موسڵییه‌كان له‌سه‌ر پێنو خۆیان ئاماده كردووه بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌یان رووبه‌رووی هه‌ر هێرشێك بووه‌وه زوو خۆیان ده‌رباز بكهنو لهئاگرهكه دوور بكه‌ونه‌وه.
چادرێكی بچووك‌و چه‌ند جانتایه‌كی پڕ‌و ئۆتۆمبێلێكی ئاماده، چاویان كردووه‌ته‌وه‌و گوێیان هه‌ڵخستووه بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی له‌ده‌وروبه‌ریان ده‌گوزه‌رێ، به‌م شێوه‌یه خێزانه موسڵییه‌كان ئاماده‌سازی ده‌كه‌ن بۆ سیناریۆی هه‌ڵاتن ئه‌گه‌ر هێرشی ئاسمانی كرایه سه‌ر شارهكهیانو پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌ستی پێكرد، یان ئه‌گه‌ر به‌نداوی موسڵ هه‌ره‌سی هێنا.
موسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراق بووه‌ته گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی ئاڵۆز كه وشك‌و ته‌ڕی پێكه‌وه تیا ده‌سوتێ، به‌هۆی بۆردومانی ئاسمانییه‌وه رۆژ به‌رۆژ ژماره‌ی قوربانیانی شاره‌كه هه‌ڵده‌كشێت.
به‌دبه‌ختی خێزانی حاجی شیت له‌وه‌دایه كه ماڵه‌كه‌یان له‌ناوچه‌ی كۆمه‌ڵگای رۆشنبیرییه له‌باكوری شاره‌كه كه له‌ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا چه‌ند جارێك بووه‌ته ئامانجی فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان، بۆیه له‌و ناوچه‌یه‌ی خۆیان هه‌ڵاتوون، به‌ڵام زۆر دوور نه‌كه‌وتوونه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د كوڕه گه‌وره‌ی حاجی شیت به”نیقاش”ی وت “كاتێكی دیاریكراو نییه بۆ بۆردومانه‌كان، كاتێك ده‌زانی زرمه دێت‌و خه‌ڵك له‌پڕ راده‌كه‌ن، خۆم هه‌فته‌ی پێشوو ئه‌وه‌م بهسهرهاتو بێ‌ئاگا له‌ماڵه‌وه هاتمه ده‌ره‌وه كاتێك مووشه‌كێك كێشای بهگهڕهكهكهماندا”.
ئه‌حمه‌د (34 ساڵ) كه ئه‌و كاته‌ی په‌یامنێری “نیقاش” په‌یوه‌ندی پێوه كرد چوو بووه سه‌ربانی ماڵه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی باش وه‌ریبگرێت، له‌مڕووه‌وه وتی “جۆری بۆردومانه‌كان گۆڕدراوه، ئه‌مجاره باڵه‌خانه‌یه‌كی زانكۆی موسڵ كرایه ئامانج كه ته‌نها بیست مه‌تر له‌گه‌ڕه‌كێكی قه‌ره‌باڵغه‌وه دووره، بۆیه خه‌ڵكی سیڤیل زیانی زۆریان پێكهوتو شه‌ش كه‌س كوژران‌و دوو هێنده‌ش بریندار بوون”
چالاكوانانی فه‌یسبووك هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ست پێكردووه دژی به‌ئامانجگرتنی خه‌ڵكی مهدهنیو وێنه‌ی كوژراو بریندار‌و ماڵوێرانییه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه، به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌م ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی هاوپهیمانانو داعش، هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراقی‌و به‌رپرسه لۆكاڵییه‌كان به‌خه‌تابار ده‌زانن له‌وه‌ی گوێ به‌ده‌رده‌سه‌ری خه‌ڵك ناده‌ن.
بیلال سه‌عیدی چالاكوان وێنه‌ی هاوڕێیه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه بووه‌ته قوربانی بۆردومانه‌كان، بیلال كه به‌پێچه‌وانه‌ی كه‌سه‌كانی تره‌وه ئاماده بوو ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی بڵاوبكرێته‌وه، شه‌ش مانگه به‌قاچاغ له‌موسڵ هه‌ڵهاتووه‌و گه‌یشتووه‌ته ئه‌سته‌نبوڵ، ئێستا به‌ده‌نگێكی هیوابڕاوهوه ده‌ڵێت “تاكه رێنمایم بۆ خه‌ڵك ئه‌وه‌یه زوو جانتاكانیان بپێچنه‌وه‌و ئه‌و شاره چۆڵ بكه‌ن”.
ئه‌م هێرشانه بووه‌ته ده‌رفه‌ت بۆ داعش تا رقی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ئهمهریكاو هێزه عێراقییه‌كان زیادبكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌رێی ئاژانسی “ئه‌عماق”ه‌وه وێنه‌ی كوژراو‌و بریندارانی بۆردومانه‌كانی بڵاوكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچی له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانییهكانو جۆری زیانه‌كانه‌وه نه‌دركاندووه.
