا نیە، بە هیچ شێوەیەک تەنانەت نیازی لاقەکردنێکی سیمبولیانەی کچەکەی بارزانیشی نیە وەک ستاتوسی بارزانیزم، هێندەی فانتازیەکی نیمچە چینایەتیانەی لاوێکی کوردە کە هەستدەکات، سەدان بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆی هەولێر بەدەستبهینێت، بایی ئەوە نابێت کە خزم و زاوای بەرپرسێکی گەورەی یەکێک لە حیزبە سیاسیەکان بێت.
ئەو دەقە کورتەی سەردەشت کە مافی ئازادانەی خۆیەتی تا گوزارشتی لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی پێبکات، هیچ نیە جگە لە ئاگادارکردنەوەیەکی چینایەتیانەی دۆخی خۆی وەک لاوێک کە ناتوانێت ژیانێکی نۆرماڵ بژی و وەک مافێکی ڕەوای خۆی، چێژ لە ژیان ببینێت.
سێکسوالیزەکردنی سەردەشت بۆ شێواندنی و ڕتوشکردنی گرفتی لاوێکی بێدەرەتان بوو بە تۆمەتێکی ئاکاری، تا ڕەخنەکانی لە ڕەوایەتی دەسەڵاتێکی قۆرخکار خەفەبکرێت، دەسەڵاتێک کە بە ئارەزووی خۆی سامانی سەروژێری کوردستان هەڕاجدەکات و خەڵکەکەیشی دەڕەتێنێت.
پارچەپارچەبوونی وێنەی ڕۆژنامەنووس دوای تیرۆرکردنی سەردەشت
لەپاش تیرۆرکردنی سەردەشتەوە گۆڕانکاریەکی خێرا و بە پەلە بەسەر وێنە و ئەرکە ئۆرگانیکیەکانی ڕۆژنامەواندا دێت و ئیدی پەرت دەبێت. ڕۆژنامەوان دەبێتە چەند فۆرمێکی جودا و دژ بەیەک کە بەئاسانی دەتوانین هەندێک لە سیماکانیان لەیەک جیابکەینەوە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەستێرەی ڕۆژنامەوان وەک کردارێکی شارستانی و کولتوریی، ڕوو لە ئاوابوون دەچێت.
پاش تیرۆرکردنی سەردەشت، پیشەی ڕۆژنامەنووسی بەجۆرێک دەبێتە مایەی هەڕەشە، کە دەکرێت لەسەر چەند ئاستێکی جودا پۆلین بکرێت و خەسڵەت و کارەکتەرەکانی لە چەند وێنەیەکی ستانداردا ببینرێت:
1 – ڕۆژنامەوان وەک پاڵەوانی تراژیدی: ئەمانە ئەو چەشنە لە میدیاکارن کە ڕیسک دەکەن و بە خەونی ڕامکردنی گەندەڵی و گرتنی سیاسیەکانەوە لە دۆخی سکانداڵەکانیاندا، دەبنە پۆڕی خوراوی ئەو دەزگا و تۆڕە کولتوریانەی لەسەر بنەمای خوێنی ئەوان، بەناوبانگ دەبن و دەبنە ژمارەی ئەفسوناوی. ئەم چەشنە ڕۆژنامەنوسانە چارەنووسیان مەرگە و دواجار لەسەر ئایدیاکانیان دەکوژرێن و بەکوشت دەدرێن.
2 – ڕۆژنامەوان وەک بکەری کۆمیدی و سەرگەرمکەر: ئەم گروپە لە رۆژنامەوان کاریان بەسەر گەندەڵی و سیاسەت و ئابووریەوە نیە، تەنها خولیایان دواندنی تێما پۆپیولار و جێبایەخەکانی ناو کۆمەڵگەیە، واتە ئەوەی کە وەک شادی و مایەی پێکەنین و سەرسامکردنی خوێنەر دەبینرێت: جا سەرنجڕاکێشیی سمتی کارداشیان بێت، سودەکانی ڤیاگرا بێت، چوونی گەنجان بێت بۆ مەساجەکان بە مەبستی سێکس، چۆنێتی دابەزاندنی کێش بێت لە هەفتەیەکدا، دروستکردنی یاپراخ بێت یا هەواڵی تایبەتی ژیانی هاوسەرگیریی هونەرمەندان و نوکتەکانیان بێت، گرنگ نیە.
