جه‌نگ وكاره‌ساتی به‌ڕێوه‌یه له موصل دا به ووته‌ی یه‌كێك له له په‌یامنێرانی یه‌كێك له ئاژانسه هه‌واڵیه‌كان كه‌م وێنه‌یه له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانیه‌وه. تراژیدیایه‌كی مرۆڤایه‌تی كه وێنه‌ی شه‌ڕی لینینگراد مان بیرده‌خاته‌وه، كاتی له‌شكری فاشی هیتلر گه‌مارۆی شاره‌كه‌ی دا له جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا. قسه‌م له‌سه‌ر كوشتاری سه‌ربازانی عێراقی و ملیشیاكان و چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نییه. قسه‌م له سه‌ر ژیانی زیاتر له ملوێن ونیوێك ئینسانه كه كه‌وتۆته نێوان مه‌یدانی شه‌ڕی تیرورستانه‌وه، كه هیچ رێگایه‌ك نییه بۆ ده‌ربازبوون بۆیان.
به‌پێ زۆرێك له سه‌رچاوه هه‌واڵییه نا ره‌سمیه‌كان شه‌قامه‌كانی موصل به ته‌رمی سه‌ده‌ها له خه‌لكی مه‌ده‌نی ته‌نراوه ، بۆنی لاشه‌ی مردووی مندال وژن و كه‌سانی مه‌ده‌نی شاره‌كه‌ی ته‌نیوه، له نیو ماڵ و شه‌قامه‌كاندا كه هیچ توانا‌یه‌ك نییه ته‌نانه‌ت بۆ شاردنه‌وه‌شیان . لاشه‌ی سه‌ده‌ها مردووی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بۆته خۆراكی سه‌گ و گیانله‌به‌ره‌ه‌كان. ئه‌وانه‌ی ماویشنه‌ته‌وه له ماله‌كانیان له‌ژێر ره‌حمه‌تی تۆپ و بۆمبارانی تیرورستان وهاوپه‌یماناندان ، وه هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگی رۆژانه‌یان له‌سه‌ره به‌هۆی برسێتی ونه‌خۆشی و كه‌م ئاویه‌وه.
ڕاستیه‌ك هه‌یه ئه‌وه‌ی شاره‌زای جوگرفیای ته‌واوی موصل نه‌بێت ناتوانێت باسی نه‌هامه‌تی ئه‌م شه‌ڕه نگریسه بكات. ئه‌و جوگرافیایه و ئه‌و ته‌وقه‌ی شاره‌كه كه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منی وله‌شكری ملیشیاكانه‌وه دراوه ، وه له ئاسمانیشه‌وه فرۆكه و بۆمبارانی شاره‌كه، هیچ رێگایه‌كی بۆده‌ربازبوون خه‌لكی مه‌ده‌نی نه‌هێشتۆته‌وه، به هوی گه‌مارۆدانی له هه‌موو لایه‌كه‌وه ، وه به‌هۆی پێشڕه‌وی هێزه عێراقیه‌كان و ملیشیاكان به‌ره به‌ره مه‌ودای ژیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ته‌سكتر ده‌كاته‌وه كه ده‌رچونیان مه‌حال ده‌بێت.
له‌م شه‌ڕه‌دا پێچه‌وانه‌ی شه‌ڕه‌كانی حه‌ڵه‌ب كه هه‌میشه ده‌روازه‌یه‌ك ده‌كرایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی خۆیان ده‌رباز بكه‌ن ، له‌وێ ئه‌و ده‌روازه‌یه نییه ، وه یان پلانی بۆ دانه‌نراوه بۆ ده‌ربازبوونی خه‌لكی سڤیل. خۆیان ده‌ڵێن 170 هه‌زار كه‌س گه‌شتوونه‌ته كه‌مپه‌كان و توانیویانه خۆیان ڕزگار بكه‌ن، به‌لام له‌ڕاستیدا ئه‌م ژماره‌یه خه‌لكی ناو شار و مه‌ركه‌زی موصل نیین ، به‌لكو گونده‌كانی ده‌وربه‌ری حمام علیل، تلعفر و قۆش و باشیك و گه‌ره‌كه دووره‌كانی قه‌راخ شارن، كه داعش به‌بێ شه‌ڕێكی سه‌خت پاشه‌كشێی لێ‌كرد. واته له‌سه‌دا ٩٠ دانیشتوانی موصل هێشتا له نێوی مه‌یدانی ئه‌سلی شه‌ڕه‌كه‌دان.