له‌مانگی ئابی 2014 هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر داعش له‌عێراق ده‌ست پێكرد، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشه‌وه 10 گه‌ڕه‌كی پڕ له‌خه‌ڵكیان كردووه‌ته ئامانج‌و ده‌یان كه‌سی مه‌ده‌نی كوژراون، به‌پێی زانیارییه‌كانیش خوێناوی‌ترین هێرشیان له‌ناوه‌ڕاستی مانگی شوباتدا بووه بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كی یابساتی خۆرئاوای موسڵ.
سه‌عدی مه‌ناوی چالاكوانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌و هێرشه سێ خێزانی ناسیاوی له‌ناوبردووه، چونكه موشه‌كه‌كه به‌ر كۆگایه‌كی گه‌وره كه‌وتووه كه ئاواره‌ی تیایه، ئه‌و پێشبینی ده‌كات ئامانجی بۆردومانه‌كه كارگه‌یه‌كی ئه‌و نزیكانه بووبێت كه داعش ئۆتۆمبێلی تیا بۆمب رێژ ده‌كات.
سه‌عد به‌گریانه‌وه باس له‌ژماره‌ی قوربانییه‌كان دهكاتو ده‌ڵێت “به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه 21 كه‌س كوژران كه سیانزه‌یان منداڵ بوون، سه‌رجه‌میشیان له‌یه‌ك گۆڕی دوور‌و درێژدا شاردرانهوهو منداڵه ساواكان خرانه باوه‌شی دایكیان”.
له‌وه ناچێ حكومه‌تی عێراقی گوێ به‌وه بدات كه له‌ناوخۆی موسڵدا ده‌گوزه‌رێ، ته‌نانه‌ت هیچ لێدوانێكیشی له‌باره‌ی ئه‌م رووداوانه‌وه نه‌بووه، بگره حكومه‌تی لۆكاڵی پارێزگاكه‌ش هه‌ڵوێستێكی روونی به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بووه، هه‌رچی نۆفل عاكوبی پارێزگاره هیچ لێدوانێكی نه‌داوه تا ئه‌و كاته‌ی “نیقاش” په‌یوه‌ندی كرد به‌نوسینگه‌ی راگهیاندنهكهیهوهو ئه‌وانیش له‌وه‌ڵامدا وتیان “پارێزگار په‌یوه‌ندی به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه كردووه‌و پێی راگه‌یاندوون ده‌یان كه‌س له‌نێو كوژراو‌و برینداردا هه‌ن به‌هۆی هێرشه ئاسمانییه‌كانه‌وه، بۆیه داوای لێ‌كردن وردتر بن”.
تاكه سودمه‌ند له‌هه‌ڵه‌ی بۆردومانه ئاسمانییه‌كان داعشه كه به‌هۆیه‌وه كاتی زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنێ بۆ دواكه‌وتنی هێرشی زه‌مینی، بۆیه سه‌رجه‌م باره‌گاو بنكه گرنگ‌و سه‌ره‌كییه‌كانی گواستووه‌ته‌وه بۆ ناو گه‌ڕه‌كه پڕ لهخهڵكهكان.
به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌حمه‌د شیت، ئه‌و گه‌نجه درێژه‌ی به‌قسه‌كانیداو وتی “پاش بۆردومانه‌كان كه‌مێك هێور ده‌بینه‌وه‌و ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باس‌و خواسی هێرشی زه‌مینی، له‌وه ده‌پرسین بۆ كوێ بڕۆین، ئایا داعش رێی تێپه‌ڕبوونمان پێده‌دات؟ ئه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی شاره‌كه ئازاد ده‌كه‌ن چۆن لێمان ده‌ڕوانن، دوژمن یان دۆست؟”.
ترسی موسڵییه‌كان به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو ئێستا خه‌می روخانی به‌نداوی موسڵیشی هاتووه‌ته شهر، ئه‌مه ئه‌گه‌ر گه‌مارۆی هێزی هاوپهیمانانو حكومه‌تی عێراقیش له‌ولاوه بوه‌ستێت، كاتێك پرسیارمان لهدانیشتوویهكی ئه‌و شاره كرد كه ئاخۆ له چی ده‌ترسێ، وتی: بۆردومان‌و برسێتی.
خه‌ڵكی موسڵ ئێستا لهترسو دڵه‌راوكێیه‌كی زۆردا دهژینو ده‌زانن چه‌ند سیناریۆیهتی خراپ له‌پێشیانه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه ماڵی حاجی شیت بۆ هه‌ر كوێ ده‌چن جانتاكانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا دهبهنو چاوه‌ڕێن بزانن ئایندهی ئهوانو شاره‌كه‌یان چی به‌سه‌ردێت.
سەرچاوە:نیقاش