چاپتەری یەکەم :
مەبەستی تۆ لە سۆسیالیزم چیە؟
بیرۆکەی زۆرینەی خەڵک دەربارەی چیبوونی سۆسیالیزم، زۆردارێتی ستالینیزم لە رووسیا و ئەزموونە کرێکاری یان حکومەتە چەپەکانی بەسەردا زاڵە. هەربۆیە بەلای ئەوانەوە سۆسیالیزم یان ئەوەتا بریتیە لە کۆنتڕۆلکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی لە لایەن حکومەتێکی بیۆرۆکراتیک و سەرکوتکەرەوە، یان بارێکی هەنووکەی سەپێندراوە و بەچەند چاکسازیەک رازێندراوەتەوە، یاخود لانی کەم خۆتێهەڵقورداندنی دەوڵەتە لە کاروبارەکاندا.
بۆ روبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو جێگاگرەوانەدا مایەی سەرنجڕاکێشانە کە بە قووڵی و وردی بکەوینە سەر ئەوەی چلۆن ژیان لە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی راستەقینەدا رێکدەخرێت. لە راستیدا مارکسیستەکان ، بەدەستپێکردن لە خودی مارکسەوە… خۆیان دوورپارێزگرتووە لە وەسفی پێغەمبەرانی جیهانێک کە لە داهاتوودا بەدی دێت. ئەگەر کۆمەڵگەی داهاتوو سۆسیالیستی راستەقینە بێت، ئەوا ئەو کرێکارانەی بنیادی دەنێن ئەوانن کە وردەکاری چوارچێوەکەی دادەڕێژن.
بەهۆی ئەوەشەوە مارکسیستەکان تەنها خۆیان بۆ ئەوە تەرخانکردووە هەندێک بنەمای گشتی کە لە رووی زانستیەوە دەگونجێت رێڕەو و هێزەکانی کار لە سایەی سەرمایەداریدا دیاریبکەن. ئەم بنەمایانە زۆر ئاشکرا بۆچوونی مارکسیزم دەربارەی سۆسیالیزم لە گەندەڵیەکانی ستالین خواز و چاکسازیخوازان جیادەکاتەوە.
بۆ مارکسیستەکان ریشەییترین ئامانجی سۆسیالیزم بریتیە لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە چینایەتی.ئەمە کردارێکی تاقانە نیە، بەڵکو پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی دوور ودرێژە و لەسایەی سەرمایەداریدا دەست پێدەکات. پنتی سەرهەڵدانی لە ملپێدانی سەرمایەداریەوە بۆ گەشەپێدانی هێزەکانی بەرهەمهێنان (واتا، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنەربوونی کارو چڕکردنەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان لە یەکەی فراواندا) .
سەرمایەداری گۆڕلێدەرەکەی خۆی بەرهەم دەهێنێت، چینی کرێکار، کە لەگەڵ گەشەکردنی سەرمایەدا گەشە دەکات.
بەڵام تۆ توانای ئەوەت نیە سروشتی مرۆڤ بگۆڕیت.
کەواتە هەرە باوترین تانە لە پرسی سۆسیالیزم چیە؟
(سۆسیالیزم خەونێکی بەتاڵە، تۆ ناتوانیت سروشتی مرۆڤ بگۆڕیت..)
بەرلەوەی راستەوخۆ وەڵام بەم پرسیارە بدەینەوە، پێویست ناکات دووبارە بیڵێینەوە ئەو توانج تێگرتنە چەندە سواو و هەمەبارەیە. هەرچ کاتێک پارێزەرانی رژێم رووبەڕووی ناڕەزایەتی دژی چەوسانەوە و سەرکوتکردن ببنەوە، هەمیشە پەنادەبەنە باسکردن لە سروشتی مرۆڤ… جەنگ؟ ئەوەبەشێکە لە سروشتی مرۆڤ کە شەڕخوازە، رەگەزپەرستی؟
ئەوەش سروشتی مرۆڤە کە لە “غەریبان” دەترسێت و هەروەها ئەو کەسانەی کە بە ئەو ناچن. چەوساندنەوەی مێینە؟دیسانەوە سروشتی مرۆڤ خۆیەتی، نێرینە و مێینە بە سروشتی لەیەک جودان.
هەروەها کۆیلداریش، کە پێشتر وەکو بەرهەمێکی سروشتی مرۆڤ لێکدەدرایەوە. سروشتی مرۆڤە رەشپێستەکان بوو.
وایان بۆ بڕاوەتەوە کە دەبێت کۆیلەبن، هەمان شتیش دەربارەی دەرەبەگایەتی، بەڵام لەم عاقارەدا خوداش پەستێندراوەتە نێو بابەتەکانەوە. وشەکانی ئەم نوێژە لەیاد مەکە:
پیاوە دەوڵەمەندەکە لە قەڵاکەیدا و
پیاوە هەژارەکەش لەبەر دەرگایدا
خودا ئەوانی بەرز و نزم راگرتووە و
بڕیاری لەسەر سامانەکانی داوە.
ئەوە خودایە سروشتی بەخشیوە بە هەندێک کەس ببن بە ئاغا و خەڵکانی دیکەش بە رەنجدەر. “سروشتی مرۆیی” کە بەخششێکی یەزدانیە هەمیشە بیانوویەکی دڵخوازانەی زۆرداران بووە.
بەڵام ئەو سروشتە مرۆییەی کە هەرگیز گۆڕانکاری بەسەردا نایەت دەبێت چی بێت؟ بەرۆشنی مرۆڤەکان کەم تا زۆرهەندێک پێویستیی جێگیریان هەیە. بۆ ئەوەی زیندوو بمێننەوە هەموویان پێویستیان بە هەوا، خواردن،
خواردنەوە و سەرپەنا… هتد. هەیە. هەروەها پێویستی سێکسی و سۆزداریان هەیە. بۆ ئەوەی نەک هەر هەبن بەڵکو مرۆیانە بژین پێویستیان بە پەیوەندیگرتنی کۆمەڵایەتی ، سۆز و خۆشەویستی و رادەیەک لە ئازادی هەیە. هیچ یەکێک لەو سروشتانەی مرۆڤ کەمترین کێشە ناخاتە بەردەم سۆسیالیزم. بەڵکو بە پێچەوانەوە، سۆسیالیزم زۆر زیاتر لە سەرمایەداری و هەموو ئەو رژێمە کۆمەڵگەییانەی پێشتر لەگەڵ ئەو پێویستیە مرۆییانەدا دێتەوە.
بەڵام بەبێگومان کاتێک خەڵکی پرسی سروشتی مرۆییانە دەخەنە روو مەبەستیان لەو شتە دیاریکراوانە نیە، بەڵکو مەبەستی ئەوان بریتیە لەوەی کە مرۆڤ هەر بە ‘سروشتی خۆی” خۆپەرست و چاوچنۆکە و ئەوەش وا دەکات باسکردن لە کۆمەڵگەی هاوپشتی و یەکسانی کارێکی ئەستەم بێت.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی : بژار سەردار