هاوپیمانان و ڕژێمی به‌غداد و ملیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و مسعود به‌رزانی و میدیا‌و ته‌بلیغاتی نۆكه‌ری سه‌ربه‌هاوپایمانان ڕاستی ڕووداوه‌كان و ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی باس ناكه‌ن وچاوی لێده‌پۆشن، ژیانی ملوێن و نیو ئینسان سڤیل قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت كه باس له خه‌لكی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن ته‌نها كامێراكانیان ئه‌و چه‌ند هه‌زار كه‌سه پشان ده‌ده‌ن كه له ئه‌ساسدا خه‌لك ناو شاری موصل نین له كه‌مپه‌كانی خازر‌و مه‌خموردان.
كاتێ گوێم له پیاوێكی ڕه‌شوڕووت گرت به ده‌می گریانه‌وه له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كه‌كانی موصل هاواری ده‌كرد: ده‌كرا ژیانی ژێر ده‌سته‌یی داعشی كۆنه‌په‌ره‌ست قبوڵ بكه‌م ، به‌لام له‌ده‌ستدانی دوو منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌كه‌م پێ هه‌زم ناكرێ ، چیتر ژیانم بۆچیه دوای له‌ده‌ستدانی خێزانه‌كه‌م ، ئه‌مه سه‌رتاپای له‌شمی هێنایه خرۆشان. ناكرێت شه‌ڕی ده‌ركردنی داعش بكرێته بارمته‌ی سه‌ده‌ها هه‌زارله ئینسانی سڤیل ، ناكرێت تیرورستان شه‌ڕی تیرورستان بكه‌ن به هه‌موو قیمه‌تێ! ناكرێ چاو له ئاستی له‌و قه‌ساپخانه‌یه دابخه‌ین كه بۆ سه‌ده‌ها هه‌زار له خه‌لك خۆلقاوه، نا ناكرێت بێده‌نگی هه‌ڵژێرین .ئه‌مه شه‌رمه‌زاریه بۆ مرۆڤایه‌تی ، ئه‌مه شه‌ڕی رزگاری نییه، ئه‌مه شه‌ڕێك نییه بۆ باشبوونی ژیانی ئینسانه‌كان، ئه‌مه شه‌ڕێك نییه بۆ له‌ناوبردنی تیرورستانی ئیسلامی خوێن‌ڕێژ، ئه‌مه شه‌ڕێك نیه بۆ هینانی مودێلكی تر له ده‌سلاتی پێشكه‌وتوخواز . له‌ناوچوننی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئاواتی هه‌موو ئازادیخوازی دنیایه ، به‌لام له‌ناوچوونی تیرورستان به‌ده‌ستی تیرورستان خێری بۆ خه‌لك نییه. ئه‌مه شۆڕشی پێشكه‌وتوخوازی وولاتێك نییه كه بڵێن با ته‌حمولی قوربانیه‌كانی بكه‌ین . ئه‌مه شه‌ڕی كرێكاران نییه تاكو زنجیره‌كانیان له‌ده‌ست بده‌ن وه ته‌حمولی قوربانیه‌كانی بكه‌ین. شه‌ڕی به‌ناو ڕزگاری موصل به هه‌موو قیمه‌تێ وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كی نا ئینسانی و به گوێدانه ژیانی دوو ملوێن ئینسان جێگای ده‌ستخۆشی نییه و موسبه‌ت نییه.
ئه‌وانه‌ی هێرشی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ژێر ناوی شه‌ڕی ڕزگاری موصل به كارێكی موسبه‌ت و پۆزه‌تیف هه‌ڵیده‌سنگێنن و ئاڵوگۆڕه‌كا‌ن و ده‌ركردنی داعش به ئاڵوگۆڕێكی موسبه‌ت ده‌زانن ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كێ و وه چۆن و وه بۆ چ ئامانجێك ده‌یكات ، ناتوانری یه‌ك زه‌ڕه نزیكایه‌تی خۆی به به‌ره‌ی ئازادیخواز و ئینسانی دژی تیرورزم پیشان بدات. ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه خۆیان به چه‌پ وئازدیخواز ده‌زانن و بانگه‌وازی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه خه‌ڵك ده‌سته و‌ئه‌ژنۆ دانیشێ و ئومێدی خۆیان بده‌نه ده‌ست تیرورستانی ده‌وڵه‌تی ، ئه‌مریكاوهاوپه‌یمانان تاكو تیرورستانیان بۆ له‌ناو به‌رن، ده‌توانین بڵین ئه‌وانه لایه‌نگری ئه‌و كوشتار و ترژایدیایه‌ن كه ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی موصل ده‌كرێت.
