ئێستا بیرکردنەوە لە جیهانێک بەبێ فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر قورسە. هەرچەندە ئەم تۆڕانە لایەنی باشیان زۆرە، بەڵام زۆرجار ڕەخنەیان لێگیراوە.
لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەتوانیت هەواڵی هاوڕێ و خزمانی دوور و نزیکت بزانیت، جگە لەوەی کە دەتوانیت هەست و بۆچوون و ئەزموونەکانت بەش بکەیت لەگەڵیان. ئەمانە هەموویان شتانێکی باشن، بەڵام ئەگەر دەتەوێت ناوبانگ و شتە تایبەتیەکانت پارێزراوبن ئەوە دەبێت پێش کلیککردن لەسەر دوگمەی (پۆست) دوو جار بیربکەیتەوە. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو کە نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان بکەیتەوە.
١- بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی منداڵەکانتان
لەسەر ئینتەرنێت هەموو جۆرە خەڵکانێک بوونیان هەیە، تەنانەت ئەگەر پرۆفایلەکانیشتان سنووردار بکەن، وێنەکانتان دەکرێت بکەوێتە دەست کەسانێکی خراپەوە، لەبەر ئەوە تەنانەت ئەگەر ویستت وێنەی منداڵێک بڵاوکەیتەوە کە منداڵی خۆت نییە ئەوە پرس بە دایک و باوکیان بکە و مۆڵەتیان لێ وەرگرە.
٢- زانیاری کەسیت
خۆت بەدوور بگرە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە کەسیەکانت، وەکو ناونیشانی ماڵ و ژمارەی مۆبایل و زانیاری دارایی و شتانێکی تر، چونکە دەکرێت کەسانی “دز و قۆڵبڕ و گیرفانبڕ” سوودی لێ ببینن و کێشەت بۆ دروستکەن.
٣- زانیاری لەبارەی منداڵەکانتەوە
خۆت بەدوور بگرە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی منداڵەکانتەوە، زانیارییەکانی هاوشێوەی ئەوەی کە منداڵەکەت دەچێتە چ پارکێک بۆ یاریکردن یان لە چ قوتابخانەیەک دەخوێنێت و شتانێکی تری گرنگ. هەمیشە سەلامەتی منداڵەکانت لەپێش چاو بگرە.
٤- گفتوگۆی تایبەتیت بڵاو مەکەرەوە
گفتوگۆی تایبەتی خۆت لەگەڵ کەسانی تر بڵاو مەکەرەوە، تەنانەت ئەگەر کەسێکیش پەیامێکی بۆت نارد کە بێڕێزی تیادابوو، تۆ نابێت بە هەمان شێوەی ئەو وەڵام بدەیتەوە و ڕەفتار بنوێنیت. هەمیشە چارەسەری باشتر هەیە وەکو: پشتگوێخستنی کەسەکە یان سڕینەوەی لە لیستی هاوڕێکانت یان بلۆککردن و هەر شێوەیەکی تر.
٥ – ئەو شوێنەی بۆی دەڕۆیت
پێویست ناکات هەموو کەسێک بزانێت کە لە کوێیت یان بۆ کوێ دەچیت، لەبەر ئەوە پێویست ناکات و باشترە کە ئەمە تەنیا خۆت یان ئەو کەسانەی کە پێویست دەکات بیزانن.
جگە لەمانە ڕۆژنامە و ماڵپەڕە بەریتانی و جیهانییەکان چەند خاڵێکی تریان ئاماژە پێداوە کە بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باش نین، وەکو بڵاوکردنەوەی ئای-دی زانکۆت و سکاڵاکردن لە کارەکەت و زانیاری پلانەکانی گەشتکردنت و مۆڵەتی شۆفێریت و پاسپۆرتەکەت و چەندین زانیاری تر.