نەوال سەعداوی:
رەنگە هەندێك كەس تووشی سەرسوڕمان ببن كاتێ مەسەلەی ژن و فەلسەفە پێكەوە دەبەستینەوە. ئەگەر باس لە پێوەندی نێوان مەتبەخ و ژن، یان خوانی ئەمڕۆ و ژن بكەین، ئەوا بەلایانەوە ئاساییە و لەگەڵ سرووشتی مێیینەدا یەكدەگرێتەوە، یان دەڵێن ئەوە شتێكی رەمەكی و خۆڕسكییە كە ئەویش یاسای خواوەندە، یان گوایا یاسای سرووشت یاخود بایۆلۆژییە.
وەلی مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، فەلسەفە لە شارستانییەتە دێرینەكانەوە، لە ژنەوە دەستی پێكردووە، جا ئەگەر لە میسر، یۆنان، ئێراق، فەلەستین، هیند یان چین، یا لە هەر گۆشەیەك لە ئەفریكاو ئاسیاو ئەوروپا بووبێت.
لەم ساڵانەی دواییدا، مرۆڤایەتی جەختی لە سەر ئەو راستییە كردووەتەوە، فیكر، فەلسەفە، زمان، ئایین و زانست، هەموویان ژنان پەیان پێبردوون، نەك لە بەر ئەوەی ژن زیرەكترە، یان ئەوەی رەگەزی مێینە باڵاترە (وەكو ئەوەی هەندێ لە ژنان بانگەشەی بۆدەكەن)، بەڵكو لەبەر ئەوە بووە كە پیاوە سەرەتاییەكان سەرقاڵی راوكردن و كوشتنی ئاژەڵان بوونە لە بیابان و دارستانەكاندا، ئالەو كاتانەشدا، ژن بیری لە دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەی ژیان كردووەتەوە، وەكو چاندن و كشتوكاڵ و كەرەستەی چێشت لێنان. كەواتە ژن بیری لە تەكنەلۆژیای ژیان و تەندروستی و گەشەكردن كردووەتەوە، كەچی پیاوان سەرقاڵی تەكنەلۆژیای كوشتن و وێرانكردن بوونە. دیارە، هۆرمۆن یان یاسای بایۆلۆژی لەم دابەشكردنی كارانەدا، لە نێوان نێر و مێدا دەستی نییە، بەو شێوەیەی هەندێك لە زانستكاران و فەیلەسوفانی چاخی كۆیلایەتی بۆی دەچوون.
ژنە میسرییە دێرینەكان لە حەوزەی رووباری نیلدا، بە دایكی شارستانیەتی كشتوكاڵی هەژمار دەكرێن و لە مێژوودا ئاماژە بۆ ناو و ناوبانگیان كراوە، لەوانە” خواوەندی ئاسمان نوت، خواوەندی حیكمەت ئیزیس، خواوەندی داد مەعات و خواوەندی پزیشكی سوخمەت”. لە یۆنانی كۆنیشدا، ژنێك هەبوو بە ناوی سۆفیا كە بە دایكی فەلسەفە دادەنرێت و هەر لەبەر ئەو هۆیەش بووە كە زانستی فەلسەفە ئەو ناوەی لێنرا (فیلۆسۆفی)، واتە (خۆشەویستی سۆفی) ئەوەش وایكرد سۆفیا ببێت بە دایەگەورەی فەلسەفەی یۆنانی.
كەواتە بۆچی هەندێك كەس سەرسام دەبن، لەوەی لە سەدەی داهاتوودا كاتێ فەلسەفە و ژن پێكەوە ببەسترێنەوە؟ لەڕاستیدا، سەدەی نۆزدەیەم بە سەدەی كۆڵۆنیالی دادەنرێت، بەڵام سەدەی بیستەم بە سەدەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلان و لە ناویشیاندا بزووتنەوەكانی ژنان لە چەندین وڵاتی جیهان بە وڵاتە عەرەبییەكانیشەوە، بەشدارییان لە بەرپەرچدانەوەی هێزی كۆڵۆنیالیزم كردووە.
هەندێ پێیانوایە، بیرۆكەی “ئازادیی ژن” بیرۆكەیەكی رۆژئاواییە و لە رۆژئاواوە سەری هەڵداوە، بە حوكمی لاساییكردنەوە و داگیركاریی شارستانییەوە گەیشتووەتە لای ئێمە. لە كاتێكدا بیرۆكەی “ئازادیی ژن” لە میسرییە دێرینەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەویش كاتێ بوو كە ژنان شان بە شانی كۆیلەكان بەشدارییان لە بەگژداچوونەوەی ستەمی فیرعەونییەكان و داگیركەرە بیانییەكاندا دەكرد. ژنی میسری كۆتوبەندی حیجاب و چواردیواری ماڵ و مەتبەخ نەبوون، بەڵكە چەندین ژنی بیرمەند و فەیلەسوف و زانای بوارەكانی پزیشكی و ئەندازیاریو یاساو كۆمەڵزانیو سیاسەتو ئابووریدا بوونیان هەبووە. ژنە میسرییەكان پێش دەستە خوشكەكانیان لە یۆنان و وڵاتانی دیكە كەوتن، لە بەدەستهێنانی ئازادیدا، ئەگەرچی مێژوو بزووتنەوەی ژنانو چالاكییەكانی فەرامۆش كردووە، هەروەكو چۆن مێژووی كۆڵۆنیالیزمی نوێ، بزووتنەوەی گەلان و چالاكییەكانی پشتگوێ خستووە.
لە سەدەی داهاتووداو لەگەڵ زیادبوونی هۆشیاری لە ناو ژنانی جیهاندا، ئەو جۆرە هەوڵانە بەردەوام نابن كە دەیانەوێت راستییەكان بشێوێنن. دیارە ئەوەیش بە سوود وەرگرتن لە وانەكانی سەدەی بیستەم و پێشكەوتنی فیكر و فەلسەفەی پێوەندیی نێوان ژن و پیاو دەبێت.
لەم ساڵانەی دوایی سەدەی بیستەمدا، بە رێژەیەكی بەرچاو ژنان بەشدارییان لە دانانی فەلسەفەیەكی نوێدا كردووە كە زیاتر مرۆییانە و دادپەروەرانەترە، لە دیدگەی روانین بە مەسەلەكانی ژن و كۆمەڵگە و سیاسەت و ئایین و زانست و…هتد.
بە نموونە، لە ئەنجامی بەشداریكردنی ژنان لە لێكۆڵینەوە زانستییەكان لە بواری پزیشكیدا، توانرا چەندین بیرۆكەی هەڵە سەبارەت بە ژن راست بكرێنەوە. جاران بیرۆكەیەك هەبوو دەرخواردی فێرخوازانی كوڕو كچ دەكران، لەوانە، گوایا كرداری پیتاندن تەنێ بە هۆی جووڵەی سپێرمەوە دەبێتو هێلكە بێ جووڵەیە و سپێرمەكان بەرەو هێلكەكە دەجووڵێن، ئیدی ئەو بیرۆكە هەڵەیە، سەبارەت بە وەستاویی هێلكەی ژن یان خراپییەكانی لە ناو زانستە پزیشكیو فەلسەفییەكان و بایۆلۆژییەكاندا شوێنی خۆی كردبووەوە. “ئەریستۆ” لە بۆچوونە فەلسەفییەكانیدا دەیگوت: “هێلكەی ژن بوونەوەرێكی وەستاو و مردووە یان دەفرێكی خاڵییە لە ژیان، تا ئەو كاتەی لەلایەن سپێرمی پیاوەوە ژیانی بەبەردا دەكرێت”. فرۆیدیش لە سەر ئەو مەسەلەیە بۆچوونە دەروونییەكای خۆی داڕشت، سەبارەت بە “نێگەتیڤیی ژن و پۆزێتیڤیی پیاو”. بەڵام بە هۆی ئەو لێكۆڵینەوە زانستییە نوێیانەی ژنان لە جیهاندا و هەندێك لە پیاوانیش ئەنجامیان دا، دەركەوت هێلكەی ژنیش د وەكو سپێرمی پیاو جووڵێ، ناكرێ كرداری پیتاندن بێ جووڵەی هێلكە رووبدات. ئا بەوجۆرەی تێگەیشتنی زانستییەكان گۆڕان، تا لە ئەنجامدا دەركەوت، كرداری پیتاندن بەندە بە جووڵەی هێلكە و سپێرم پێكەوە، هەر یەكەیان بەرەو ئەوی دی لەجووڵەدایە تاوەكو كۆرپەلە دروست ببێت.
سەرچاوە: كتێبی قضایا المرأە و الفكر و السیاسە
* مەبەستی نووسەر لە سەدەی داهاتوو، سەدەی بیست و یەكەمە، چونكە ئەم بابەتە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا نووسراوە، “وەرگێڕ”.