3 – ڕۆژنامەوان وەک بوونەوەرێکی مت: ئەم توێژەیان بەناوی بێلایەنی و نەبوونەوە بە قوربانی هیچ دۆخێکی سیاسی، دەچنەوە قاوغەکەی خۆیان و تەنها لەسەر ئەو تێما ئەدەبی و بابەتە گشتگیر و دور لە واقیعیانە قسەدەکەن کە شانسێکی باشیان دەداتێ بۆ خۆدزینەوە لە رووبەڕووبوونەوەی شەقام و قسەکردن لەسەر گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان. ئەمانە لە گەرمەی ململانێ خوێناویەکاندا سەرقاڵی قسەکردنن لەسەر چەمکی رۆح لای حەلاج، دۆخی دۆنادۆن لای مەحوی، نووسینی سەدان لاپەڕەی کۆپیکراو لەسەر دەقئاوێزان و ستایشکردنی وێنەی مەعشوق لای نالی و … هتد.
4 – رۆژنامەوانی ئیدیۆلۆژی یا هێزی چەکوشی ئامادە: ئەمانە سێبەر، پاسەوان و حەسحەسی بەردەم بارەگای حیزبەکانن و سکرتێری بە پارەکردڕاوی بەرپرسەکانن. کاریان بەس بەرگریکردنە لە سیستمی جێگیر، نەک لەبەرئەوەی کە دۆخێکی خۆشگوزەران و باشی مرۆڤە، بەڵکو لەبەرئەوەی بەرژەوەندیان مانەوەی ئەو سیستمە گەندەڵەیە تا لێی بخۆن و لەسایەیەدا دەوڵەمەندتر ببن. هەربۆیە لە هەر کوێیەک ڕەخنەیەک لە باوکە سیاسیەکانیان بگیرێت، وەک گورگ پەلامار دەدەن، بێئەوەی لە بنەڕەتدا هەر لەو ڕەخنەیە تێگەیشتبن کە ئاراستەی ئیدیاڵە پارەبەخشەرەوەکانیان دەکرێت.
5 – ڕۆژنامەنوسی ئایینی و سەلەفی: ئەمانە کار و کاسبیان بووە بە نەفرەتکردن لە خۆشی دونیا و چێژەکانی سەر زەوی. بانگەشەی ئەمان پتر بۆ بەهەشتە، بۆ سەرەوەی ئاسمانە، بۆ مەلەکوتێکە کە خۆشیان نازانن چۆن وێنای دەکەن! ئەمانە پتر ئەو چەشنە لە بانگخواز و بانگەشەکاری ئایینین کە خۆشی ئەو دنیا لەسەر توندوتیژی ئەم دنیا، سەقامگیریی بەهەشت لەسەر کاوس و ژاوەژاوی زەوی، بونیاد دەنێن، هەر بۆیە لەسەردەمی ئیبن تەیمیە و عومەری کوڕی خەتابدا دەژین، میراتیەکانی ئەوانمان بۆ بەجێدەهێڵن، ئێستایش بە گروپ ڕێپۆرتاژ لەسەر ئەو مەلایانە دەکەن کە بە دوربین دەڕواننە مانگ تا بزانن جەژنە یان نا، زنجیرە ئایینیە تورکیەکانمان بۆ وەردەگێڕن، فەتوا دەدەن و کچان بە پەچەپۆشی و کوڕان بە ڕیشهێشتنەوە، ئامۆژگاری دەکەن.