من ڕووی ده‌مم له تاونبارانی جه‌نگ و میدیای نۆكه‌ری دنیا نییه ، من ڕووی ده‌مم له خه‌ڵكی ئازادیجواز و چه‌پ و كۆمۆ‌نیستی دنیایه بۆ ئه‌وه‌نده پاسافیست و بێده‌نگن ، بۆ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م ترژیداییه‌دا بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن و چاوه‌ڕوانی ده‌ستی سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌ته‌كانیانن كه شه‌ڕی تیرورستانیان بۆ بكه‌ن كۆتایی پێبهێنن ، وه له‌و نێوه‌شدا فرسه‌تی بۆ هاتنه مه‌یدانی ئه‌وان بێته پێشه‌وه. چ هه‌ڵوێستێكی هه‌لپه‌رستانه‌و نامرۆڤانه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی ئیلهامی تاوانبارانن . ئاخر بڕیار وابووه كه كۆمۆنیسته‌كان هه‌میشه وه‌لام و بڕیاری جیاوازی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌بێت بۆ ڕووداوه گرنگه‌كانی دنیا ، ده‌بێت ئه‌لته‌رناتیڤی جیاواز وسه‌نگه‌ری مقاوه‌مه‌تی جیاواز بخاته به‌رده‌م خه‌ڵكی ئازادیخوازی دنیا . ڕه‌نگه بڵێن بزووتنه‌وه‌ی كۆمونیستی و پێشكه‌وتوخوازی دنیا و ناوچه‌كه ئه‌وه‌نده به‌هێز نییه كه به‌رانبه‌ر شه‌ڕی تیرورستان بوه‌ستێته‌وه و كۆتایی پێبهێنێت، به‌لام ئه‌گه‌ر واش بێت له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵمان بۆ ئه‌م كاره بێت، تبلیغ بۆ شه‌ڕی تیرورستان بكه‌ین و ئیراده‌ی خۆمان ڕاده‌ستی ئه‌مریكا و تیرورستی ده‌وڵه‌تی بكه‌ین، یان خه‌ڵك بێ هیوا بكه‌ین و له‌بری ڕێكخستنیان له به‌ره‌یه‌كی ئینسانی جیاوازدا ، ده‌ستیان كۆتا به‌كین وبێ ئیراده‌یان بكه‌ین . هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ڕێبوار ئه‌حمد باسی ده‌كه‌ت و ده‌نووسێت:
به‌لام له ڕه‌وانگه‌ی كۆمونیزم و به‌شه‌ریه‌تی ئازادیخواز‌وپێشكه‌وتو، به‌ڕێببوارانی سه‌رشه‌قامیشه‌وه ناچارنین له نیوان میلیتاریزمی ئه‌مریكا وفاشیزمی ئیسلامدا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرین، ئه‌ركی كۆمۆنیزم ئه‌وه‌یه وه‌ڵامێكی جیاواز وسه‌ربه‌خۆ، ئاڵای سه‌نگه‌رێكی جیاواز و پێشڕه‌وانه بدات به ده‌ست ئه‌م به‌شه‌ریه‌ته‌وه. ئه‌ركی كۆمۆنیزمه كه ڕۆڵی پێشڕه‌وانه‌ی خۆی بگێڕێ بۆ هێنانه مه‌یدانی ڕیزی سه‌ربه‌خۆی به‌شه‌ریه‌تی ئازادیخواز دژی پێشبڕكێی تیرورستی ئه‌م جه‌مسه‌ره كۆنه‌په‌رستانه.
له كۆتایدا ئه‌وه ده‌ڵێم بێده‌نگی له به‌رانبه‌ر كوشتاری خه‌ڵكی سڤیلی موصل و شه‌ڕی وێرانكارانه‌ی تیرورستاندا نه‌ك ته‌نها نادروسته به‌ڵكو تاوانه، مێژوو له‌لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌شی خۆیدا جێگای ده‌كاته‌وه، به خه‌تی تایبه‌تی شه‌رمه‌زاری بۆ هه‌لپه‌رستان و تاوانباران به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه.
رعد سه‌لیم: