دەمرێ بەڵام بە شێنەیی
ئەوی نە سەفەرێ بکا،
نە کتێب بخوێنێتەوە،
نە گوێ بۆ مۆسیک ڕادێرێ،
نە بزانێ
شتی نوێ بدۆزێتەوە.
دەمرێ بەڵام بە شێنەیی
ئەوی شکۆی شکێنرابێ،
ئەوی هەرگیز
یارمەتی کەسی نەدابێ.
دەمرێ بەڵام بە شێنەیی
ئەوی کۆیلەی نەریتێ بێ،
ئەوی هەموو ڕۆژێ هەمان
ڕێگە ببڕێ،
ئەوی هەرگیز
نە مامۆستاکەی گۆڕیبێ
نە ڕەنگی جل،
ئەوی هەرگیز
غەریبێکی نەناسیبێ.
دەمرێ بەڵام بە شێنەیی
ئەوی ڕێگە
لە هەڵچوونی سۆزی بگرێ،
ئاخر ئەوە تەنیا نیشاندانی سۆزە
لێ ناگەڕێ
ئەوین بمرێ.
دەمرێ بەڵام بە شێنەیی
ئەوی خەمی لێ دەچۆڕێ
کەچی شوێنی خۆی ناگۆڕێ،
ئەوی بۆ بەدیهێنانی
خەونەکانی
بەرەو ڕووی مەترسی ناچێ،
ئەوی لە عومریدا جارێ
لە مۆچیاری یاخی نابێ.
ئێستا بژی!
ئەمڕۆ سەرکێشیی بنوێنە!
خێرا دەستپێشخەری بکە!
ڕێ خۆش مەکە
بۆ مردنی بە شێنەیی
خۆت لە شادی مەتۆرێنە!
*
شیعری: پابلۆ نێروودا
(١٩٠٤ – ١٩٧٣)
و. حەمەسەعید حەسەن