6 – ڕۆژنامەوانی چەپ/ نامۆ بە واقیعی خۆ: تاقمێکن، بەردێک لە پێنجوێن بەر سەری مناڵێک بکەوێت، کۆرپەیەک بە نەخۆشیەکی جێنەتیکی بمرێت لە دیانە یا ڕەشەبایەکی خۆڵاوی لە کەلار هەڵبکات، بە خەتای سەرمایەداری دەزانن، بێئەوەی سەیری ژێر پێی خۆیان بکەن، بێئەوەی هیج لە واقیعی کولتوری و جیۆگرافی و ئابووری خۆیان بزانن. ئەمانە لە مەلاکان میتافیزیکیترن و هۆکاری هەموو نەهامەتی و هەژاریەکان لە سەرمایەداری و ئەمریکادا دەبینن.
7 – رۆژنامەوانی ژنی سەرسام بە نێرسالاری: خانمگەلێکن دەستەپاچەی گوتاری پەتریارکیزم و قبوڵکەری بەهاکانی، کە لەژێرەوە خەریکی ملشکاندنی یەکترن و بەناوی ئازادی و جیاوازی ڕەگەزیەوە، بەرگری لە نێرسەنتەری دەکەن، بە بێئەوەی بوێرن دەست بۆ یەک جومگەی هەستیاری ئەو ترادسیۆنە نێرسالارانەیە بەرن کە خۆیان قوربانی دەستی ئەون. باشترین نمونەی ئەمانە، ڕێکخراوەکانی یەکێتی ژنان، یەکێتی ئافرەتان و خوشکانی یەکگرتوو و بەشی هەرە زۆری ئەو گروپە بچوکە (گوایە فیمنستیانەن) کە بە باسکردنی مەسەلەی جێندەر، لەرزیان لێ دێت و دەستیان لەو میراتە پیداگۆژیە نێرسالاریەی پێی بەخێوکراون، بۆ هەڵناگیرێت.
کۆتایی
ئایا سەردەشت فریاکەوت بەر لە تیرۆرکردنی، چ وەک جەستە و چ وەک سیمبول (بەوەی کە گوایە تیرۆریستە) هیچ لەسەر تیرۆر و گەندەڵیەکانی دەسەڵاتی پارتی بڵێت؟
ئایا میدیای کوردی بە پەخشکردنێکی سۆزدارانە و ڕانانێکی نێگەتڤی تیرۆرکردنی سەردەشت و بەکوشتدانی، توانی چی دەستبکەوێت؟ توانی هیچ باوەڕێک بە خەڵکی بهێنێت کە سەردەشت تیرۆریست نەبووە، بەدئاکار و لاقەکاری پیرۆزیە سێکسوێلیەکانی خێزانی بارزانی نەبووە و دانی پێدابنێت کە قوربانیەکی دوو لایەنەی هەر دوو جەمسەری دەسەڵات و میدیای ئازاد بووە نەوەک لاوێکی لادەری چاو لە موڵک و ماڵی تایبەتی خێزانێک بێت؟
میدیای کوردی کەی دەتوانێت کادێرە بوێر و زرنگەکانی وەک پۆڕی خوراو نەداتە دەست دەسەڵات تا دیکتاتۆربوونی ئەو دەسەڵاتە بسەلمێنێت؟
ئایا پێویستی دەکرد لە پێناو نیشاندانی ڕووی تۆقێنەری دەسەڵاتی بارزانیەکاندا، سەردەشت بەکوشت بدرێت؟ ئایا بەر لە بەکوشتدانی سەردەشت کەس نەیدەزانی کە داخۆ دەبێت ئاستی تیرۆرکردن و توندوتیژی لە مێنتاڵتی بەرزانیەکاندا چەند دڕندانە بێت؟!
ئەوانە چەند پرسیارێکن کە دەبێت لە دوای مەرگی سەردەشتەوە، بەر لە دەسەڵاتی سیاسی، ئاڕاستەی هەموو ئەو سەندیکا و ڕێکخراو و دەزگا ڕۆژنامەوانیانە بکرێت کە تەنها بۆ وروژاندن و شڵەقاندنی شەقام، بەس بۆئەوەی حیزبێکی سیاسی توڕەتر بکات لەوەی کە هەیە، لە دوی لاوێکی خوێنگەرمی وەک سەردەشت دەگەڕێت تا بە کوشتی بدات و لە ئەنجامدا خۆی وەک چاوی تیژی سێهەم پێ بەرز بنرخێنێت.